خۆپیشاندان و
نارەزاییەکانی ئێران پێیان نایە ڕۆژی پێنجەمەوە نزیکەی سی شار و شارۆچکەی
گرتۆتەوە. هاوکاتیش جێندرمە و پاسدار بە شێوەیەکی دڕندانە ڕووبەروویان بوونەتەوە
سەرکوتکردن و کوشتن و گرتن و ڕفاندنیان
بەردەوامە.
تا ئێستا ئامارێکی ورد نییە و کەس نازانێت چەندێك
کوژراون یاخود بریندارن و گیراون یا
ڕفێنراون. بەڵام ئەوەی ئاشکرایە خەڵکەکە
سنوری خۆپیشاندان و ناڕەزاییان شکاندووە
بووەتە ڕاپەڕین. هەر ئاواش سنوری داخوازییە
ڕۆژانەییەکانیان سەبارەت بە بەرزبوونەوەی تێچوی پێداویستییەکانی ژیانیان ،
بە هاتنەخوارەوەی نرخیان بەرەو سنوری سیاسیانە هەنگاوی ناوە بۆ دروشمی "
بڕوخێ ڕژێم " " بۆ دەرەوە دیکتاتۆر " " ژن ژیان ئازادی " و زۆری دیکەی گرتووە
بەخۆوە.
لەو لاشەوە سەرۆك کۆمار ، پزیشکانی، هەوڵ دەدات بە
شێوەیەکی هێمنانە کپیان بکاتەوە ، گوایە "گوێبیستی داخوازییەکانیانە ،
گرفتەکانیان حەل دەکات دەیەوێت نوێنەرەکانیان ببینێت و قسەیان لەگەڵدا بکات"
. بەڵام وەکو فەرهاد ناوێك کە خوێندکاری
زانکۆیە وتی " مەگەر کەسێك ساویلکە بێت باوەڕی بەوان هەبێت ، ئەوان گەر
دەیانەوێت گوێمان لێبگرن ، بۆچی ئەمان کوژن لەسەر شەقامەکان ، بۆچی بەندییەکان
ئازاد ناکەن ، بۆچی ژیانی خەڵکی ناگۆڕن ... دەمانەوێت لەبەرچاومان گوم بن .."
خوێندنەوە و شیکارێکی زۆر دەکرێت بۆ بارودۆخەکە کە زۆرێک
لەوانە گەشبین نین تا ئەو ڕادەیەی کە دەڵێن ڕەنگە ئەنجامەکەی خراپتر بێت.
پاساویشیان بۆ قسەکانیان نموونەکانن کە لەم ساڵانەی پێشتر و ئێستادا بینراون و
دەبینرێن وەکو عێراق ، میسر ، لیبیا ، سوریا ... یا هەندێك لە چەپەکان و
مارکسییەکان پاساویان ئەوەیە" گۆڕینی
حوکمێك بە حوکمێکی دیکە ژیانی کرێکاران و خەڵکانی زەحمەتکێش چارەسەر ناکات و باری
گرانی خۆیان لەسەر شانی خۆیان دەمێنێتەوە" .
بێ گومان ڕاپەڕینەکان هەر وەکو چۆن دیاریکردنی
ڕوودانەکەی پێشبینی ناکرێت هەر ئاواش ئەنجامەکانیان گەر بمانەوێت بە بەرنامە
و ویست و ئامانجی ئێمە بێت ئەوەش ڕوونادات . ئەوەی ڕوونە ڕەوڕەوەی مێژوو بەکەس
ناوەستێنرێت و گۆڕنکارییەکان ڕێچکەی خۆیان زۆربەی جار بێ ویست و ئارەزوی ئێمە
دەگرن.
گەر ڕاپەڕینی ئێران سەربکەوێت بە بۆچوونی من گۆڕانکاری گەورە نەك
هەر لە ئێراندا روودەدات بەڵکو ڕەنگە لە ناوچەکەشدا ڕووبدات.
یەك: دەبێتە هۆی گەڕانەوەی ئیرادە و متمانەی خەڵکی بۆ خودی
خۆی کە کاتێك دەتوانن کە ڕژێمێك کە 47
ساڵە لەسە حوکمە و هەموو جومگەکانی ژیانی خەڵکی لە هەموو بوارەکاندا کۆنتۆرڵ
کردووە بگۆڕن، بێ گومان دەتوانن دەسەڵاتدارانی ئایندەش ئاسانتر بگۆڕن . خەڵکی لە ئێراندا دەبنە خاوەن ئەزموونێکی گەورەتر
کە دەکرێت لە هەموو جیهاندا بە تایبەت ناوچەکەدا نموونەیەك بێت و بەرچاو بگیرێت.
دوو:
گۆڕانکاری لە ئێراندا بناخەی گۆڕانکاری لە عێراقدا دادەنێت چونکە وەکو زانراوە لە
عێراقدا ئێران حوکم دەکات و کۆنترۆڵی هەموو شتێکی کردوە و پارەیەکی زۆری عێراقی بۆ
ئێران و موالییەکانی سەر بە ئێران تەرخان کردوو.
سێ:
مەترسی هێڕشی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران چی تر نامێنێت ئەگەر وەختیش بێت ،
بەمەش نەك هەر زەرەری گیانی و ڕۆحی لە هیچ لایەک بەم شەڕە نادرێت، بەڵكو بۆ
ماوەیەكیش ئاسایش بۆ ناوچەکە دەگەڕێتەوە کە لە روودانی هەر شەڕێكدا لەگەڵ ئێراندا
عێراق زەرەرمەندی سەرەکی دەبێ لە هەموو رویەکەوە، لە پلەی دووهەمیشدا وڵاتانی دەرو
دراوسێ.
چوار:
ئەو جەمسەر گەورەیەی شیعەو سوونە کە بەرانبەر بەیەک لە حوکمدا وەستاون یەك لە ترسی ئەوی تریان خۆی
زیاتر پڕ چەک دەکات و برەو بە کۆمپانیای چەك و تەقەمەنی وڵاتانی پێشكەوتوی
پەیشەسازی دەدەن، جەمسەرێکیان گەر بۆ کاتیش بێت لە حوکمدا نامێنێت . ئەمە جگە لە دروستکردنی گروپ و ڕێکخراوی
چەکدارانە لە وڵاتانی دیکەدا لە بەرانبەر بەیەك کە شەڕی بەوەکالەت دەکەن. بە گۆڕانی ڕژێم لە ئێراندا تا ڕادەیەك ئەو
کرژییە گەر بە کاتیش بێت نامێنێت و خاو دەبێتەوە.
پێنج: هاوکاری
لۆجیستکی و ئایدۆلۆجی و سەربازی و دارایی
حیزبەکانی پاشکۆی دەسەڵاتدارنی ئێران
نامێنێت و بەمەش حیزبەکان لاواز دەبن .
شەش:
لاوازبوون و کەنارکەوتنی حیزبە نەتەوەییەکان و حیزبە دەسەڵاتخوازەکانی دیکەی ئێران
، کە ئەمەش خاڵێکی زۆر ئیجابییە .
حەوت: ئەزموونی 47 ساڵەی ئێرانییەکان لەگەڵ ئەم ڕژێمەدا ،
گریمانی کەمتر هەیە تاکو رژێمێکی دیکەی دینی دوای ئەمان دروستببێت ، لەو بارەشدا
بارودۆخی ژنان لە ئێراندا لە زۆر ڕووەوە تا ڕادەیەکی زۆر بەرەو باشی دەگۆڕێت .
هەشت : ئەوە ئاشکرایە هەمیشە خۆپیشاندان و ڕاپەڕینەکان لەسەر داخوازی ژیان و
بەرزبوونەوەی نرخ و نەبوونی ئازادی ڕوودەدەن نەك بۆ ئامانجێکی دوورتری ئەوەی کە
چەپ و مارکسییەکان دەیانەوێت کە دروستبوونی حکومەتی کرێکاری و دیکتاتۆرییەتی
پڕۆلیتاریە. دەبێت ئەوە تێبگەین کە خەڵکی
دەستەبەرکردنی نان و پیداویستییە سەرەکییەکانی ژیانی دەخاتە پێش سەراپای دروشمی
بریقەداری حیزب و ڕێکخراوە دەسەڵاتخوازەکانەوە. ناکرێت خەڵکی بە سکی برسییەوە ، بێ عیلاج و توانای ناردنی منداڵیان بۆ قوتابخانە
چاوەڕوانی حکومەتێکی باشتر ، کرێکاری، یاخود دیکتاتۆرییەتی پڕۆلیاتاری بکەن کە کەی
ئەوان گەیشتنە دەسەڵات ئەو کاتە هەموو شتێكیان بۆ بەدەست دەهێنن.
بێ گومان ئەوانەی سەرەوە خاڵی سەرەکی پۆزەتیڤن لە گۆڕینی
ڕژێمی مەلاکان و ئاخوندەکان لە ئێراندا خاڵی زۆری دیکەش هەن کە پێویست ناکات باسیان بکرێت.
هاوکاتیش دەکرێت کە ڕاپەڕینەکە خامۆش بکرێت چ لە ڕێگای
کۆنترۆڵی حیزبەکانەوە کە گریمانێکی لاوازە ، یان لە لایەن وتووێژی دەسەڵاتدارانەوە
لەگەڵ چەند کەسێک لە خۆپیشاندەران بە ناوی نوێنەرانی خۆپشیاندەرەکان کە لە دەرەوەی
کۆبونەوەی جەماوەری و دیمۆکراتی راستەوخۆ وەکو نێردەیەك هەڵدەبژێرێن. مەترسییەکی
دیکەی گەورەش هەیە کە دەستوەردان و کردنی پاگەندەی گەورە و بڵاوکردنەوەی ڤیدۆ و
ڕاگەیاندن لە لایەن ئەمەریکا و سەرانی ئەوروپا و ڕوسیا و ئیسرائیلەوە ، کە کارایی
ئەمە زۆر بە خراپ لەسەر خۆپیشاندەران دەشكێتەوە ، بە باشی و بەسوودیش بۆ حوکمرانانی
ئێران دەگەڕێتەوە.
بەڕای من و ڕەنگە زۆری دیکەش، سەرکەوتنی ئەم ڕاپەڕینە
زۆر پۆزەتیڤانەیە. لە کاتێکدا کە خەڵکی لە ئێراندا وەکو پێشتر وتوومە زۆر هۆشیارن
و خاوەنی ئەزموونی زۆر گەورەن چۆن لە بەناو شۆڕشی 1978 و 1979 دا کرێکاران و خەڵکی
خۆیان توانییان خۆیان ڕێکبخەن ، ئێستا باشتر دەتوانن و بە ئەزموونێکی زیاتری ناو
خودی ئێران و ناوچەکە و جیهانیشەوە خۆیان لە ڕێگەی ئەنجومەنە ئاسۆییە
ناهیراشییەکانی شوێنەکانی سەر کار و زانکۆکان و شەقامەکان و گەڕەکەکان لە ڕێگەی دیمۆکراتی ڕاستەوخۆوە بڕیارە
گرنگ و زەروورییەکانیان بدەن و دەستەجەمعیانە بۆ جێ بەجێکردنی کار بکەن و بۆ
ژیانیان کاری هەرەوەزییانە ڕێکبخەن .
کردنی ئەمانە زەروورییە و ژیانیش لە کردنیاندا خەڵکی فێر
دەکات کە دەکرێت کۆمۆنێتی سۆشیالیستی / ئەنارکستی بچوك و گەورە دروست بێت و ببنە
نموونەیەك بۆ شوێن و ناوچەکانی دیکەش .
دەی با بە هیوابین کە خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران بتوانن ئەو
هەنگاوانە بنێن .
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی