ئێران؛ چارەی قەیران بە قەیرانی نوێ

3 کاتژمێر پێش ئێستا

هەردی مەهدی میکە

لە سی ساڵی ڕابردوودا ئێران چەندین قەیرانی ڕیشەیی ڕووبەڕوو بووەتەوە، کێشەی سەرەکیی دەوڵەت ئەوەبوو لەبری ئەوەی قەیران چارە بکات، قەیرانەکانی بەڕێوەبرد و درێژخایەنتری دەکردن، وای لێهات قەیرانی بە قەیرانی نوێ چارەکرد، تەنانەت لە نێو کوڕانی شۆڕشدا دژبەریی زیاتر پەرەیسەند، بۆ نموونە کاتێک باری ئابووری و گوزەرانی خەڵک و ناڕەزایەتی خودی شۆڕشییەکانی چینی خوارەوە وایکرد شەپۆلێکی دەسخاڵی و هەژارانی وەلائی لە نێو حزبوڵاهییەکاندا لەوپەڕی پۆپۆلیزمدا خۆی دەرخست و بە دروشمی دژی ئەشرافیەت و پۆزی خانەدانێتی و کاسپیکردن بە دینەوە لە لایەن سەرانی شۆڕشەوە (بەپشتیوانی خودی ڕێبەرەکەیان) دەرکەوت و هەر ئەم شەپۆلە لە هەڵبژاردنیشدا بۆ دوو خول مەحموود ئەحمەدی نەژادی کردە سەرکۆمار، بەڵام نەک قەیرانی درزی نێوان خەڵک و چینی خوارەوە و سەرانی دەسەڵات و چینی خانەدانی دەوڵەتی کەمنەکردەوە بەڵکو فراوانتری کرد و قەیرانی دیکەی لە سیاسەتی دەرەکی و دارایی و گوتاریی دەوڵەتی ناواقیعی و زیاتر بەرزەفڕ و ئامانجگەراتر کرد.
کاتێک باری ئابووریی و گوزەرانی خەڵک خراپتربوو و خۆپیشاندان دەکرا، ئەو بە وروژاندنی پرسی جیاخوازیی کورد و بەلوچ و عەرەب تۆمەتباریی دەکردن و لەمەشدا سەرکەتوو بوو کە خەڵکی فارسی چەواشە دەکرد و لە توڕەیی خۆیان پاشگەزدەبوونەوە و لەبەر مانەوەی ئێرانێک کە لەبنجەوە لەسەر بنەمای گوتارێکی سەپێنراو نەک یەکگرتنێکی ئارەزوومەندانەی پێکهاتەکانی نێوی بنیاتنرابێت. یان کاتێک لەنێو خۆیدا کەسانی وەک موسەوی و خاتەمی و ڕەفسەنجانی تێهەڵدەچوونەوە و ناڕازییان دەردەبڕی، ئەو بە قەیرانی سیاسەتی دەرەکی خۆی چارەی دەکردن و بە فیتنە و فیتی ئیسرائیل و ئینگلیز و ئەمریکا لەقەڵەمی دەدان. کاتێک پرسی حیجاب و ئازادیی ژنان دەهاتەپێش کە پرسی هەموو پێکهاتەکانە بە سیناریۆی تیرۆریستی و ناشیرینکردنی ڕووخساری دەرەوەی ئێران کۆتایی پێدەهێنا و لە بری چارەسەریی ڕیشەیی و دەستووری، خەڵکی ئێرانی بە تیرۆر و تۆقاندن ناوزەددەکرد و ئەمەش ڕقی نوێی دەچاند. کاتێکیش خۆپیشاندانێکی جەماوەری وەک ئەوەی ٢٠١٨ و ٢٠٢٢ی ژینا ڕوویدەدا، ئیدی لەبری چاکسازیی ڕیشەیی هانای بۆ پرۆئیێرانییەکانی دەرەوە دەبرد تا پارێزگاریی لە کۆمار بکەن بە نانەوەی پەشێوی تێکدانی وڵاتانی دیکە و وڵاتانی بیانی ناچار بکات پشتیوانی خەڵکی نێو ئێران و نەتەوەکانی نەکەن. دەوڵەت بۆ ئەمەش سامان و پارەی خەڵکی لەبری ئەوەی قەیرانێکی پێچارە بکات، دەیدایە وەلائیەکانی عێراق و ئەفغان و یەمەن و لوبنان و سوریە و فەلەستین تا ئێران بپارێزن، ئەمەش چەندین قەیرانی نوێی بۆ سیستەمەکە دەخوڵقاند.
کاتێکیش لە سیاسەتی دەرەکیدا لەبری "بێلایەنی ئەرێنی"، "بێڵایەنی نەرێنی" هەڵبژارد و لەگەڵ ڕۆژئاوا و ئەمریکادا هەڵشاخایەوە و لە بری ئەوەی ئاشتبێتەوە، بیری لەوەکردەوە گەر ڕێی پیتاندنی ئەتۆمی موشەکی ناوەکی بگرێتەبەر، ئەوا دنیا ناچاردەکات بێنەوە بەر هەیوانەکەی. بەڵام بە پێچەوانەوە لە ٢٠٠١ەوە ئەمەش بووە سەرباری قەیرانی تر و سیاسەت و پەیوەندییەکانی دەرەکی ئێرانی هێندەی تر پەراوێز خست، کاتێکیش لەبەر ئەتۆم گەمارۆیان خستەسەر، بە پڕچەککردنی گرووپەچەکدارەکانی وڵاتانی جیهانی سێ و ئیسلامی، پەشێوی و نائارامی دروستکرد و بۆ هاوکاریی ئەوانەش مووشەکی دوورهاوێژی بەرهەمهێنا.
هەموو ئەم هەنگاوانەی کە یەکەمجار وەک چارەسەر دەیخستنەڕوو هەموویان بوونە بارتەقای قەیرانی دیکە و دەوڵەت وەک هەمیشە لەهەموویاندا کورتیهێنا و بوونەوە کارتی فشاری زیاتر لەسەری و بوونە هەوێنی ناڕەزایەتی خەڵک. ئێستا ئێران نەک تەنها قەیرانی دارایی، قەیرانەکانی دیکەشی بۆ جێماوە: دبلۆماسی و پەیوەندی، بەخێوکردنی پرۆکانی، لێچوونی سەربازیی و تەکنۆلۆجیای زیرەک، دراوی وڵاتەکەی، پرسی ئەتۆم، دەسهەڵگرتن لە موشەک، گەمارۆکان، وازهێنان لە پرۆکانی، کێشەی پەیوەندیی سیاسی و ئابووری، مەسەلەی مافی مرۆڤ و بەشداریی سیاسی...تاد. دەبێت هەموو ئەمانە وازلێبهێنێت! ئایا دەتوانێت؟ بێگومان نەخێر چونکە وازهێنان لەمانە واتە کۆتایی دەسەڵات و گووتار و پشتتێکردنی جەماوەرەکەی.
هەموو ئەم هەنگاوە قەیرانسازانەشی لە چوارچێوەیەکی دەستووری و گووتاری هەناردەکردنی شۆڕشدا رێکخست و وەک باوکی هەژاران و ستەملێکراوانی دنیا خۆی ناساند، بەڵام هەنووکە هاونیشتمانییەکانی خۆی پێ تێرناکرێت و هەردوو چینی ناوەند و خوارەوە و سەرجەم پێکهاتە نافارسەکان ناڕازین و وڵاتانی هەرێمایەتی و ڕۆژئاوایش هەروا ناتەبان لەتەکیدا.
ئێستا پاش دەسخاڵێتی لە گوتاردا، بەڵێن و دروشمەکانی لە خۆشگوزەرانکردنەوە گۆڕیووە بۆ ئەوەی بڵێت گەر ئەم سیستەمە بڕوخێت ئەوا بەعێراقیبوون و بەسوریابوونی ئێران چارەنووستان دەبێت، لەکاتێکدا هەردوو وڵاتەکە خۆی بەو دۆخەیدا بردن لە ڕێگەی وەکیلەکانیەوە.
وا ئێستا دۆخی ئێران وەک چیرۆکی ئەو کراسەی لێهاتووە کە یەکەمجار سووچێکی دڕا و خاوەنەکەی پارچەیەکی هەر لە کراسەکە لێکردەوە بۆ پینەی یەکەم و پارچەی سێیەمی دەبڕی بۆ پینەی دووەم و چوارەمی بۆ سێیەم و … بەوشێوەیە تا کراسەکە هەمووی پینە و پەڕۆ و پارچەی ساغی بێپینەی نەما و لە کراسێتی کەوت.
ئێران چ بکەوێت و چ لاواز بێت، چ کوڕی پەهلەوی بهێننەوە و چ کودەتا بە سوپا و سەرانی خۆی بکەن ئیتر نابێتەوە بەو دەوڵەتە مەرکەزییە و نۆرەی ئەوانی دیکەش دێت.
ئەمە ستراتیژ و مانشێتی سەردەمێکی نوێی سەدساڵی ئایندەیە: ڕۆژهەڵاتێکی ناوین بە بێ دەوڵەتێکی مەرکەزیی و یەک سوپایی و گشتگیر. نۆرەی پێکهاتەکانە گەر خۆیان بیانەوێت.



ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی