حزبەکانی باشور بە تایبەتی و پارچەکانی دیکەش بە گشتی هەمیشە ئەیانەوێ وامان لێ بگەیێنن کە ئێمەی حزب یاخود منی سەرۆک، واتا کوردستان و نشتیمان و نەتەوەی کورد. بێ ئاگا لەوەی کە تۆ هەرچەند بە ژمارەی چەکدار و ئەندامان و ژمارەی کورسی پارلەمانیش گەورەبی، دواجار گرووپێکی بچووکی ناو نەتەوەکەی خۆتی. چونکە جیاوازی نێوان حزب و نەتەوە ئەمەمان پێ دەڵێن.
نەتەوەی کورد واتا ئەو هاوبەشییانەی کە کوردەکان پێکەوەیان دەبەستێتەوە لە ڕێگەی کولتوری و زمان و مێژوو و دابونەریت یان ناسنامە. نەتەوەی کورد زیاتر ئەوە ئەگەیێنێت ئێمەی کورد، کێیین!
لە کاتێکدا حزبی سیاسی کۆمەلێک مرۆڤن کە له دەوری ڕێکخراوێکی سیاسی کۆبوونەتەوە، لە بەر ئەوەی خاوەن بیروڕای و ئامانجی سیاسی تایبەت بە خۆیانن و ئەخوازن کۆمەڵەگا لەو ڕێگایەوە بەڕێوەبەرن. جا لە ڕێگەی سیاسەت و هەڵبژاردنەوە یاخود کودەتا و شۆڕش دژی داگیرکەران. پارتی سیاسی زیاتر لە خەمی ئەوەدایە چۆن لە داهاتوودا یاخود لە دوای لەناوبردنی هەژموونی داگیرکەر، کۆمەڵگا بەڕێوە ببات.
بە کورتی نەتەوە ناسنامە یان هەستی سەر بە یەکتر بوونە و حزبی سیاسیش بیرۆڕای سیاسی و هەوڵی دەسەڵات بە دەست خستنە.
ئەگەر لە ڕوانگەی ئەوەی کە تا ئێرە وتراوە، تەماشای حزبەکانی باشور بکەین، دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە حزبەکانی باشور خاوەن کورتترین دیدگا نشتیمانییەکان و بنەما نەتەوەییەکانن! بۆچی؟
چونکە ئەگەر لە بەر ڕۆشنایی مێژوو و ئەو کارەساتانەی بە سەر نەتەوەی کورد و خاکی کوردستاندا هاتووە، تەماشای ئەم مەسەلەیە بکەین، ئەوە دەتوانین کە دیدگا نشتیمانییەکانی کوردستان و بنەما نەتەوەییەکانی کورد، بەم جۆرەی لای خوارەوە پێناسە بکەین.
دیدگا نشتیمانییەکانی کورد، ئەو وێنە گشتییە هاوبەشەیە کە هەموو کوردێک بۆ داهاتووی کوردستانی دەخوازێت یان ئەشێ بیخوازێت!
ئەم دیدگایانە خۆی لە خەونی سەربەخۆبوون و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و ئاراستەی داهاتووی کوردستاندا دەبینێتەوە، یاخود ئەشێ ببینێتەوە.
جا من لێرەدا قسەم لە سەر کاتی گوونجاوی بڕیاردان لە سەربەخۆیی نیە، هێندەی گرنگی خودی چەمکە گشتییەکە و خەونە ئەبەدییەکەیە کە سەربەخۆیی کوردستانە.
نشتیمانیانی کورد ئەشێ دیدگایەکی نشتیمانییان هەبێت بۆ داهاتووی نشتیمانی کوردستان کە خۆی لە دادپەروەری و ئاسایش و خاوەن خۆیی بوون ببینێتەوە.
بە کورتی دیدگای نشتیمانی واتا ئێمەی کورد چی بە ئاوات ئەخوازین بۆ داهاتووی کوردستان یاخود ئەشێ چی بە ئاوات بخوازین؟
ئەگەر لە ڕستەی کۆتایی هەندێ لەو بڕگانەی سەرەوە وردببنەوە کە بە پرسیاری ئەشێ...؟ کۆتاییم بە بڕگەکان هێناوە. هەڵبەتە ئەمەم بە مەبەست کردووە. خودی ئەم مەبەستەش، ئەکرێ بەم جۆرەی خوارەوە ڕوونی بکەمەوە.
میللەتی کورد تەنها لەم سەدد ساڵەی کۆتایی بە هەموو شێوەیەک لە لایەن داگیرکەری بێگانە بە خاکەکەی، ستەمی لێکراوە. میللەتێک هەمیشە لە شۆرشی توندی چەکداری و خوێناوی و ڕکەبەرێتی سیاسی بووە دژی نەک یەک بەڵکو چوار داگیرکەر. بە ڕای ئێوە ئەشێ دیدگای نشتیمانی بۆ داهاتوو کەمتر لە سەربەخۆیی بوون، چ مانایەک ببەخشێ؟
دواجار قەبارەی قوربانی و زیان و درێژی ساڵانی خەباتە کە بڕیاری قەبارەی قەرەبووەکان و داخوازییەکانی قوربانیدەر دەداتەوە. ئاخۆ دەبێ قەرەبووی ئەو هەموو ماڵوێرانی و خوێنە ڕژاوە بە درێژایی سەددەیەک لە لایەن چوار داگیرکەرەوە، چی بێ جگە لە سەربەخۆیی بوون؟
بەڵام ئەگەر تاکەکانی ئەم میللەتە لە ژێر کاریگەری هەر ئایدۆلۆژیایەک، سەرکردەیەک، یان سودوەرگرتنی ماڵی لە هەر لایەک یاخود بە هەرهۆکارێکی دیکە لەم دیدگایە لایاندا و بە ئاستەم چوونە خزمەت ئەجێندایەک کە دژ بەم دیدگایە بوو، ئەوە خیانەتە لە مەسەله مەزنەکە. ئیتر با هەزار و یەک مکیاژ و جوانکاری بۆ ئەم هەنگاوە یان ئەو هەڵوێستەش بکەین. وە یەکێ لە هۆکارە سەرەکییەکانی لادان لە دیدگای نشتیمانی نەبوون یان ئاشنا نەبوونە بە بنەما نەتەوەییەکان کە ئێستا دێینە سەر باسکردن و پێناسەکردنیان.
چونکە بە ڕای من بنەما و پرینسیپه نەتەوەییەکان، ڕاستەوخۆ بەستراوەتەوە بە دیدگا نشتیمانییەکەوە، بە جۆرێک لادان لە پرینسیپی نەتەوەیی، دوورمان دەخاتەوە لە دیدگا نشتیمانییەکە. جا با بێینە سەر پێناسەکردنی بنەما و پرینسیپە نەتەوەییەکانی کورد.
بنەما نەتەوەییەکانی کورد، خۆی لەو بەها نەتەوەییە بنەڕەتیانە و ئەو ڕێگا و ڕێسایانەی کە دەمانگەیێننە ئامانجە سەرەکییەکەی نەتەوەی کورد کە سەربەخۆیی کوردستانی گەورەیە، دەبینێتەوە.
جا سەرەکیترین ئەو بنەما یان پرینسیپانەی نەتەوەی کورد ئەشێ، گیانی دیموکراتیزە بوون و عەقڵی ئازادیخوازانە و برایەتی و یەکسانی ڕاستەقینەی کوردانی هەر چوار پارچەی لێکدابڕاو و سەرجەم چین و توێژ و ئایینزا جیاواز و تیرە و بنەماڵە جیاوازەکان و زۆر بنەمای دیکەش بێ. بەڵام لە هەموو ئەمانەش گرنگتر خیانەت نەکردنە لە هیچ کام لەم بنەمایانە و زیان نەگەیاندنە بە یەکتری و بگرە هاوکاری کردن و پاڵپشتی کردنی یەکتریشە لە تەنگانەدا.
بە کورتی بنەما و پرینسیپەکانی نەتەوەی کورد لەو بەها نەتەوەییانە پێک هاتووە کە ڕێگای گەیشتن بە سەربەخۆییمان بۆ ئاسان ئەکەن. بە جۆرێک هەر لادانێک لەم بنەمایانە لێدانە لە دیدگا نەتەوەییەکە و دواجار لێدانە لە خەونی سەربەخۆیی بوون.
زۆر بە کورتی دیدگای نشتیمانیی کورد واتا خەونی داهاتووی سەربەخۆییە. بەڵام بنەما و پرینسیپەکانی نەتەوەی کورد، ڕێکارە بنەڕەتییەکان و بەها نەتەوەییەکانن کە ڕێگای سەربەخۆیی بوونمان نزیک دەخەنەوە.
ئەگەر ئەمڕۆی حزبەکانی باشوری کوردستان و هەڵسوکەوت و ڕەفتاری سی و ساڵەی کۆتاییان چاو لێبکەین، دەبینین بە گشتی سەرجەمی حزبەکان هەموو ئەو بنەما نەتەوایەتییانەی پێشێل کردووە، خیانەتیان لە هەر هەموویان کردووە، بۆیە زۆر لە دیدگای نشتیمانی بۆ سەربەخۆیی بوون بە گشتی دوورکەوتووینەتەوە و مەسەلە نەتەوایەتییەکەشمان لە چوار چێوەی عێراقدا پاشەکشەی زۆری کردووە.
گەر ورتر تەماشای وێنەکە بکەین دەبینین پارتی و یەکێتی و بزووتنەوەی ئیسلامی و حزبی سۆسیالیست و شیوعی و زەحمەتکێشان و هەندێک حزبی بچووکتر، بوون بە جێگرەوەی ڕژێمی سەددام، بە تایبەتی لە شارەکانی سلێمانی و هەولێر و دهۆک. بەڵام بێ گاریگەریش نەبوون لە کەرکووک و موسل و دیالا. ئەم باڵا دەستییەی کورد لە باشور کەوتۆتە نێوان ساڵانی دوای ڕاپەڕینی بەهاری ١٩٩١و تاوەکو ئەمڕۆ.
جا با ئەم چەند پرسیارە لە خۆمان بکەین:
١-بەدرێژایی سی و ساڵی کۆتایی، چەند خولی شەڕی براکوژی لە نێوان ئەم حزبانە ڕووی دا؟ کە دەکرا لە بری شەڕی خۆکوژی، توانا مرۆیی و ماڵییەکان یەکبخرێن و زەخیرە و تەقەمەننیەکان هەڵبگیرێن بۆ ڕۆژی ڕەش دژی داگیرکەر نەک دژ بە براکان. سەرباری هەموو ئەمانەش زۆر گەمژانە توانا سەربەزییەکانی ئێرانیشیان بەکارهێنا دژی یەکتری و گاردی کۆماری سەددامیشیان پەلکێشی سەر یەکتری کرد. لێرەدا ئەپرسم ئەمانە لە کوێی بنەما و پرینسیپە نەتەوەییەکانی گەلی کوردستاندا جێگەیان ئەبێتەوە؟
٢-چەند حزب و حزبۆکەی دیکە لە هەر یەک لەم حزبانە جیابوونەتەوە و پارچە پارچە بوون و بوون بە دوژمنی یەکتری؟ لە جێی ئەوەی یەکبگرن و خەڵکی لە دەوری بەها و بنەما و پرینسپە جێگیرەکان کۆبکەنەوە و ململانێی سیاسییانەی شەریفانە دگەڵ یەک بکەن، دیسان لە پێناو هەمان ئەو بنەمایانەدا.
٣-ئاخۆ لە درێژەی سی و سێ ساڵەی ڕابردوو چەندەها ملیار و ترلیۆن پارە و بای چەندەهای دیکەش سەروەت و سامانی ژێرزەمین و سەرزەمین بە هەدەر دران و چوونە گیرفانی بنەماڵە سیاسییەکان؟ لە بری ئەوەی لە جێگەیەک و دەستێکی ئەمیندا هڵبگیرێن یاخود وەبەرهێنانی گەورەتری پێ بکرێ، لە پێناو خودبژێوی و بازرگانی و ئاڵوگۆڕی نێوخۆیی و هەناردەکردنی دەرەکی.
٤-ئاخۆ ئەم حزبانە چییان بۆ خەباتی براکانیان لە باکور و ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات کردووە؟ ئاخۆ هەر نەبێ بێ لایەنییان هەڵبژاردووە یاخود بوون بە لایەنگر و یاریدەدەری داگیرکەر دژ بە براکان؟ گەر بۆ نموونەی زیندووش بگەڕێین ئەوا دەتوانین لە کۆماری مهابات و جەنگی خومەینی لە سەرەتای هەشتاکان دژ بە کوردانی ڕۆژهەڵات و لێدانی دیموکرات لە کۆیە و ئابڵووقەی سەر ڕۆژئاوا و جێهێشتنی شەنگال و کەرکووک و هێنانی جەندرمەی تورک بۆ سەر پەکەکە کە هەتا ئەمڕۆش بەردەوامە. جگە لەمەش نەک هەر بە خیانەت کردن لە براکان نەوەستاون بگرە دەست تێوەردانیشمان لە خەباتی بەشەکانی دیکەش کردەوە و دەیکەن.
٥-ئاخۆ لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعسەوە چەند توانیوویانە یەکڕیز و یەکدەست و یەکهەڵوێست بن لە بەرانبەر بەغدا؟ ئاخۆ دابەشبوونیان بە سەر بەرەی عەرەبی سوننە و تورکمان و عەرەبی شیعە، دژ بە یەکتری لە بەغدا لە کوێی ئەو پرینسیپە نەتەوەییانەی کوردستاندا جێیان ئەبێتەوە؟ چ گاڵتەجاڕییەکە دوو حزبی سەرەکی لە بەغدا وەکو دوو دوژمن لە باوەشی داگیرکەر پاشقول لە یەکتری بگرن.
٦-لە ماوەی سی وسێ ساڵی ڕابردوو، چییان کردووە بۆ پەروەردەکردنی نەوەیەکی کوردپەروەر نەک سەرکردە و حزب پەروەر؟ چ جۆرە سیستمێکی پەروەردەیی و نشتیمان دۆستی و ژینگەدۆستی و ڕۆشنفکری و بیر فراوانیان بەرهەم هێناوە؟ یاخود هەر لایەک و ئایدۆلۆژیای خۆی خزاندۆتە مێشک و هزری کۆمەڵێکەوە و لە جێی پرینسیپ و بنەما نەتەوەییە هاوبەشەکان، لە سەر پرینسیپ و بنەمای تەسکی ئادیۆلۆژی و بنەماڵەیی و تاکپەرستی پەروەردەیان کردوون.
٧-هەر لە درێژەی ئەو خاڵەی پێشوودا، ئێمە لە باشور خاوەن حزبانێکین کە هەڵگری ئایدیۆلۆژی جیاوازن، هەر لە چەپ و سۆسیال دیموکرات و ئیسلامی و تا دەگاتە حزبی موحافیزکار و بنەماڵەیی و هەتا حزب و بزاوتی گۆڕانخوازی بێ فیکر و ئایدیا. ئاخۆ کام حزبی ئیسلامی توانیوێتی بنەما نەتەوەییەکان پێش ئایدۆلۆژیای ئایینی خۆی بخات. ئاخۆ سۆسیال دیموکراتەکان توانیویان کاریگەری لە سەر سۆسیال دیموکراتەکانی دونیا دابنێن لە خزمەتی میللەتی خۆیان. یاخود چ بنەمایەکی سوسیال دیموکراتیان خستۆتە خزمەتی بنەما نەتەوایەتییەکانی کورد لە دادپەروەری کۆمەڵایەتی و یەکسانی و ئازادیدا؟ ئاخۆ حزبە موحافیزکار و بنەماڵییەکان خۆیان کردووە بە قوربانی بنەما نەتەوەییەکان یاخود بە پێچەوانەوە هەموو موقەدەراتی وڵاتیان خستۆتە خزمەتی حزب و بنەماڵەوە؟
من چی لە حزبی کۆمۆنیستی بکەم کە باوەڕی بە یەکسانی ڕەهای مرۆڤەکان هەبێ بەڵام باوەڕی بە سنورێک و کیانێکی نەتەوەیی بۆ میللەتی خۆی نەبێ؟ من چی لە ئیسلامییەک بکەم کە ئامادە بێ خوێن بۆ غەززە بدات بەڵام جولانی کۆنە داعشی لە مەزلووم عەبدی پێ ڕەواتر بێ. من چی لە حزبێکی تەمەن حەفتا ساڵە بکەم کە تازە بە تازە لە کەرکووک هاوپەیمانی شۆڤێنی و تەعریبچی و بەرەی تورکیایە دژ بە خەڵکانی خۆی لە کەرکووک. من چی لە حزبێکی پەنجا ساڵە بکەم کە تازە بە تازە بە نیازە لە هاوپەیمانی شیعەکاندا یان ڕەیانی دژ کورددا کورسییەکی سارد و سڕی بێ کەڵکی بەغدا له براکەی بباتەوە.
ئەگەر له دەیان وتاردا خاڵە نەرێنییەکانی ڕەفتار و کردەوەکانی حزبەکانی باشور بنووسینەوە کۆتاییان نایەت، بەڵام ئەوەی زۆر بە ئاسانی ئەتوانی لە یەک خاڵدا کۆییان بکەینەوە ئەوەیە، کە حزبەکانی باشور خاوەنی هیچ دیدگایەکی نشتیمانی نین و تاکە بنەمایەکی نەتەوەییشیان پێ نەماوە تا لە دیدگای نشتیمانیانەی کۆمەڵگای کوردەواریمان نزیک بکەونەوە. هەڵبەتە ئەم بۆچوونە کەم و زۆر بۆ خەبات و حزبەکانی بەشەکانی دیکەی کوردستانیش هەر ڕاستە.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی