بەغدا و تۆخکردنەوەی رەنگی لێکترازان

4 کاتژمێر پێش ئێستا

سۆزان حەمەتاتە

لە بەغدا، دیسانەوە کورد رەنگی لێکترازانی نێوان هێزە سیاسییەکانی تۆخترکردەوە و بەو پیێەیش بێت کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر کۆی پرۆسەی بەشداریکردنی کورد و پێگەکەی لەسەر ئاستی عێراق دەبێت و هێندەی دیکەیش متمانەی نێوان لایەنەکان کاڵتر دەبێتەوە.

ئەم سەروەختە، سەروەختی دەستکردن بە هەوڵەکان بۆ پێكهێنانی حکومەتی نوێی عێراق بۆ هەموو هێزە سیاسییەکان گرنگە، لەنێویشیاندا بۆ کورد و دۆزەکەی زیاتر گرنگە و دەبێتە دەرفەتیک بۆ هەڵسانەوەی یان بۆ زیاتر کەمکردنەوەی رۆڵ و پێگەکەی، ئەوە وادەکات بەرپرسیارێتیی هێزە سیاسییەکان قورستربکات و بیانخاتە بەردەم تاقیکردنەوەی سیاسی و مێژووییەوە.

دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بووە دەرخەری هەموو ئەو ناکۆکی و کێشانەی لەنێوان هێزە سیاسییەکانی کوردستاندا هەیە، هەروەها ئەوەیشی دەرخست کە کۆی هێزە سیاسییەکان بەرژەوەندیی تایبەتی خۆیان دەخەنە سەرووی بەرژەوەندیی گشتییەوە، خۆیان لەپێش خەڵکەوە دادەنێن، رووداوەکەی دوێنێی پەرلەمانی عێراق ئەو راستییانەی دەرخست و ئیتر هیچ کەس و لایەنێک ناتوانێ نکۆڵی لەو راستییە بکات.

ئەزموونی سیاسیی هەرێمی کوردستان، سەرەڕای ئەوەی لە دوای راپەڕینەوە بووەتە خاوەن دامەزراوەی دەوڵەتیش و چەندین هەڵبژاردنی تێدا کراوە و باس لە دیموکراسی و ئازادی و دەستاودەستکردنی دەسەڵات دەکرێت، کەچی دەرکەوت ئەوە هەر بانگەشەیە و لەئاستی کرداردا هیچ جۆرە بەرەوپێشچوونێک لە بیرکردنەوە و ستراتیژیاندا نییە.

لێکترازان لەسەر هەڵبژاردنی پۆستی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق مەترسییەکەی گەورەیە، چونکە هێشتا سەرەتای پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتی عێراق و جگە لە پۆستی سەرۆک کۆمار چەندین پۆست و کاری دیکە ماون کەوا بۆ کورد و کوردستان گرنگن، بێ رێککەوتن لەسەریشیان ئەستەمە بتوانرێت بەشداریی کورد بە پێگە و شوێن و رێگەیەک بێت سوود و دەستکەوتی زۆری هەبێت.

لەگەڵ تۆخبوونەوەی ناکۆکییە ناوخۆییەکان، دەرفەتی ئەوە دەڕەخسێت هێزە سیاسییە نەیارەکانی هەرێمی کوردستان رۆڵی شەڕەنگێزانە دەبینن، روونە کورد چەند ناکۆک بێت هێندە زیاتر کاریگەریی نەرێنی لەسەر ماف و پێگەکەی دەبێت، لەکاتێکدا سەرکردایەتی سیاسیی هەرێمی کوردستان ئەو مەترسییانە دەبینن، کەچی ناسازێن و لەسەر رکابەریکردنی تووندی نێوانیان بەردەوامن و کاتیش لە سوودیان نییە. ئەم دەرفەتە نەقۆزرێتەوە، ئەوا تا چوار ساڵی داهاتوو کورد پێگەلاواز و بێکاریگەریی دەمێنێتەوە و ئۆباڵەکەیشی لە ئەستۆی سەرکردایەتیی هێزە کوردستانییەکانە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی