لێدان لە برایەتی گەلان، لێدانە لە رۆژئاوا

2 کاتژمێر پێش ئێستا

زاگرۆس هیوا




ئەوەی لە رۆژئاوا دەگوزەرێت جێبەجێکردنی پلانێکە لە چوارچێوەی سەرلەنوێ داڕشتنەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گوێرەی بەرژەوەندی زلهێزەکان. لەم داڕشتنەوەدا ئیرادەی گەلان بە نەبوو هەژمار دەکرێت و چارەنوسیان، وەک تۆم باراک وتەنی ئەدرێتە دەستی 'دیکتاتۆرە خێرخوازەکان'. ئەم دیکتاتۆرانە لە چوارچێوەی پلانێکی درێژخایەندا لە مێژە ئامادە کراون.  ئەمە مۆدێلێکی بەڕێوەبەرییە کە ئەمریکا شایستەی رۆژهەڵاتی ناوینی دەبینێت. ئێدی هاوپەیمانی دژ بە داعش گۆڕاوە بۆ هاوپەیمانی لەگەڵ داعش. ئەفغانستان رادەستی ئەلقائیدە کرایەوە و سوریاش رادەستی داعش. ئەو زیندانییانەی داعش جارێکی دی رێکدەخرێنەوە، پەروەردە و پڕچەک دەکرێن و لە سەر ناوێکی جیاواز بەریان دەدەنە گیانی هەر وڵات و هەرگەلێک کە بیانەوێت. ئێدی هێزی پرۆکسی بچووک و پەرتەوازە نامێنێت، هەموویان کۆ دەکەنەوە و دەوڵەتێکیان پێدەدەن، بەم شێوەیەش رەوایەتی و فەرمییەتیان پێدەبەخشن. بۆ ئەوەی بۆگەنی تاوانەکانیانیش بشارنەوە، جلی جیهادییان لەبەر دادەکەنێن، قات و بۆینباخیان لەبەر دەکەن و  لە کۆشکی سپی عەتری بۆنخۆشیان پێا دەکەن.
لەم کۆنتێکستەدا، هەر مۆدێلێک کە فاشیزمی نەتەوەپەرستی و ئایینپەرستی و رەگەزپەرستی پەسند نەکات و بیەوێت ژیانێکی ئازاد بە دوور لەم چەمکانە بونیاد بنێت، وەک دوژمن سەیر دەکرێت. ئەو شەڕەی کە لە رۆژئاوا هەیە پێویست دەکات لەم چوارچێوەیەدا واتای پێبدەین. شەڕی رۆژئاوا شەڕی حەقە لە دژی ناحەقی، شەڕی مرۆڤایەتییە لە دژی دڕندەیی، شەڕی ڕەوشتە لە گەڵ بێڕەوشتی، شەڕێکە لە پێناو بەهاکانی مرۆڤایەتی.  هێرشی سەر رۆژئاوا تەنیا هێرشێکی سەربازی نییە، بەر لە هەموو شتێک هێرشێکی زیهنییەتی، سیاسی و ئابووری و کەلتوورییە. راستە، عەرەبێکی شۆڤێنی و جیهادی بۆتە بەڵێندەری ئەنجامدانی ئەم هێرشانە، بەڵام ئەو بە هیچ شێوەیەک نوێنەرایەتی گەلی عەرەب وەک کەلتوور، وەک ئۆنتۆلۆژی ناکات. زاتەن یەکەم  کاری ئەبوو محەمەد جۆلانی فرۆشتنی هێماکانی قەزیەی عەرەبی واتە جۆلان (گوڵان)، فەلەستین و قودس بوو.  ئەو نوێنەرایەتی زلهێزەکانی جیهان دەکات و بۆ ئەوەی کە رەوایەتی بەم هێرشە ببەخشێت دەمامکی نەتەوەپەرستی عەرەب و ئایینپەرستی ئیسلامی سوننە بەکار دەهێنیت.
لێرەدا پرسیار ئەوەیە کە لەم سەرلەنوێ داڕشتنەوەدا پێگەی کورد چی بە سەر دێت؟ کورد چ مافێکی دەبێت؟ پەرەسەندنەکانی ئەم دوو ساڵەی دوایی ئاماژە بەوە دەکەن کە کورد سایکس-پیکۆ و لۆزانێکی دی بە سەردا سەپێنراوە. پەیماننامەی پاریس تەنیا پەیمانێک نییە لە نێوان سوریا و ئیسرائیلدا. رەزامەندی و بەرژەوەندی زۆر لایەنی نێودەوڵەتی و هەرێمی تێدایە. لە کاتی شەڕی حەلەبدا وەزارەتی دەرەوەی سوریا لە بەیاننامەیەکدا سوپاسی هەموو ئەم لایەنانەی کرد. هێشتا ماددەکانی پەیمانی پاریس ئاشکرا نەکراون، بەڵام ئەو بڕیارنامە (مەرسومە) کۆمارییەی کە جۆلانی بڵاوی کردەوە، هێڵە گشتییەکانی ئەم رێککەوتنە نوێیە سەبارەت بە کورد ئاشکرا دەکات. ئەم هێڵە گشتییانە کۆپی کراوی هەمان سیاسەتی تورکیا و ئەردۆغانن، سیاسەتی "تورکیای بێ تیرۆر و هەرێمی بێ تیرۆر"، کە ئەمەش سیاسەتی پاکتاوکردنی کوردە.  لەم چوارچێوەیەدا سەرەتا بۆ ئەوەی کە گەلی کورد هەڵخەڵەتێنن، دەست دەکەن بە ئەدەبیاتی برایەتی و دەڵێن "کوردمان وەها خۆش دەوێت و وەها لە دڵ و دەروونماندایە" و  ئەگەر پێویستیشی کرد فرمێسکیشی بۆ دەڕێژن. تەنانەت جارجار هەوڵ دەدەن لە شەجەرەی بنەماڵەدا رەگێکی کوردیش بۆ خۆیان بدۆزنەوە.  بەڵام ئەم حەز کردن و خۆشەویستییە بۆ کورد، تەنیا هەڵخەڵەتاندنە و هیچ رەنگدانەوەیەکی لە یاسا و دەستووردا نییە. تەنیا پەیامێکی خۆشەویستییە کە لە سەر چەو و لمی کەناراوەکانی دەریای مێدیترانە نووسرابێت. بە شەپۆلێک دەسڕدرێتەوە. زاتەن ئەردۆغان بە کێ گوت برا، پێویستە بزانین کە چاڵی بۆ هەڵدەکەنێ. 
کە دێتە سەر ماددەکانی مەرسومەکە دەبینین کە هەمان سیاسەتی نکۆڵی و جینۆساید بە شێوەیەکی زۆر زیرەکانە تیایدا شاردراوەتەوە. راستە، دوای سەد ساڵ خەباتی کورد ئێدی ناتوانن بە راشکاوانە نکۆڵی لە هەبوونی بکەن، بە گوتنیش بێت دانی پێدا دەنێین. بەڵام لەم لۆزانە نوێیەدا  کورد هیچ مافێکی نییە. نە مافی دەستووری هەیە، نە مافی یاسایی. نە مافی سیاسی هەیە نە مافی کۆمەڵایەتی. نە مافی ناسنامەی هەیە، نە مافی پەروەردە بە زمانی کوردی و نە مافی خۆپاراستن. تەنیا ئەمە بە کورد دەڵێین: "ئێمە ئەوە سەد ساڵە لە بەر گورانی گوتن، فیکە بە کوردی و هەڵپەڕکێ کوردی ئێوەمان دەکوشت، ئەشکەنجە و زیندانیمان دەکردن. ئێدی واناکەین. پێویستە بۆ ئەمە سوپاسمان بکەن. دەتوانن بۆ خۆتان گورانی بڵێنەوە و هەڵپەڕن. بۆ ڤستیڤاڵ و شتی وا  ئەمەمان پێویستە. پێویستە زۆریش سوپاسگوزار بن کە رێگەمان داوە ئەمە بکەن". بەمەش دەڵێین گوایە دەستەبەر کردنی مافی کەلتووری گەلی کورد.
 شەڕی رۆژئاوا بۆ سەپاندنی ئەم مەرجانەیە. گەلەکۆمەیەکی نوێ دژ بە کورد لە رۆژئاواوە دەستی پێکردووە و ئەگەر بەری لێنەگیردرێت بڵاوی هەموو بەشەکانی کوردستان دەبێتەوە. ئەو جیهادییەی کە ئێستا لە سنووری حەسەکە و قامشلۆ و کۆبانی مڵازی گرتووە، سبەینی دێتە بەردەم ماڵی هەر کوردێک. ئەم گەلەکۆمە فۆرمێکی نوژەنکراو و درێژکراوەی گەلەکۆمەی نێو دەوڵەتییە دژ بە رێبەر ئاپۆ لە ساڵی ١٩٩٨-١٩٩٩. گەلەکۆمەیەکە لە دژی عەقڵی ستراتژیکی کورد. هەربۆیە کوردیش‌ هاوشێوەکی خۆڕاگرییەکانی ١٥ی شوباتی ١٩٩٩  خۆڕاگرییەکی ستراتژیک دەکات و بە عەقڵی ستراتیژیکی خۆی وڵام دەداتەوە. هەموو کوردێک لە ناخی خۆیدا هەست بەمە دەکات و ئەم هەستە دەکاتە کردار و چالاکی. ئەم گەلەکۆمە نوێیە کەی دەستیپێکرد؟ ئەم گەلەکۆمە لە ٢٧ی نۆڤەمبەری ساڵی ٢٠٢٤ دەستی پێکرد. لە ساڵرۆژی دامەزراندنی پەکەکەدا، جۆلانی هێرشی کردە سەر حەلەب و پۆلیسی بەریتانیاش هەڵیکوتایە سەر کومەڵەی کوردی لەندەن. لە رۆژی ٩ی ژانویەدا، هەمان رۆژی تیرۆرکردنی سەکینە جانسز لە پاریس، هەر دوو تاخی شێخ مەقسود و ئەشرەفییەی حەلەب داگیرکران. ئەو دەستەی کە شەهید سەکینە جانسزی لە پاریس تیرۆر کرد هەمان ئەو دەستەیە کە لە هەمان رۆژدا تەرمی شەهید دەنیزی لە بیناکەی حەلەب فڕە دایە خوارەوە. 
لێرەدا پرسیار ئەمەیە کە ئایا ئەم گەلەکۆمەیە دەچێتە سەر؟ وەڵامی ئەم پرسیارە بە تەواوی گرێدراوی تێکۆشانی کورد و دۆستی کوردە، بە هەموو چین و توێژەکانیەوە. پلانەکە تازە خەریکە دەکەوێتە واری جێبەجێ کردنەوە و هێشتا لە سەر ئەرزی واقیع نەگرساوە. پێویستە رێگە نەدەین بگرسێت. لایەنی پیلانگێڕ کاتێک کە ببینێت تێکۆشانێک هەیە لە بەرامبەری، ناچارە بە پلانەکەی خۆیدا بچێتەوە. ئەوەی تا ئێستا روویداوە هەر ئەمەیە. تۆم باڕاک ویستی لە هەولێر پلانەکەی بە تەواوی بسەپێنێت و بیکات بە ئەمری واقیع. ئەوەی ئەو دەیویست بەسەر کورددا بیسەپێنێت خۆ بەدەستەوەدان و رادەستکردنی هەموو دەسکەوتەکان بە جۆلانی جیهادی بوو. وای دانابوو کە کۆتا چاوپێکەوتنی بێت لە گەڵ هەسەدە. بەڵام کاتێک کە رۆژئاوا بڕیاری خۆڕاگری دا و هەموو گەل لە هەموو بەشەکانی کوردستان و لە دەرەوەی وڵات هاتنە سەر شەقام، ناچار دووبارە هەم لە شام و هەم لە هەولێر لە گەڵ هەسەدە دانیشت. ئەوەی کە تۆم باڕاکی هێنایە سەر مێزی دانۆستان داستانی خۆڕاگری قارەمانانەی شەرڤان و  پشتیوانی گەل بوو و بەس. هەموو خۆڕاگرییەک قارەمانی خۆی هەیە. قارەمانی ئەم خۆڕاگرییەش ژنانی هەر چواربەشی کوردستان و سەرتاسەری جیهان بوون کە بە هۆنانی کەزی ترسیان خستە هەناوی جۆلانی و هاوپەیمانەکانی. قارەمانی ئەم خۆڕاگرییە ئەو کیژوڵە جوانەیە کە بە گوتنەوەی دروشم لە سەر هەر دوو شانی باوکی خۆپشاندانەکانی سلێمانی دەسۆڕێنێت. قارەمانی ئەم خۆڕاگرییە ئەو دایکەیە کە لە ڕانیەوە بە دەستی خۆی کوڕەکەی دەنێریت بۆ بەرەکانی جەنگ لە رۆژئاوا، ئەو باوکەیە کە خۆی و کوڕەکەی پێکەوە دەچن بۆ جەنگ، ئەو مامۆستا ئایینیەیە کە مینبەری کردۆتە سەرنگەر دژ بە داگیرکەران، ئەو راگەیاندنکارانەن کە هەموو چەواشەکارییەکان میدیای قەتەری و سعوودییان پووچەڵ کردۆتەوە، ئەو دایکەیە کە پارەی دەرمانی شێرپەنجەی خۆی دەنێرێت بۆ رۆژئاوا، ئەو منداڵەیە کە پارەی دەخیلەکەی خۆی دەنێرێت بۆ منداڵانی رۆژئاوا، ئەو گەنجانەن کە نموونەی شەهید ئەحمەد هێمن کەرکووکی لە باکوور و باشور و رۆژهەڵاتەوە سنووریان بەزاند و چەکی خۆڕاگرییان کردە شان. کەس نکۆڵی لە گرنگی دیپلۆماسی ناکات، بەڵام لایەنی بەرامبەر بەرلەوەی گوێ لە دانۆستانکاری کورد بگرێت، ئاوڕێک لە هەڵوێستی ئەم قارەمانانە دەداتەوە  و بە گوێرەی ئەوە بڕیار دەدات. زۆر بە دڵنیاییەوە دەتوانین بڵێین کە ئەم قارەمانێتییەی گەل تا ئێستا نەیهێشتووە ئەم گەلەکۆمە بگرسێت. ئەم خۆڕاگرییە کاریگەرییەکی وەهای دروست کردووە کە بەشداربووانی ئەم گەلەکۆمەیە هەر یەکەو کەوتوونە پەلەقاژەی پاکانە کردن  بۆ خۆی. هەر یەکە و بە جۆرێک دەڵێین "وەڵا من تێدا نییم" و لێدوان دەدەن و پلانی دەرچوون لەم ئابڕوچوونە دادەنێن.
دەسکەوتێکی دیکەی خۆڕاگری رۆژئاوا و پشتیوانی گەل لە هەر چواربەشی کوردستان لە دەرەوی وڵات دروست بوونی یەکێتی نەتەوەیی بوو. مانگی رێبەندان بوو بە مانگی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد.  گەلی کورد لە ساڵیادی کۆماری مەهاباددا کۆنگرەی نەتەوەیی بەست. ئەم کۆنگرەیە نەک لە هۆڵ و سالۆنەکاندا و  بە بەشداری نوخبەی سیاسی، بەڵکۆ لە هەموو ماڵ و شەقام و کۆچە و کۆڵان و یاریگا وقوتابخانە و مزگەوتەکانی کوردستان، لە شەقام و مەیدانەکانی ئەوروپا و ئەمریکا، بە بەشداری کارا و راستەقینەی ملیۆنان کورد لە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا، لە ژێر باران و بەفر و سەرما و سەقەم و  گازی فرمێسکڕێژ و زەختی پۆلیسدا، بە گەواهی و چاودێری رای گشتی هەموو دونیاوا بەسترا. ئەوە سەلمێنرا کە دیالێکتیکی یەکێتی نەتەوەیی و کۆنگرەی نەتەوەیی لە ناو کورددا، نەک پەیمانێکی سیاسییە کە چەند کەسێک واژۆی بکەن، بەڵکۆ پەیمانێکی کۆمەڵایەتییە لەسەر بنەمای پاراستنی نرخ و بەهای هاوبەشی مرۆڤایەتی کە هەر کوردێکی نیشتمانپەروەر و هەر مرۆڤێکی خاوەن رەوشت تیایدا بەشداری دەکات و یەک بڕیاریشی وەرگرتووە: بەرخوەدان.  یەکێتییەک کە بەم شێوەیە بێتە ئاراوە بە هیچ شتێک خراپ نابێت. ئەوەی کە دەکەوێتە سەر حزبەکان و هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان ئەوەیە کە وەفایان بۆ ئەم پەیمانە کۆمەڵایەتییە هەبێت و بە هەموو شێوەیەک پابەندی بڕیارەکانی بن.
پاراستنی رۆژئاوا تێکۆشانێکی هەمە لایەنەیە. گوتاری نەتەوایەتی و کوردبوون بۆ پاراستنی رۆژئاوا زۆر گرنگە و پێویستە بەردەوام بێت. ئەمە گوتاری یەکێتی و خوشک و برایەتی گەلی کورد لە هەر چواربەشی کوردستاندا. نەتەوایەتی و شەڕی مان و نەمان بۆ نەتەوە یەکێکە لە رەمزەکانی رۆژئاوا. بەڵام رۆژئاوا هەڵگری پەیامێکە بۆ هەموو مرۆڤایەتی و گوتاری نەتەوایەتی تەنیا یەکێکە لە رەمزەکانی رۆژئاوا. کوردبوون، ئازادی ژن، پاراستنی ژینگە، پێشەنگایەتی ژنان و گەنجان، ئازادی هەموو گەلان، ئازادی ئایینەکان، برایەتی گەلان، و هتد هەموو رەمزی کوردستانی رۆژئاوان و کۆی هەموو ئەم رەمزانەیە کە هەبوون و ئۆنتۆلۆژی رۆژئاوایان پێکهێناوە. هەر یەکێک لەم رەمزانە سەنگەرێکن، مینبەرێکن. رۆژئاوا ئەوە زیاتر لە ١٤ ساڵە بە پشت بەستن بە کۆی ئەم رەمزانە، بەم سەنگەر و مینبەرانە هاتووەتە بوون و خۆڕاگری دەکات. قەتیس کردنەوەی رۆژئاوا تەنیا لە گوتارێک و لە رەمزێکدا، دێتە واتای خنکاندنی رۆژئاوا. دێتە واتای ئەوەی کە تەنیا لە سەنگەرێکەوە شەڕ بکەیت، لە مینبەرێکەوە وتار بدەیت و هەموو سەنگەر و مینبەرەکانی دیکە چۆڵ بکەیت. رۆژئاوا قەڵای خۆڕاگری کوردانە. قەڵایەک چەندە سەنگەری زۆر بن، ئەوەندە بەهێزتر خۆی دەپارێزێت. هەر رەمزێکی رۆژئاوا سەنگەرێکە و هەر مرۆڤێکی ئازادیخوازێک لە یەکێک لەم سەنگەرانەوە و لەپێناو رەمزێکدا یان کۆی رەمزەکاندا خۆڕاگری دەکات. چۆنکە رۆژئاوا هەروەکو چۆن بەرجەستەکردنی هیوای ئازادییە بۆ گەلی کورد، لە هەمان کاتدا بۆ گەلانی دیکە و بۆ هەموو مرۆڤایەتیش هیوابەخشی ئازادییە و ئەو شتەی کە تا ئێستا رۆژئاوای لە سەر پێی راگرتووە، ئەوەیە کە گوتاری  رۆژئاوا پەیامی بۆ هەموو مرۆڤایەتی هەیە، هیوای رزگاری هەموو مرۆڤایەتییە. هەربۆیە زۆربەی گەلانی جیهان، لە چوار لای دونیاوە، رۆڵەکانیان هاتن لە رۆژئاوا گیانی خۆیان لە پێناو مانەوەی ئەم ئەزموونەدا فیدا کرد. ئەوان ئازادی خۆیان لە ئازادی رۆژئاوا دەبینن.  ئێستاش لە هەموو جیهاندا، بە هەزاران دۆستی گەلی کورد لە پێناو پاراستنی رۆژئاوادا لە سەر شەقامەکانن.
هەڵبەت مرۆڤ کاتێک کە تووشی کێشە و نەهامەتییەک ببێت، لە هۆکارەکانی دەکۆڵێتەوە. ئەمە شتێکی زۆر ئاساییە و بۆ دەرس وەرگرتن و  پێشکەوتن گرنگە. لێرەدا گرنگ ئەوەیە کە بتوانین رۆژئاوا لە ناو زەمین و سیاقی خۆیدا و لە چوارچێوەی پارادایمی خۆیدا هەڵبسەنگێنین. ئەزموونی رۆژئاوا لە سەر بنەمای دوورکەوتنەوە لە نەتەوەپەرستی، ئایین پەرستی و جنسیەت‌پەرستی و داهێنانی پارادیمێکی نوێ گەشەی کردووە و تا رۆژگاری ئەمڕۆمان هاتووە.  هەربۆیە ناتوانین بە پشتبەستن بە نەتەوەپەرستی و رەگەز پەرستی و ئایین پەرستی رەخنە لە رۆژئاوا بگرین. هەندێک کەس بە ناوی ئاکادیمی و رۆشنبیر یان مامۆستای ئایینی  بەئەنقەست یان لە رووی بێ ئاگاییەوە هەڵمەتێکیان دژ بە چەمکی برایەتی گەلان، دژ بە ئازادی ژن، دژ بە ئایین، دژ بە عەرەب  و هتد  دەستپێکردووە. گوایە "چەمکی برایەتی گەلان فەشلی هێناوە و پێویستە بگەڕینەوە بۆ نەتەوەپەرستی؛ نەتەوایەتی فەشەلی هێناوە پێویستە و بگەڕینەوە بۆ ئایین؛ رێبازی ئازادی ژن فەشەلی هێناوە، ژن ناتوانێت شەڕ بکات و پێویستە لە ماڵەوە خزمەتی مێردەکەی بکات؛ عەرەب هێرشمان دەکاتە سەر و پێویستە ئێمە هێرش بکەینە سەر عەرەب، موسوڵمان هێرشماندەکاتە سەر پێویستە ئێمەش ئێدی ئیسلام نەبین" و هتد.
هەمووی ئەم بۆچوونانە هەڵەن و بە ئەندازەی هێرشەکەی سوپای جۆلانی زەرەر لە رۆژئاوا دەدەن، چۆنکە گورز لە رەمزەکان دەدەن. لێدان لە برایەتی گەلان، لێدانە لە رۆژئاوا. لێدان لە ئازادی ژن لێدانە لە رۆژئاوا.  لێدان لە رەمزەکان لە هێرشی سەربازی مەترسیدارترە. ئەگەر سەنگەرێک شکا مرۆڤ دەتوانێت دوبارە بیگرێتەوە، بەڵام ئەگەر ئەو رەمز و بەهایەی کە جەنگاوەرێک لەو سەنگەرەدا  لە پێناویدا خۆڕاگری دەکات تووشی لێدان و شکان بێت، هەرگیز تۆ ناتوانیت کەسێکی دیکە لەو سەنگەرەدا دانیت و رازی بکەیت کە بۆ ئەو رەمزە شەڕ و بەرخودان بکات.
لێدان لە برایەتی گەلان، تەنیا لێدان لە رۆژئاوا نییە. لێدانە لە باشور، لە ئەزموون و دەسکەوت و رەمزەکانی باشوری کوردستانیش. چۆنکە لە ئەزموونی باشوریش دا برایەتی گەلان هەیە. خوالێخۆشبوو مام جەلال لە سەر ناوی کورد سەرۆککۆماری هەموو گەلانی عێراق بوو، سیمبۆلێکی برایەتی گەلان بوو، هەموو لایەک وەک چەتری ئاشتی سەیری دەکرد.   ئێستاش هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بۆ ئەوەی کە بچنە پەرلەمانی عێراق و لە هاوکاری و پەیوەندی و هاوپەیمانی لە گەڵ عەرەبدا باشوری کوردستان بپارێزن لەگەڵ یەک کێبڕکێ دەکەن. تەنانەت ئامادەن دەست لە دەنگی برای کورد هەڵبگرن بۆ ئەوەی کە دەنگی فڵان برای عەرەب، یان کریستیان، یان ئاسوور و یان تورکمان لە کەرکووک و مۆسڵ و دیالە و سەلاحەدین بەدەست بهێنن.  لایەنێک ئامادەیە بۆ ئەوەی پۆستێک لە دەستی برا کوردەکەی دەربهێنێت، هەموو ئیمتیاز و بە ملیۆنان دۆلار ببەخشێت بە برا عەرەبەکانی.
لێرەدا پرسیارێک دێتە ئاراوە، ئایا برایەتی گەلان بۆ باشور حەڵاڵە و بۆ رۆژئاوا حەرامە؟ راستەکەی ئەوەی کە بۆ هەر دوویان حەڵاڵە. چەمکی برایەتی گەلان هەڵە نییە، رەنگە رۆژئاوا ئەگەر هەڵەیەکی هەبێت ئەوەیە کە وەک پێویست پەرەی بە برایەتی گەلان نەداوە. هەمان شت بۆ برایەتی ئایینەکان و ئازادی ژنیش ڕاستە. فاشیزمی عەرەبی و تورکی و فارسی بە فاشیزمی کوردی وڵام نادرێتەوە. فاشیزم فاشیزمە، رەنگ و بۆنی جیاوازیشی هەبێت، گەوهەرەکەی ناگۆڕێت. فاشیزمی نەتەوەپەرستی و ئایینپەرستی و رەگەزپەرستی ئایدیۆلۆژیای رەسەن و خۆماڵی نیین، لەگەڵ ئۆنتۆلۆژی و سۆسیۆلۆژی ئەم ئاو و خاکەدا ناگونجێن. ئەمانە ئایدۆلۆژیای هاوردە و لەقوتوونراون و وەک خواردنێک بۆ مێشکی مرۆڤەکان بەکار دەهێنرێن. 
کاتێک لە مرۆڤ برسی دەبێت و دەیەوێت خواردنێک بخوات، دوو رێگا هەیە کە خۆی تێر بکات. تەندروسترین رێگا  ئەوەیە کە مرۆڤ لە بەرهەمە خۆماڵییەکان بە دەستی خۆی چێشتێک لێنێت و بیخوات. ئەگەر مرۆڤ کاتی نەبوو، تاقەتی نەبوو، نەیویست خۆ ماندوو بکات، رێگای دووەم ئەوەیە کە خواردنی ئامادە و لەقوتوونراو بکڕێت و بیخوات. ئەم خواردنە کەسێکی دی ئامادەی کردووە و لە قوتووی ناوە و بەرواری بەسەرچوونیشی هەیە. هەموو لێکۆڵینەوە زانستییەکان ئەوە دەردەخەن کە خواردنی لەقوتوو نراو شێرپەنجەی لێدەکەوێتەوە، بە تایبەت ئەگەر ماوەکەی بەسەر چووبێت.  ئەمە بۆ ئایدیۆلۆژیای لە قوتوونراویش وایە. نەتەوەپەرستی، ئایین‌پەرستی، رەگەزپەرستی، و زانست پەرستی ئایدیۆلۆژیای لەقوتوونراون. ئەمانە ئایدیۆلۆژیای ئامادەن، لە هەموو شوێنێک هەن، سەرئێشەی ناوێت کە خۆتی لە سەر پەروەردە بکەیت، هەموو میدیای سیستەم  ٢٤ سەعاتە ریکلامی بۆ دەکەن و دەیوروژێنن. تەنیا بڵێی "بژی فڵان نەتەوە، فڵان ئایین، فڵان رەگەز" یان "بمرێ فڵان نەتەوە، فڵان ئایین، فڵان رەگەز" بەسە. ئێدی پێویست ناکات زۆر سەری خۆتی پێوە بێشێنیت. جا ئەم نەتەوەیە دەتوانێت  عەرەب بێت، کورد بێت یان تورک، یان فارس، فەرق ناکات. دەتوانێت موسڵمان بێت، جوولەکە یان مەسیحی، فەرق ناکات. لەم ئادیۆلۆژیا لەقوتوونراوەدا کەس ناپرسێت کە نوێنەرانی ئەم نەتەوە یان ئایینە پێویستە تایبەتمەندییەکەی چۆن بێت؟ زیهنییەتی چۆن بیت ؟ ژنکوژە یان نا؟ پیاوکوژە یان نا؟ دز و گەندەڵە یان نا؟ ژینگە دەپارێزێت یان نا؟ پێویست ناکات خۆت بە پەروردەکردنی ئەم کەسەوە سەرقاڵ بکەیت. تەنیا دروشمت بۆ بڵێتەوە بەسە. هەروەکو چۆن خواردنی لە قوتوونراو شێرپەنجەی جەستەی لێدەکەوێتەوە، ئایدیۆلۆژیای لەقوتوونراویش (نەتەوە پەرستی، ئایین پەرستی، رەگەز پەرستی و زانست پەرستی) شێرپەنجەی کۆمەڵایەتییان لێدەکەوێتەوە. شێرپەنجەی کۆمەڵایەتی دایکی هەموو شێرپەنجەکانە. هەروا بە ئاسانی دەرمان ناکرێت. چ پێویست دەکات کۆمەڵگای کوردیش، هاوشێوەی کۆمەڵگای تورکی  و عەرەبی تووشی شێرپەنجەیەک بکەین کە نەوە دوای نەوە ئاسەوارەکانی بمێنێت؟  کێشەکە ئەوەیە کە ئەم ئایدیۆلۆژیا لە قوتوونراوانە لە هەر کوێیەک دروستکرابێتن، لای خۆیان ماوەکەی بەسەر چووە،  بەڵام بە گەلانی رۆژهەڵاتی ناوینی دەفرۆشنەوە. هەرکەسێک نەتەوەپەرستی کرد، پێویستە بزانین کە ئەو کەسە لە شوێنێکدا نەتەوەی خۆی دەفرۆشێت. هەرکەسێک ئایین پەرستی کرد، پێویستە بزانین کە ئەو کەسە لە شوێنێکدا ئایین دەفرۆشێت. سروشتی ئەم کارە وایە.
ئێستا لە سەر راگەیاندن و لە ناو شەقامدا شاڵاوێک لە دژی برایەتی گەلان لە رۆژئاوای کوردستان  لە لایەن چەن کەس و گروپێکەوە دەستی پێکردووە. گوایە چەن عەشیرەتێکی عەرەب خیانەتیان لە قەسەدە کردووە و ئێدی پێویستە کورد متمانە بە عەرەب نەکات. بەڵام ئەم بەناو ئەکادیمی و رۆشنبیرانە توزێک سەری خۆیان نایشێنن کە لە دۆخەکە تێبگەن و بزانن برایەتی گەلان چ دەسکەوتێکی بۆ رۆژئاوا هەبووە. ئەوەی لە رۆژئاوادا خیانەتی لە کورد کردووە عەرەب نییە، بەڵکۆ چەن سەرۆک عەشیرەتێکن کە سعوودیە و قەتەر بەر لە چەند مانگ بە ڕینمایی تورکیا چەندین ملیارد دۆلار پارەیان بۆ ڕژاندوون بۆ ئەوەی لە دژی هەسەدە بوەستەوە. بەڵام لە ئەندامەکانی ئەم عەشیرەتانە بە هەزاران کەس بەشداری قەسەدە بوون و بەهەزران شەهید و برینداریان لە ناو ریزەکانی هەسەدە و یەپەگە و یەپەژەدا هەیە. ئێستاش  زۆرێک لەم شەرڤانە عەرەبانە لە ناو هەسەدە دا ماونەتەوە و لەدژی چەتەکانی جۆلانی لە شەڕدان. یەکەم شەهیدی تێکۆشانی ئازادیخوازی رۆژئاوای کوردستان شەهیدێکی عەرەبە و خەڵکی رەققایە. (شەهید عەزیز عەرەب).
فاشیزم بە فاشیزم وەڵام نادریتەوە. ئەگەر ئەردۆغان پەرە بە فاشیزمی تورکچێتی دەدات، یان جۆلانی ئاڵای فاشیزمی عەرەبچێتی بەرزکردۆتەە چ پێویست دەکات ئێمەش پەرە بە فاشیزمی کوردچێتی بدەین؟ ئەمە وەک ئەوەیە تەوەر لە قاچی خۆمان بدەین، لقەداری ژێرپێ خۆمان ببڕینەوە. برایەتی گەلان هێندە رەمزێکی گرنگە کە تەنانەت ئەوانەش وا بڕوایان پێ نییە، ناچارن بەکاری دەهێنن. ئەردۆغان رۆژ و شەوی خستۆتە سەر یەک بۆ ئەوەی کە لە نێوان گەلاندا شەڕ بنێتەوە. بەڵام هەر جارێک کە دەچێتە سەر مینبەر باسی برایەتی کورد و عەرەب و تورک دەکات. ئەی باشە، ئێمە کورد کە هیچ دوژمنایەتییەکمان لەگەڵ هیچ گەلێک نییە، بۆ دەست لە برایەتی گەلان بەردەین؟  رێگای بەرەنگاربوونەوەی فاشیزمی ئەردوغان و جۆلانی، فاشیزمی تورکچێتی و عەرەبچێتی، ئەوە نییە کە ئێمەش کوردچێتی بکەین. تاکە رێگای بەرەنگار بوونەوەی ئەمانە پێداگرییە لە سەر  کوردبوونمان،  سەرلەنوێ پێناسەکردن و بونیادنانی کوردبوون. کوردبوونێک کە ئازادی ژن بە بنەما دەگرێت، رێز لە مافی مرۆڤ دەگرێت، گرنگی بە گەنجان دەدات، ژینگە دەپارێزێت، دەتوانێت خۆی بپاریزێت، رێکخستنی کۆمەڵایەتی خۆی بەهێز دەکات، پەرە بە  ئابووری خۆماڵی و هەرەوەزی بدات و پەیوەندییەکانی لە گەڵ گەلانی دراوسێ لە سەر بنەمای یەکسانی و دادپەروەری پێناسە دەکات و رێکدەخاتەوە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی