هەرێمی کوردستان لەبەردەم مەترسییەکی گەورەدایە

3 کاتژمێر پێش ئێستا

شنۆ عوسمان

ئێستا زیاتر لە هەر کاتێک، هۆکاری ترس و نیگەرانی هەیە بۆ ئایندەی هەرێمی کوردستان. ئەوەی لە ژیانی سیاسی و نەتەوەیی کورد لە رابردوودا ڕوویداوە، و ئەوەی لە ئێستادا دەبینین، زۆر جار لە دەستپێکدا وەک شتێکی سادە و کاتی دەردەکەون، بەڵام دواتر بە کارەسات و نەهامەتیی گەورە کۆتاییان هاتووە. ڕووخانی میرنشینی سۆران وەک نموونەیەکی ڕوون لە مێژووی کورددا دێتە پێش. ئەم میرنشینە نزیکەی (٣٥٠) ساڵ فەرمانڕەوایی کرد، بەڵام کۆتایییەکەی تەنها بەهۆی ناتەبایی ناوخۆیی و شەڕە قورسەکان لەگەڵ میرنشینەکانی تر، بە تایبەتی بابان، نەبوو. هۆکارێکی سەرەکی و بنچینەیی، خراپی باری دارایی بوو و پەیوەستبوونی دارایی میرنشینەکە بە ناردنی پارە لە بەغدادەوە.

لە سەردەمی میر ڕەسوڵدا، کاتێک والی بەغداد پارەکەی ڕاگرت، میرنشینەکە لاواز بوو و لە کۆتاییدا کەسێکیان نارد بۆ ئەوەی ئیدارەکەی بەدەست بگرێت. ئەم مێژووە ئەگەرچی ناخۆشە، بەڵام ئەمڕۆ زۆر هاوشێوەی باری ئێستای هەرێمی کوردستانە. پەیوەندی نێوان پارتی و یەکێتی زۆر خراپە، بارودۆخی دارایی حکومەتی هەرێم خراپتر بووە، و دۆخی ناوچەکەش لە ڕووی سیاسی، دارایی و ئاسایشەوە لە قۆناغێکی زۆر مەترسیدایە. ئەگەر پارتی و یەکێتی بەم شێوازە بەردەوام بن و لەسەر پۆستەکان ڕێک نەکەون، بەئەو پۆستانە و بەئەو کانديدانەوە فریای هیچ کەس ناکەون. ئەنجامەکەی ئەوە دەبێت کە سەر لە میلەت و سەر لە خۆیان دەشێوێنن و هەرێم لاوازتر دەکەن لەوەی کە ئێستا هەیە. ئەزموونی فەرمانڕەوایی و ڕووخانی میرنشینی سۆران و بابان، زۆر هاوشێوەی شێوازی فەرمانڕەوایی پارتی و یەکێتی و ململانێی نێوانیانە؛ ئەو ململانێیانەی کە هۆکاری لاوازکردنی یەکتر و لە ئەنجامدا لاوازکردنی کورد لە باشووری کوردستان.

ئەوەی ئێستا لەسەر شەقام دەبینرێت، بە مانای ئەوە نییە کە کێشەی پارتی و یەکێتی چارەسەر بووە. بە پێچەوانەوە، مانای ئەوەیە کە خەڵک هێشتا گیانی نەتەوەیی لە ناویاندا ماوە، دەترسێن لە لەدەستدانی هەرێم، و هێشتا هیواخوازن ڕۆژێک هەرێمێکی سەربەخۆی بەهێز و سەقامگیر ببینن.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە