بۆ نابێت ڕۆژئاوا تەنها جێبهێڵدرێت؟

2 کاتژمێر پێش ئێستا

هیوا سەید سەلیم

ڕۆژئاوای کوردستان بە خوێنی ١٥ هەزار شەهید و بەرخودانی چەند ساڵەی لە دژی تیرۆرستانی داعش و هێزە تریرۆرستیەکانی دیکە و پیلانی بەردەوامی ئیقلیمی، نەک هەر بۆ کورد و کوردستان، بگرە بۆ جیهان و مرۆڤایەتی بووە سونبلی ئازایەتی و خۆڕاگری،  بۆ گەلی کوردستانیش خەریک بوو دەبووە ئەزمونێکی دیکەی خۆبەڕێوەبەری کوردستانی.

شەڕڤانانی ڕۆژئاوا بە هەردوو ڕەگەزی کوڕ و کچیانەوە بە هاوکاری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی توانیان خەونی دەوڵەتی خەلافەتی داعش لەبار ببەن، کە مەترسیەکی گەورە بوو لەسەر تەواوی جیهان، بەشێوەیەک کە دوای بەرخۆدانی کۆبانێ ناوی شەڕڤان و تەنانەت جلەکانی ئەوان بووە سونبل و براندی گەورەی جیهانی.

بەڵام مخابن ململانێ و گۆڕانکارییە جیهانییەکان و بەرژەوەندی زلهێزەکان لە ناویاندا وڵاتێکی وەک ئەمەریکا خەریکە جارێکی دیکە دیزاینکردنەوەی جیهان و ناوچەکە لەسەر حسابی گەلانی بێ دەوڵەت و لە ناویشیاندا مافەکانی گەلی کوردستان کاری لەسەر دەکرێت.

ڕێکەوتنی پاریس لە ڕۆژانی ٤-٥ ئەم مانگە، کە تیایدا ئیسرائیل و سوریای نوێی کوکردەوە، کە حکومەتەکەی شەرع گەورەترین سازشی بۆ ئیسرائیل کرد، لەبەرانبەر لێدان لە ئەزموونی ڕۆژئاوای کوردستان.

بۆیە دەبینین دوو ڕۆژ دوای سازشە ئاىڕوبەرانەکەی حکومەتی شەرع بۆ ئیسرائیل،  دەستی هێزە تیرۆرستیەکەی حکومەتی شەرع بۆ گیانی کورد لە دوو گەڕەکی ئەشرەفیە و شێخ مەقسود ئاوەڵاکرا تا داعش ئاسا پەلاماری کوردانی ئەو دوو گەڕەکە بدەن، دواتریش وێڕای هەوڵەکانی ئاگربەست و کشانەوەی هێزەکانی هەسەدە لە ڕۆژهەڵاتی شاری حەلەب لە شارەکانی دێر حافر و مەسکەنە بەڵام دیارە پیلانەکە زۆر لەوە گەورەترە.

خەونی ئەحمەد شەرع لەباربردنی تەواوی ئەزموونی ڕۆژئاوای کوردستانە لەو بارەیەوە لە لایەن دەوڵەتی و تورکیا و تۆم باراکی باڵوێزی ئەمەریکا لە تورکیا ڕێنوێنی دەکرێت و پیلانەکەی بۆ دادەنرێت.

لەبەرانبەر ئەو پیلانە گەورەیە کە دژ بە ڕؤژئاوای کوردستان جێبەجێ دەکرێت کورد دەبێت چی بکات؟

-    دەبێت تەواوی کوردستانیان و هێزە سیاسییەکانی کوردستان ئەو پیلانە لە دژی خۆیان ببینن.

-    کەوتنی ئەزموونی ڕۆژئاوای کوردستان کاریگەری لەسەر مانەوەی سەنگ و بەردەوامی هەرێمی کوردستان دەبێت.

لەم سۆنگەیەدا دەبێت بە تەواوی هێزی مرۆیی و ماددی و مەعنەوەی لەسەر ئاستی تەواوی کوردستان و ڕەوەندی کوردستانی پشتیوانی لە بەرخۆدانی ڕۆژئاوای کوردستان بکرێت.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە