دەسەڵاتدارێتی ئیسلامی سیاسی ، سەرۆکی سوریا بە نموونە !!

16 کاتژمێر پێش ئێستا

محەمەد خۆشناو



لە زستانی 2024 زۆرینەی سوریایەکان دڵشاد بوون بە کەوتنی ڕژێمی بەعس بە سەرۆکایەتی ئەسەد ، ئەوە ستەمکارەکانن دەرگای وڵاتەکانیان دەکەنەوە بۆ داگیرکەران ، ستەمکاریی گوناهێکی گەورەیە و پاشان گوناهی ترسناکی گەورەتر بەسەریدا دێت ، ئەویش کردنەوەی کون و کەلێنە لە دیواری نیشتیمان بۆ ئەوەی داگیرکار پێیبپەڕێتەوە بۆ هێنانەدی تموحەکانیان  جا بە دزەکردن بێت یان بە هەڵکوتانەسەر ، بۆیە لە ميژووی دوور و نزیکدا ، گەلانێکی زۆر بە چەپڵەڕێزان پێشوازیان لە داگیرکەر کردووە ، نەک لەبەر خۆشەویستی داگیرکەر بەڵکە لەبەر ڕقلێبوونەوە لە ستەمکار ، بە هیوای ئەوەی کە داگیرکەر بە روحمتر بێت لە ستەمکار ، ئەمە لەسەر سوریای ئێستا  و دەیان وڵاتی تری لەو شێوەیە دەگونجێت ، بەڕاستی ڕووداوەکەی سوریا-م وەک تابلۆیەکی پانوڕامی سوریالیەت دێتە بەرچاو ، زۆر سەیرە کەسێکی تیرۆریست بەناوی « محمد جۆلانی » کە تادوێنێ  لە لایەن وڵاتەیەکگرتووەکان داواکراوبوو و بڕی « 10 » ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخانکرا بۆ ئەو کەسەی زانیاری لەسەر بدات و ، بۆ چەند ساڵێکیش حاکمی « ئیدلب » بوو بە ڕێگەپێدراوی ئیقلیمی و ، هەر لە پشت وڵاتەیەکگرتووەکان هەموو ئەو شتانەی کە لە ئەدلب ڕوویدەدا لە ڕای گشتی دەشاردرانەوە ، ئەمە بۆ چەندان ساڵ شێوازی حکومڕانی و ئیدارەکەی بوو و جۆلانی بەردەوام لەگەڵ هەواڵگری چەندین وڵات لە پەیوەندی دابوو ، بەکورتیەکەی « ئەو » زانراو / نەزانرا و شاراوە بوو ، کاتێکیش پەردەیان لەسەر هەڵدایەوە ڕێگەیان بۆ دیمەشق واڵاکرد و ، ناوە حەرەکیەکەیان شاردەوە ، واتە جۆلانی و لەگەڵیدا جۆلان لە یادەوەریدا کەوت و هەموو ئەو تاوانانەی کە کردبوی لابردران و ، ڕووخسارێکی نوێیان بۆ دانا و وایلێهات کە ئێمە لەبەردەم ناوێک و شوناسێکی نوێدابین !! و هاتن لەسەر کورسی دەسەڵات  کە دەسەڵاتێکی تاکەکەسی -یە دایانا و ناویان لێنا سەرۆک شەرع ، کە هەرخۆی بڕیار لەسەر هەموو شت دەدات ، لە دەرکردنی یەکەمین دەستوری کاتی بۆ پێکهێنانی حکومەت و دەرکردنی مەتریسیدارترین بڕیار بە پاکتاوکردنی عەلەویەکان و دروز و مەسیحی و کورد ، لە دەسەڵاتی ئەو کابرایە پەرلەمان و حزب بوونی نیە ، تەنها شەرع و ملیشیاکانی دەستیان بەسەر دەسەڵات گرتووە ، ئەو سەرۆکە بەرنامەی ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتەکەی بێ گفتوگۆ و حیوار یان موعارەزەکردن داناوە و ، گرنگترین بەندەکانی تێیدا مانەوە و سەقامگیری نیزامە نوێیەکەیەتی ، لەبەرانبەریشدا سوپایەک لە وڵاتان بەرگریلێدەکەن و پاساو بۆ هەموو ئەوەی کە لە شەرع دەرچووە دێنێنەوە ، ئەمە جگە لە هاوڕێتی لەگەڵ ئیسرائیل و گرێدانی دەیان ڕێککەوتن لەوانە دروستکردنی سەیرانگای خلیسکانی بەفر لە جۆلان و جبل الشێخ لە چەشنی خلیسکانە بەفری سویسڕا !! و بێلایەنکردنە ئیسرائیل بۆ لێدانی کورد لە هەردوو گەڕەکی ئەشرەفیە و شێخ مەقسود !!!  کاتێکیش قەتلوعامی عەلەویەکان لە کەناراوەکانی سوریا و مەسیحیەکان کرا گووتیان ئەمە پاشماوەکانی ڕژێمی پێشوو بوو و ، وێڕای ئەوەی کە سوێند خورا کە ئەم قەتلوعامە و هی دروزەکانیش بە فەرمانی ڕاستەوخۆی شەرع کراوە ، ئەوەی جێی سەیرە ئەو پیاوە هەموو ئیمتیازاتێکی پێشکەش ئیسرائیل کردووە و ڕۆژانە گۆشتی زیندووی سوریا پێشکەش ئیسرائیل دەکات ، بەڵام بێباکە لە هەندێک پێکهاتەی گەلانی سوریا لەوانە عەلەویەکان و مەسیحی و دروز و ئێستا بەو پەڕی دڵرەقی و نامەردی پەلامار کورد دەدات لە هەردوو گەڕەکەکە ، ئەوەی زۆربەی کەس پێی نازانن ئەوەیە کە ئیبادەکردن ڕووداوێکی لەناکاو نیە ، بەڵکو پڕۆسەیەکە قۆناغ بە قۆناغ بەروەپێش چووە ، لە وشە و هزرەوە دەستیپێکردووە بەر لەوەی بپەڕێتەوە بۆ کردار و ، ئەوەتا ئێستا وا لە سوریادا ئەو بەرەوپێشەوەییە دەبینین و ، کە چۆن دابەشبوونی کۆمەڵگا بۆتە سەرزەمینێکی بەپیت بۆ تووندوتیژی بەرنامەبۆداڕێژراو بۆ نەتەوە و ئایین و ئاینزاکانی غیرە ئیسلام کە بەدرێژایی مێژووش یەک دەوڵەتی ئایینی نابینیەوە کە لەسەر کوشتن و خوێن و توندوتیژی نەوەستابێت ، کە بەداخەوە لەگەڵیدا زۆرینەی ڕاگەیاندن بەتایبەتی وڵاتانی کەنداو بە نابەرپرسیارانە پاساو بۆ شەرع دێننەوە بۆ لێدانی کورد و پێکهاتەکانی تر ، ترسناکترین تەحەدیات کە دووچاری ڕاگەیاندن دەبێت بریتیە لە ساختەکاری بە ئەنقەست یان ئەوەی کە پێی دەڵين « زانیاری چەواشەکراو » کە لەو شەڕە پیادە دەکرێت ، ڕاگەیاندن لە جەوهەردا ئامرازێکە بۆ بونیاتنانی پرد نەک بۆ داڕمانی وەک ئەوەی ئەو چەند میدیایەی عەرەب بەرانبەر بە کورد دەیکەن .
گەیشتمە قەناعەت دوای ئەزموونی جۆلانی/ شەرع هەر تیرۆریستێک هەرچەند دەستەکانی بەخوێنی بێتاوانان سوور بێت ، ئێستا فورسەتێکی لەباری لەبەردەمدایە کە پازبدات بۆ دەسەڵات و ، بەهۆی هاودژی زۆری سیاسی و مێژوویی یارمەتی بدرێت لەناو ناوچەکە و ، هەروەها لەوانە بچێتە کۆشکی سپی هەتا ئەگەر لە دەرگاکانی پشتەوەش بێت و ، لەوێش ببێتە جێگەی ئیعجابی پیاوە مەزنەکەی کۆشکی سپی ، هەموومان دەزانین کە وەبەرهێنان لە هەموو بوارەکاندا هەڵسانەوە و بوژانەوەی ئابووریە ، بەڵام وا ئێستا دەیبینین کە وەبەرهێنانێکی تر هەیە کە لایەنی نێودەوڵەتی و ئیقلیمی پێی هەڵدەستن ئەویش « وەبەرهێنان لە تیرۆر » لە ئەفغانستان لە ساڵی 1979 ئەمەریکا بەرانبەر سۆڤیەت بەکاریهێنا و ئێستاش وەبەرهێنان لە تیرۆر لە سوریا دەکرێت  بۆ هێنانەدی خواستی زلهێز و وڵاتە ئیقلیمیەکان هەتا ئەگەر لەسەر حسابی نەتەوە و کەمەنەتەوە و پێکهاتەکانیش بێت .

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە