ڕفاندنی مادۆرۆ یەکێکی تر لەو سەپرایزانە بوو کە ترامپ دنیای ئەمڕۆی پێ ڕاچلەکاند تا بزانن سیستمی نوێی ترامپ بۆ جیهان چیە؟!
ئەم دنیایەی ئێستا بۆ بورژوازی ئەمریکا کۆن بوە و چیتر ئەمریکا بەپێی ئەو پێوەرانەی وەک "سەروەری وڵاتان و ڕێکەوتنامەی نەتەوەیەکگرتوەکان"، ناتوانێ سەروەری جیهان بێت. "ماگا و مەزن کردنەوەی ئەمریکا" سیستمێکی نوێی پێویستە کە هەموو جیهان و یاساکانی و ژیانی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بەدەوری خۆری سەرەوەری دەوڵەتی سەرمایەداری ئەمریکا دا بسوڕێتەوە.
گەمژەییە ئەگەر کەسێک دوای ئەم دوو ساڵەی تاقیکردنەوەکانی ئەم سیستمە نوێیەی ترامپ بکەوێتە تەڵەی ئەوەی لابردنی "دیکتاتۆری فەنزویلا" و "مەلاکانی ئێران" و "ئەسەد" و "حەماس" و "حزب اللە" و "حەشدی شەعبی" زەمینە بۆ خەبات و شۆڕشی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش و سۆشیالیستەکان خۆش دەکا.
دەوڵەتی ئەمریکای ترامپ لە پێشبڕکێی ئابوری و سیاسی لەگەڵ چین و ڕوسیادا پێویستی بە دروستکردنی مۆدیلی دیکتاتۆرەکانی وەک خۆیەتی، لە چەشنی ناتانیاهۆ و شەرع و بن سەلمان و ڕەزا شا و نیولیبراڵەکانی ئەمریکای لاتین ( حافێر میلی ئەرجەنتین، جۆزێ کاستی چیلی، نایب بوکیلی سلڤادۆر و بۆسۆنارۆی بەرازیل) و ڕاستڕەوەکانی ئەوروپا. ئەمە پێداویستیەکانی ئیمپریالیزمی ئەمریکایە لە شەڕ و پێشبڕکێی داگیرکاری بازاڕی جیهانی و ناوچەکانی دەسەڵاتدا کە کەڵەکەی سەرمایە پێویستیەتی. هاتنە خوارەوەی توانای ئابوری ئەمریکا و گەشەی چین، بورژوازی ئەمریکای خستۆتە بەردەم مۆتەکەی ڕوخانی ئیمپراتۆریەتەکەی و ترامپ وەک سەرکردەی جەنگی هێزی سەربازی ئەمریکای کردۆتە سەرەکی ترین ئامڕازێک بۆ بەرگرتن بەم چارەنوسی شکستە چاوەڕوانکراوە لە مەیدانی شەڕی ئابوریدا.
خستنە ژێر ڕکێفی فەنزویلا و نەوتەکەی هەنگاوێکن بۆ جێبەجێکردنی بۆ پلانی "ترمپ کۆرۆلاری" کە دەیەوێت هەموو کیشوەری ئەمریکا، "ڕۆژائاوای هەمسفێر" ، بخاتە ژێر کۆنترۆڵی ئابوری و سیاسی و سەربازی دەوڵەتی ئەمریکاوە. هەر بۆیە گێچەڵی داهاتوو مەکسیکە و ئەگەر ئەم دوو وڵاتە، فەنزویلا و مەکسیک، تەسلیم ببن ئەوا باقی وڵاتانی ئەمریکای لاتین دەکرێنە ئامانج. بەم شێوەیە ئەم ستراتیژەی ئەمریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیا و جیهان نائارامیەکی درێژخایەنی هەڵگرتوە.
ئەمڕۆ پێویستە گۆڕانکاری بکرێت لە ڕوبوڕوبونەوەی ئەم هەژمونیە میلیستاریستی و سیاسیەی ئەمریکادا. دەرسێکی گرنگ لەم ڕوداوانە بۆ ناڕەزایەتی هەموو خەلکی ئەو ولاتانەی دەکەونە بەردەم ئەم هەڕەشە و شەڕانەی ئەمریکا، بەتایبەت لە ئەمریکای ناوەڕاست و لاتیندا، ئەوەیە کە خەڵکی کرێکار و زەحمەتکیش چیتر ناتوانن لە سایەی دەولەتی دیکتاتۆریە سەربازیەکاندا، وەک مادۆرۆدا، بپارێزرێن و چیتر بزوتنەوەی دژی ئیمپریالیستی ئەمریکای لاتین ناتوانێ پشت بە دەوڵەتانی سەرکوتگەر و کۆنەپەرستی وەک ئێران و ڕوسیا ببەستێ بۆ ڕوبەڕوبونەوەی مەترسیەکانی هێڕشی حکومەتی ترەمپ، چونکە ئەم دەوڵەتانە خۆیان بەشێکن لە بەربەریەتی جیهانی سەرمایەداری ئەمڕۆ، هەربۆیە ستراتیژی شۆڕشگێڕانەی ئەم بزوتنەوە جەماوەریانە دەبێ ڕوبکاتە پەیداکردنی هاوئاهەنگی و هاوپشتی لەگەڵ سەرجەم بزوتنەوە دژی کاپیتالیستیەکانی جیهاندا، کە نمونەکانی لە بەرەی دژی شەڕی غەزە و فەنزویلا و ئۆکرانیاو دژی سیاسەتە ئابوریەکانی بانکی نێودەوڵەتی و جی حەوت و خۆپیشاندانەکاندا دەبینینەوە.
خەڵکی ئەمریکای لاتین لە نیوسەدەی ڕابردوودا پیشەنگی بزوتنەوەی دژی ئیمپریالیستی ئەمریکا بوون. شکست پێهێنانی ئیمپراتۆریەتە مۆلەقەکەی ترامپ و نەخشەکانی "کۆرۆلاری" لەسەر دەستی ئەم بزوتنەوەیە دەتوانێ بەدی بێت ، کاتێک هەم لە ئاستی وڵاتانی ئەمریکای لاتیندا یەکگرتوو بێت و هەم وەک غەزە پشتیوانی جیهانی لێ بکرێت. ئەمە ئەو هێزە چینایەتیەیە کە چارێکی نیە جگە لە چونە شەڕی بەربەریەتی سەرمایە لە هەموو شوینێک و لەئاستی هەردوو نیوە و هەمسفێری ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی