جوڵەی زەمەن و نوێبونەوەی ساڵ

2 کاتژمێر پێش ئێستا

جەعفەر عەلی


فەیلەسوفان لە کۆنەوە، ماهیەتی زەمەن، جوڵە و ڕەهەندە پێکهێنەرەکانیان خستووەتە بەردەم پرسیار لێکدانەوەی زۆرەوە. ئایا زەمەن چەمکێکی ئەبستراکتە، یان واقیعێکی هەستپێکراو، یان هەردووکیان بەیەکەوە؟ ئایا زەمەن لە گۆڕان دایە، یان هەمیشەیی و ئەبەدییە؟ ئایا زەمەن ڕێژەییە، یان ڕەها، جەوهەرێکی سەربەخۆ و تایبەتە بە خۆی، یان بە دەرەوەی خۆیەوە بەستراوەتەوە؟ ئایا لە توانادا هەیە زەمەن تێپەڕێنرێ و گەمارۆ بدرێت؟ ئەمانە و زۆری دیکەیش ئەو پرسیارانەن فەیلەسوفان بە درێژایی مێژوو کردوویانن، هاوشانی ئەو پرسیارانە، لێکۆڵینەوەی زانستی وردیان بۆ گەیشتن بە وەڵامی پرسیارەکان ئەنجام داوە، تا ئێستایش توێژینەوە و بەدواداچوونە زانستییەکان بۆ گەیشتن بە وەڵامی وردتر و زانستیتر بەردەوامە.
   زەمەن، چەمکێکی تەواو فەلسەفییە، پێناسەکردن و ناسینی ئاڵۆز و پڕ کێشەیە. ئۆگەستین لەخۆڕا نەبوو دەیگووت: "زەمەن ناناسم و نازانم چییە، چ ئەو کاتەی پرسیاری لەبارەوە دەکەم، چ ئەو کاتەی کارەکە پەیوەندی بە لێکدانەوەی چەمکەکەوە هەبێت، ئەوە بە هیچ شێوەیەک نایناسم".
    بابەتی قسەکردنی ئێمە بریتی نییە لە بابەتێکی فەلسەفی و زانستی تایبەت بە زەمەن، هێندەی مامەڵەکردنە لەگەڵ ئەم چەمکە وەک پانتاییەکی سادە و پڕ جوڵەی کات، کە مرۆڤیش وەک باقی بوونەوەرەکانی دی لە نێویدا جوڵە و ژیان دەکات.
    تێپەڕبوونی کات و بەردەوامی جوڵەی زەمەن، پرۆسەیەکە نە لە کاتی ڕابردوودا دیل دەکرێت، نە لە کاتی ئێستادا ڕادەگیرێت، نە لە جوڵەی بەردەوام و بەرەوپێشچوونیش بەرەو ئایندە دەوەستێنرێت. زەمەن، لە پرۆسەی جوڵەی بەردەوام و هەمیشەیی خۆیدا، لە یەک کاتدا هەم خۆی نوێ دەکاتەوە، هەم ساڵێک لە ژیانی بوونەوەرەکانی دیکە دەبات، هەم ژمارەکانیش گەورەتر دەکات. لێرەوە پرسیاری جوڵەی زەمەن، پرسیاری ئەو بوونەوەرانە نییە، کە جوڵەی زەمەن لە دۆخێکەوە بەرەو دۆخێکی دیکەیان دەگوازێتەوە، پرسیارێک نییە لە ڕووی فەلسەفی، زانستی و سۆسیۆلۆجییەوە، وەڵامەکانی ئاسان وەربگرینەوە، چونکە کردەی جوڵە و بەرەوپێشچوون، لە چرکە و خولەکەکانەوە بۆ گەورەبوونی ژمارەی ساڵەکان پرۆسەیەکی خولانەوەی نەگۆڕ و بەردەوامە. لە زەمەندا، ڕۆژ، هەفتە و مانگەکان وەک خۆیان و بە هەمان ناو دووبارە دەبنەوە، بەڵام بە مانا و پێناسەی جیاوازتر، هاوکات ژمارەی ساڵەکان دەگۆڕێن، لەگەڵ گۆڕانی ئەوانیشدا شتەکانی دیکەیش گۆڕانیان بەسەردا دێت، گۆڕانی سروشتی، یان مرۆیی، گۆڕان لە هەڵکشانی ساڵانی تەمەن، گۆڕانی فیزیکی و فسیۆلۆجی، گۆڕان لە نەبوونەوە بۆ بوون و لە بوونەوە بۆ نەبوون.
   بوونەوەرەکان بخوازن یان نا، لە دەرەوەی ئیرادە و هێزی خۆیانەوە، دەبن بە بەشێکی دانەبڕاو لە گەمە و جوڵە بەردەوامەکانی زەمەن، جوڵەیەک نە تەنها ژمارەکان، بەڵکو کۆی ئەو بوونەوەر و ژیان و جوڵانەش دەگۆڕێت، کە دەشێ سەرەتایەکی تازە، مانایەکی نوێ و مرۆییانەتر بۆ ژیان، یان دۆزەخ و خوێنی نوێ بۆ مرۆڤایەتی بهێنێت.
   مرۆڤ لەبەردەم جوڵەی زەمەندا، هەنذێجار بێ بژاردە، هەندێجاریش بژاردەی جیا جیای لە بەردەست دایە، زەمەن، هەندێجار دۆزەخت بە تامی ژیان پێشکەش دەکات، بڕێک جاری دیکەیش، دەرفەتی دروستکردن و بونیادنانی جیهانی نیمچە بەهەشتیت بۆ فەراهەم دەکات. مرۆڤ ئەگەر بابەتیانە هێزی بیرکردنەوە و پرسیاری هەبێت، ئەگەر گەرەکی بێت ژیان بکات، دەتوانێت بە هێزەوە مامەڵە لەگەڵ بژاردەکانی زەمەندا بکات، ئەو بژاردانەی وەڵام بە خواستە مرۆیی و ئەخلاقییەکانی خۆی و ئەو فۆرمە لە ڕوانین و دنیابینی دەداتەوە، کە باوەڕی پێی هەیە، ئەو بژاردانەی نابنە هۆی زیانگەیاندن بە ئازادی ئەویدی، گروپە کۆمەڵایەتییەکان، نەتەوە و نیشتمان.  
   پوختەی قسە ئەوەیە، ساڵ وەک بەشێک لە زەمەن، لە بینینە سادەکەیدا گۆڕانی ژمارەیەکە و هیچی دی، ٢٠٢٥ دەگۆڕێت بۆ ٢٠٢٦، بەڵام مانا قوڵ و شاراوەکەی ئەوەیە، کاتە بچووککراوەکانی ئەم ساڵە چی تێدایە و کێ مانا بە ڕۆژ و مانگەکانی دەدات. گومان لەوەدا نییە، ئەوە مرۆڤەکانن مانا بە کاتە جیاوازەکانی زەمەن دەدەن، مرۆڤەکانن دەتوانن لە نێو بژاردەکانی بەردەستیاندا بە دوای مانای تازە و شێوەژیانی تایبەت بە خۆیان بگەڕێن، واتە مرۆڤەکان دەکەونە بەردەم بژاردەکانی کاتەوە، چۆن بە هۆشیارییەوە لە نێویدا ژیان دەکەن، چۆن وەک بوونێک لە نێو کاتدا بۆ بوونی خۆیان، فۆرمی ژیان و چێژی ژیانکردن دەگەڕێن، چۆن مانای نوێ بە بوونی خۆیان، بە پەیوەندی و بە ژیانیش دەدەن، ڕۆژژمێری زەمەنی ساڵ چۆن دەنووسنەوە و لە نێو کایەی کاتدا، کام فۆرمە لە مامەڵەکردن و پەیوەندی هەڵدەبژێرن. بە مانا کاری مرۆڤ لە نێو زەمەندا، کارێکی ئاسان نییە، بەڵام بە هەموو گرفت و قورسییەکانیشییەوە، مامەڵەکردن لەگەڵیدا بەشێوەیەکی ئەقڵانی دەتوانێت بڕێک لە تامی ژیانکردنت پێببەخشێت.
   مادام جوڵەی کات لە دەرەوەی وەستانە و هیج دەسەڵاتێکی مرۆڤی تێدا نییە، جگە لە بژاردەی مامەڵە لە نێویدا، دروست ئەوەیە، بەبێ هیچ زۆر لەخۆکردن و فشارێکی دەرەکی، بەگوێرەی بژاردە فیکری و ئەخلاقییەکانی خۆت بژی، ڕێز لە بوون و جیاوازی ئەوانیدی بگریت، خۆشەویستی ببەخشیت و بەشداربیت لە جوانترکردنی ژیان، ئەگەر ئەو جوانکردنە بە تەنها وشەیەکیش بێت. ئەوەیش، کە ڕۆژ و مانگ و ساڵەکان پیرۆز و جوانتر دەکات، خۆشەویستی و جوانییە.          

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی