پێشئەوەی باسی ئەو سێ وانەیە بكەم بۆ پ ك ك وپارتی و ئیسلامیەكان
پێم باشە زۆر بەكورتی سەرنجێكی كورتی خۆم پەیوەندیدار بەم پۆستەو بەم ڕووداوانە بخەمە
ڕوو. ئەویش ئەوەیە من بڕوام وایە ،نەك من كوڕی كوڕەكەشم ڕەنگە ئەو دەوڵەتە كوردییە سەرتاسەریەی ئێمە ئێستا زۆر لەهەموو كات زیاتر خەوی
پێوە دەبینین، نەبینێ و بگرە ڕەنگە شتی وا هەر نەێتە دی. بەڵام ئایا ئەم جۆش و خرۆشە
و ئەم تەبایی و هاوخەمییەی كوردان هەروا ئەڕوا و بێسوود دەبێ؟ بە دڵنیاییەوە نەخێر
، هەر هێزێك سیاسەتێكی حەكیمانەی كوردانەی پاك و بێگەرد پەیڕەو بكات دەتوانێ كەڵك لەم پشتیوانیە وەرگرێ
لە هەر كات و زەمانێكدا بێ. بگرە ئەم هێزی گەلە، ئەم ڕۆحی کوردبوون و هاوخەمیە ،دەكرێ
زۆر هاوكێشەی سیاسی بگۆڕێ گەر سەرکردایەتێکی باش بکرێ.
وانەی یەكەم بۆ پ ك ك :
ناكرێ دوای ئەو ڕووداوە و ئەوەی بەدوای خۆیدا هێنای وەك پشتگیری
سەرانسەری كوردان لە هەموو پارچەكان و دایەسپۆرای كورد بەهەموو پێكهاتەكانیەوە نەبێتە
مایەی بەخۆداچوونەوەی ئەم هێزە گرنگ وكاریگەرە. چۆن و لەچ ڕووێكەوە ئەوە بابەتێكی دووردرێژە
و ڕەنگە خوێنەرانی فەیسبوك حەوسەڵەی ئەوەیان نەبێ بەڵام لێرەدا زۆر بەكورتی ئاماژەی
پێدەدەم. دەكرێ لەو ڕووەوە ببێتە مایەی موراجەعە كە تێزەكانی ئۆجالان زۆر ناسكن و بەرگەی
ڕووشی و زبری ناوچەكە ناگرن.ئاخر ئەوی تورك وجودی خۆی لەسەر نەفی تۆ بنیاتناوە ئیترئەمەش راستە بۆ عەرەب و فارسیش، بۆیە تێزی برایەتی
گەلان پرسیاری گەورەی لەسەرە بەڵام خۆ دیارە
دژەكەی ئەمەش کە دژایەتی گەلانە ناكرێ و ئەمە بۆخۆی کێشەیەکی ئاڵۆزە. ئیتر گرنگە بیری
سیاسی ئەوهێزە ئەلتەرناتیڤی تر پێشكەش بكا.قسەكە ئەمەیە هەندێ لەو تەرحانەی پ ک ک و بەڕێز ئۆجالان ڕەنگە زووبن هێشتا بۆ ئەو دەڤەرە.
وانەی دووەم بۆ پ د ك :
پارتی ئەركی سەرشانی زۆر قورس بوو چونكە ئەگەر خۆی بەهێزێكی
كوردستانی عەیارە بیستوچوارئەزانێ و پێیوایە ئەو عەلەمداری كوردایەتیە ئەوا دەبێ لەو
جوغزە حزبایەتیە بێتەدەرەوە و لەهەمووشی گرنگتر ئەوەیە پرسی گەندەڵی و ناعەدالەتی و
دابەشبونی سەروت و سامانی مەملەكەت بەنایەكسانی و فەرامۆشكردنی هەندێ ناوچەی دوورەدەستی
پارتی، پرسیاری قورس دەخەنە سەر ئەو عەلمەداریە. زۆریش لەمە گرنگتر بیركردنەوەیە لە
هاتنەدەرەوەی هاوپەیمانی توركان ئەوجا ئێمە چاك لەوە تێدەگەین كە ئەمە ئاسان نیە و
گرێدراوە بەتەرەفگیری ئێقلیمی و تەنانەت نێودەوڵەتیش بەڵام ئەمە ئەركی نوێی پارتیە.
بەڵێ ئەرکیەتی لا بەلای ماڵی کورداندا بکاتەوە لە بەڕێز عەبدیەوە فێری نا وتن بێ.
وانەی سێهەم بۆ ئیسلامیەكان:
ئەوەی مایەیی دڵخۆشیە سەرەتاكانی موراجەعە كردن و بەخۆداچوونەوە
تێبینی دەكرێ لای ئیسلامیەكان (لەسەر ئاستی جەماوەر) بەوەی هەر زوو لەوە تێگەیشتن ئەوانی
دیكە برایەتی دینی تەنها وەختێك ئەخوا لایان كە لەگەڵیان بی ئەگینا بە دڕندەترین شێوە
پەلامارت دەدەن وەك لە گەڕەکە کوردیەکانی حەلەب و ناوچەکانی دیکە دیتمان. لەمڕوەوە
هەموان قەرزاری بەیاننامەکەی وەزارەتی ئەوقافی سوریان ئەم راچەڵەکانەی دروست کرد.
بۆیە ئەوە بەس نیە وگرنگە بە گوتاری سیاسی و پەروەردەیی و
ڕێكخراوەییدا بچنەوە و هەقە بە دەنگی بەرزو دلێر ئەوە بڵێن كە داكۆكی لە پرسی خاك و
نەتەوەت نەك هەر دژایەتی دین نیە بگرە خودی دینداریە. دژایەتی زاڵم و پشتگیری مەزڵوم
كرۆكی دینە و بێ گوێدانە كێن زاڵم ومەزڵومەكە خۆ ئەگەر مەزڵوم بەشێك بوولە نەتەوەكەت
ئیتر ئەوە واجبی واجبەكانە.
تێناگەم ئەگەر ئەوان دەیانەوێ بڵێن ئێمە ڕەسەنین دەبێ شەڕی
خاوەنداری قەزییەی خاكەكەیان بكەن،هەتا ئەوان فێرێ ئەوە نەبن دەركەوتن و دەرنەكەوتنی
پرچی كیژۆڵەیەك گرنگترنیە لە ئەتكی خاك و نەتەوە ناتوانن ئەو خاوەنداریەتیە بگرنە ئەستۆ.ئەوان
پێویستیان بەخوێندنەوەی كوردانەیە بۆ دین، هەروەک ئەوانی تر وایان کردەوە.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی