هەژاريی چۆن گوێڕایەڵی دروستدەکات؟

3 کاتژمێر پێش ئێستا

بەختیار ئەحمەد ساڵح

هەژاری تەنها کەمی داهات نییە؛ حاڵەتێکی شەکەتکردنى دەروونی درێژخایەنە. کاتێک عەقڵ ڕۆژانە سەرقاڵی پرسیارەکانی مانەوە بێت- خۆراک، کرێ، قەرز و داهاتوویەکی نادیار- توانای بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و پلاندانان و پرسیاری گەورە کەم دەبێتەوە. هەژاری پێش ئەوەی نەبوونى پارە بێت، نەهێشتنى تواناى سەرنجدانى مرۆڤە.

توێژینەوە دەروونناسییەکان دەریدەخەن کە ژیان لە هەژاری یان نەبوونى دڵنیایی ئابووریدا، دەروون دەخاتە حاڵەتێکی نائاسایی بەردەوامەوە. لەم حاڵەتەدا عەقڵ بەدوای چارەسەری خێرا و دڵنیایی دەستبەجێدا دەگەڕێت، تەنانەت ئەگەر درۆش بێت، چونکە ناڕوونی دەبێتە بارگرانییەکی دەروونی بەرگە نەگیراو. لێرەدا ڕاستی براوە نییە، بەڵکو سادەترین گوتار براوەیە.

لە کۆمەڵگا پڕ لە کێشە ئابوورییەکاندا، شیکارییە ئاڵۆزەکان جێگەی خۆیان بە گێڕانەوە سادە و ئامادەکراوەکان دەدەن: دوژمنێکی ڕوون، یەک هۆکار، یان هێزێکی یەکلاکەرەوە کە بەڵێنی ڕزگاربوون دەدات. ئەمەش لەبەر ئەوە نییە کە مرۆڤەکان بێهەڵوێستن، بەڵکو لەبەر ئەوەیە کە عەقڵی ماندوو زیاتر شیکردنەوەیەکى سادە و ڕوونی پێ باشترە تا ئاڵۆز.

هەژاری پەیوەندی لەگەڵ دەسەڵاتدا دادەڕێژێتەوە. کاتێک داهاتوو دەبێتە شتێکی پێشبینینەکراو، تاکەکان مەیلیان بەلاى بڕیارداندا نییە و تێچووە دەروونییەکەی لە ئەستۆ ناگرن. لەم ساتەدا ئازادی دەگۆڕدرێتەوە بە هەستکردن بە ئاسایش و دەسەڵاتی ستەمکار وەک پەناگەیەک سەیر دەکرێت نەک وەک هەڕەشە.

لەوەش مەترسیدارتر فشاری ئابووری درێژخایەن هەستیاری ئەخلاقی بەرامبەر ئەوانى تر لاوازتر دەکات. عەقڵێک کە سەرقاڵی مانەوە بێت، بێتوانا دەبێت لە هەستکردن بە ئازارى ئەوانى تر و پرسە گشتیەکان. بەم شێوەیە ناڕەزایەتی کەم دەبێتەوە، هاوسۆزی لاواز دەبێت و خۆگونجاندن جێگەی بەرگرى و ڕووبەڕووبوونەوەى دەگرێتەوە.

هەژاری مرۆڤی خراپ دروست ناکات؛ عەقڵی ماندوو و شەکەت دروست دەکات. زۆرجار گوێڕایەڵی شکستێکی ئەخلاقی نییە، بەڵکو دەرئەنجامێکی سروشتیی فشاری درێژخایەنە. هەر کەسێک ئارەزووی کۆمەڵگایەکی ئازاد بکات، دەبێ لەوە تێبگات کە دادپەروەری ئابووری تەنیا داواکارییەکی کۆمەڵایەتی نییە، بەڵکو مەرجی پێشوەختەیە بۆ ئاگایی سیاسی و هۆشیاری ڕەخنەگرانە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە