ئەو چەمکانەی سەرەوە هەر هەموویان چەمکێکی ڕایسستانەیە
زۆرێكیش لەوانەی کە بەکاریدەهێنن لەبێ ئاگاییانەوەیە یا لە نەزانینی زمانەوەیە
. بێ گومان کەمایەتییەکی زۆر کەمیش هەیە
زۆر بە باشی ماناکەی دەزانن و بە لێکدانەوەی مەبەستی خۆیان بەکاریان دەهێنن.
من لە مانگی یەکی 2016 بە وتارێك سەبارەت بەم زمانە
ڕایسستیانە و هەڵەکانی پەکەکە زیاتر لە 12 لاپەڕەم نوسیوە. هاوکاتیش ئەوەشم ڕوونکردۆتەوە کە ئەم زمانە هەر
زمانی پەکەکەیە نەك ڕۆژئاوا، میدیای ڕۆژئاوای کوردستان بەم زمانە ڕایسستیانە نە
قسە دەکات و نەدەنوسێت و نە بانگەشە دەکات .
باشە ئێمە دەزانیین کە سەرکردەکانی پەکەکە کوردیی سۆرانی
بەحاڵ دەزانن بەڵام خۆ نوسەران و ڕۆشنبیران و زۆرێك لە فەیسبوکوانانی کوردی سۆرانی
زمان، ڕەنگە ماناکەی بزانن ، کەچی هەر بەکاری دەهێنن، یاخود لەبەر ئەوەی کە
سەرکردەکانی پەکەکە یا میدیای پەکەکە ئەم زمانە بەکاردەهێنێت ئیتر ئەمانیش دەبێت
دوای کەون.
بۆچی بەکارهێنانی ئەو چەمکانە
ڕایسستانەیە؟
یەك: گەرچی ئامارێکم لە دەستدا نییە بەڵام وەکو دەیزانین و
مێژوی کۆمەڵگەی تورکیا دەزانین خودی میللەتی تورك لەوێ ئەگەر کەمایەتیش نەبن ئەوە
نیوەی میللەتانی تورکیان. کەواتە دەوڵەت ،
بە تەنها دەوڵەتی تورک نییە هی هەموانە ، زۆرێك لەو کەمایەتییانە دەنگیان بەو حکومەتە
داوە و دروستیان کردوە.
دوو: دەم پارتی کە بەشدارە لە پەڕلەمان و حکومەتدا هەرە
زۆرینەیان کوردن ، نەك تورك ، خۆ ئەگەر هیچ نین پەڕلەمان هی ئەوانیش نییە، ئەی
خێرە لەوێن؟
سێ: دڵنیام کە زۆرێك کە لە پایە گەورەکانی حکومەتدا یا
دەوڵەتدا کار بەدەستن کوردن وەکو هاکان فیدان کە دوژمنی سەر سەرختی کوردە ، وەکو
عومەر چلێک کە قسەکەری فەرمی ئاکەپەیە وەکو زۆرێكی دیکەیان کە پێویست ناکات لێرەدا
ناویان بهێنم . ئەمە جگە لەوەی خۆ خودی
ئەردۆگان تورك نییە، نەك هەر ئەوە بەڵکو ئەو 3 کەسەکەی دیکە کە خۆیان کاندید کرد
لەگەڵ ئەردۆگان بۆ سەرۆک کۆمار هیچیان تورک نەبوون .
چوار: هاووڵاتیانی تورکیا هەر نەتەوە و کەمایەتییەك بن دەبێت
خزمەتی زۆرەملێی سەربازی بکەن ، هەروەها لە بەشەکانی وەکو پۆلیس و دەزگە سیخوڕییە
هەستایارەکاندا کارمەندن، یاخود لە بەشەکانی خزمەتگوزاریدا ، لە دادگە و پەروەردە
و تەندروستی و وەرزش تد کورد هەیە . کەواتە تۆ بتەوێت و نەتەوێت ئەوانە لە خزمەتی
دەوڵەتی تورکیادان بەو جۆرەی کە پێویست دەکات .
پێنج : تۆ چۆن دەزانیت ئەو پۆلیسەی ، ئەو سەربازەی ، ئەو سیخوڕەی
میت کە کوژراوە تورکە ؟ تەماشای پێناسەکەیت کردووە؟ کونییەکەیت بینیوە؟
شەش : ئەی هەر ئێوە نین کە دەڵێن 20 ملیۆن کورد لە تورکیادا
هەیە ؟ ئەی ئەم 20 ملیۆنە، با بڵێین 14
ملیۆنیان هێشتا لەناو توکیادان، بە چی دەژین ؟ پارە لەکوێ وەردەگرن و دەیگۆڕنەوە
باج بە کێ دەدەن ؟ قازانج بە کێ دەگەیەنن ؟ پاسپۆرت و پێناسە لە کێ وەردەگرن؟
خزمەتی پۆلیسی بۆ کێ دەکەن ؟ غەیر هەمووی بۆ ئەو دەوڵەتەیە !! کەواتە تۆش بەشێکی
لەو تورکانەی ، ئازەریانەیت ، ئەو عەرەبانەی کە لە تورکیا دەژین حکومەت و دەوڵتتان
ڕاگرتووە !! کەواتە وەکو ڕاگرتن ئەرکەکەی هەر تورک نایکات بەڵکو هەموو هاووڵاتیەکی
تورکیا ، هەموو پێکهاتەکانی کە میللەتی تورکیایان پێكهێناوە ، دەیکەن .
حەوت : کە تۆ دەڵێیت دەوڵەتی تورك، وجود بۆ خۆت دانانێت ،
بوونی خۆت لەوێ ڕەت دەکەیتەوە ، ئاخر چۆن خاكێك دەبێت بێ میللەتێك؟ گەر حکومەت یا
دەوڵەت بە تەنها تورکە تۆ بەشدار نیت و وجودت نییە لە تورکیا و لە پێکهاتەکانی
کۆمەڵگەی تورکیادا نییە ، ئیتر بە چ هەقێك تۆ هەڵدەکوتیتە سەری و شەری لەگەڵدا
دەکەیت ؟
هەشت: ئەگەر وەڵامیشت بۆ ئەم خاڵانە ئەوەیە کە کورد لەوێ
تەتریك کراون، واتە کراون بە تورك ، کەواتە تۆش دەستورەکەی دەوڵەتی تورکیا پشتڕاست
دەکەیتەوە کە کورد نییە لەوێ!!
بێ گومان خاڵی دیکەش هەیە ، بەڵام ئەمانە سەرەکییەکانن
لای من. تکایە بوەستە لە بەکارهێنانی
زمانی ڕایسستی ، تکایە پێش ئەوەی وتار بنوسیت و ڕاگەیاندن بڵاوبکەیتەوە و ببیتە
ڕۆژنامەنووس بڕۆ فێری زمانی کوردی ببە ؟ یا هەر مەبەست ئەوەیە تۆوی ڕایسستی بچێنیت وەک چۆن تورکە ، عەرەبە ڕایسستەکان
هەمان شت دژ بە تۆ دەکەن.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی