مارك ســـاڤایا...ئەو عێراقیەی بیناکردنەوەی عیراقی پێسپێردراوە

2 کاتژمێر پێش ئێستا

هەژار سدیق

مارك ساڤایا لەساڵی 1985 لەشارۆچکەی تلکێف.ی دەشتی نەینەوا لەبنەماڵەیەکی ناوداری کریستیان لەدایکبووە، ئێستا بزنسمانێکی گەورەی ئەمریکایەو خاوەنی گروپی کۆمپانیاکانی ساڤایا"یە.

لەهەڵمەتەکانی هەڵبژاردندا، پاڵپشتیکارێکی بەهێزی دۆناڵد ترمپ و کۆماریەکان بووه لەڕووی دارایەوە، لەساڵی 2025یشدا ڕۆڵێکی باڵای بینینی لەئازادکردنی خاتوو ئەلیزابێس تسۆرکۆف.ی لێکۆڵیاری یەهودی بەبنەچە ڕوسی کە لەساڵی 2023 ەوە لەلایەن گروپی چەکداری حیزبوڵڵا ڕفێندرابوو.

لە 19 ی ئۆکتۆبەری 2025  لەلایەن سەرۆك ترەمپ وەك نێردراوی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ عیراق دامەزراوە، مارك ساڤایا وەك کەسایەتیەكی کریستیانی سەر بەکەنیسەی کلدانی کاسۆلیك، ئەو ناوبانگەی نەبووە لەعیراق، بەڵام لەپرۆسەی ئازادکردنی خاتوو ئەلیزابێس تسۆرکۆفدا، ناوی درەوشایەوە، بەتایبەت لەلایەن گروپە چەکدارەکانی عیراق، بەوەرگرتنی پۆستی نێردراوی تایبەتی ئەمریکاش زیاتر ناسراوەو گروپە چەکدارەکانیش زەندەقیان لێی چووە، بەتایبەت لەلێدوانە ڕاشکاوەکانیدا، لەهاوکاریکردنی عیراقیەکان بۆ بیناکردنەوەی وڵاتەکەیان، وەك دەوڵەتێکی بەهێز.

عیراق وەك دەوڵەتێکی سیستماتیکی و دامەزراوەیی بەهێز، کە بریتیە لە کۆکردنەوەی چەك تەنیا لەدەستی دەوڵەت و کۆتاییهێنان بەهێزی میلیشیایی و بە ئەلیکترۆنیکردنی هەموو سەرچاوەکانی داهاتی نەوت و باج و گومرگ، لەلایەن حکومەتی ئیتیحادیەوە سەرپەشتی بکرێت، بەرنامەی گرنگ و لەپێشینەی ئیدارەی ئێستای ئەمریکایەو هیچ سازشێکی لەسەر ناکرێ و سەرپەرشتی کردنەکەشی بەبزنسمانێکی کریستیانی خەڵکی پارێزگای نەینەوای سپێردراوە.

بەدرێژایی مێژووی دروستبوونی دەوڵەتی عیراق، کەسایەتیەکانی وەکو کەریمی عەلەکەو ساسۆن حسقێل و مناحیم دانیال و سەدان کەسایەتی دیکەی یەهودی و کریستیان، ڕۆڵی باڵاو بەرچاویان هەبووە لەپێشخستنی عیراقدا، بەڵام بەداخەوە، لەدوای دەسەڵاتی ڕەشی بەعسی و قەومیەکان، کلتوری پێکەوەژیانیان وێرانکردو پێشکەوتنی ئەو وڵاتەشیان بەیەکجاری وەستاند، بۆ مانەوەو بەردەوام بوونیان، کوردو پێکهاتەکانیان بەهەموو شێوازێکی دڕندانە چەوساندەوەو هیچ گفتوگۆ و دانوساندنێکیشیان قبوڵ نەبوو.

بۆیە سەڕەڕای شۆڕش و بەرەنگاری، کوردو پێکهاتەکان هەمیشە هانایان بۆ دەرەوەی عیراق بردووەو چاویان لەوە بووە، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سنورێك بۆ ملهوڕی دەسەڵات دابنێت، کە ئەوەش لەساڵی 2003 بەدیهات و کۆتایی بەدیکتاتۆریەتی قەومی و بەعسیەکان هات.

ئێستا عیراق وڵاتێکی ئازادو خاوەن سەروەری خۆیەتی، بەڵام بەڵام بێهێزی سیستمی بەڕێوەبردن لەڕووی دارایی و ئابوری و سەربازیەوە، خەڵکێکی زۆری برسیکردووەو گروپێکی بچوکیشی کردۆتە ملیۆنەرو ملیاردنەر، بۆیە لەداهاتوودا ، کۆمەڵانی خەڵکی عیراق وەکو جاران چاویان لەهیمەتی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بەتایبەت چاویان لەدەست و پەنجەی ئەمریکاو مارك ساڤایای گەنجە، کە عیراق ببێت بەو دەوڵەتەی کە هەموومان شانازی پێوە بکەین.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی