لە ئیخوانەکانی قەتەرەوە تا ئیخوانەکانی هەرێمی کوردستان، هەموو سەرقاڵی
ئابڕووچوونەکانی جیفری ئیپستەینن.
جیفری ئیپستەین ئاژەڵیکی دڕەندەی هەوەسبازە لە جەستەی مرۆڤدا. بەڵام ئامانجی
ئیخوانەکان هێندەی هێرشکردنە سەر سیستەمی دیموکراتی خۆرائاوایە، هێندە مەبەستیان ئیپستەین
و کەسانی تێوەگلاوی ناو دۆسیەکە نییە!
هەوڵی ڕەشکردنی جیهان لەلایەن ئیخوانەکانەوە، بۆ ئەوەیە لە جیهانی عەرەبی
و ئیسلامی، خۆیان وەک ئەلتەرناتیڤی ئەخلاقی و سیاسی بخەنە ڕوو.
ئەوەی ئیخوانەکان لەم دۆسیەی ئابڕووبەرەدا نایزانن، یان نایانەوێت باسی بکەن، رۆڵی سەربەخۆ و بێلایەنانەی
دادگا و میدیای ئەمریکییە. کە بە هێزێکی زۆرەوە توانیان ڕوبەڕووی بە هەژموونترین توێژی
سەرمایەداری چاوچنۆک و تاوانکاری ئەمریکی و جیهانی ببنەوە و ئابڕوویان بەرن!
هەمانکات وەزارەتی دادی ئەمریکی، بڕیاری ئاشکراکردن و بڵاوکردنەوەی بەڵگەکانی
دا، تا هەموو جیهان لە یەکێک لە تاوانە قێزەونەکانی سەردەم ئاگادار بکاتەوە.
ئەو کەسانەش لە دۆسیەکە تێوەگلان و ئەمریکی نین، لە ئێستادا لە وڵاتەکانی
خۆیان لە خۆرئاوا، لەسەر ئاستی میدیا و دادگا لێپرسینەوە و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت!
جیفری ئیپستەین ساڵی ٢٠٠٥ لەلایەن پۆلیسەوە لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کراوە.
ساڵی ٢٠٠٨ بە تۆمەتی منداڵبازی هەژدە مانگ زیندانی کراوە.
ساڵی ٢٠١٩ لەلایەن پۆلیسی فیدرالەوە دەستگیر کراوە، ئەمجارە بە هۆی بەڵگەزۆرەکانی
پۆلیسەوە، هیچ دەرفەتێکی دەربازبون لە یاسای بۆ نەماوەتەوە
بە گوێرەی سکای نیوزی ئینگلیزی، دۆسیەی ئیپستەین زیاتر لە سێ ملیۆن لاپەڕە
و دوو هەزار گرتە ڤیدیۆ و سەد و هەشتا هەزار وێنەیە.
بێنە پێش چاوی خۆت چەند کارمەند و لێکۆڵەر و یاساناس و پارێزەر شارەزای
تەکنیکی، چەند هەزار کاتژمێر لەم دۆسییەیەدا کاریان کردووە؟
جولیە براون ژنەڕۆژنامەنووسی ئەمریکی لە ڕۆژنامەی مەیامی هێرۆلد لە فلۆریدا،
ڕۆڵی سەرەکی هەبووە لە ئاشکراکردنی ئەم دۆسییەیە.
جولیە خان تەمەنی شەست و پێنج ساڵە، کتێبێکی لە بارەی تاوانەکانی جیفری
ئیپستەین نووسیوە بە ناوی لادان لە دادپەروەری!
بەڵام دیارە بڵاوکردنەوەی ئەم زانیاریانە لە بەژەوەندی ئیخوان نییە، چونکە
دیوی ناوەوەی کۆمەڵگایەکی کراوە و شەفاف و میکانزیمی لێپرسینەوە و سزا ئاشکرا دەکات،
ئەمەش پێچەوانەی سیستەمە گەندەڵەکانی جیهانی عەرەبی و ئیسلامییە.
دوو پرسیار پێویستە لە ئیخوانەکان بکرێت:
یەکەم: بە گوێرەی بەڵگەکان سێ پارچەی لە کسوەی کەعبە (ئەو قوماشەی دیواری
کەعبەی پێ دادەپۆشن و بە ئاڵتون نەخشێنراوە) لە سعودییەوە نێردراوە بۆ ماڵی جیفری ئیپستەین.
یەکێک لەو پارچانە دەستی زیاتر لە دە ملیۆن موسوڵمانی بەرکەوتووە.
ئایا ئیخوانەکانی کوردستان، بۆ کار لەسەر ئەم سوکایەتییە گەورەیە بە یەکێک
لە پیرۆزییەکانی ئیسلام ناکەن؟ بۆ ڕەخنەی ئاشکرا لە سعودیە و وڵاتانی کەنداو ناگرن؟
دووەم: هەر بە گوێرەی بەڵگەکان بە بڕی دووسەد ملیۆن دۆلار، کچۆڵە لە تورکیاوە
رفێندراون و لە بازاڕەکەی ئیپستەیندا فرۆشراون، لەوێش دەستدرێژی سێکسیان کراوەتە سەر.
کۆی ئەو پارەیەی لە فرۆشتنی کچۆڵەکان وەرگیراوە، زیاتر لە دووسەد ملیۆن
دۆلارە.
ئایا ئیخوانەکانی کوردستان و جیهان. بۆ لەبەرامبەر ئەم سوکایەتییە بە
کچۆڵە موسوڵمانەکان بێدەنگن؟ بۆ ڕەخنەی ئاشکرا لە تورکیا و حوکمڕانی بیست و سێ ساڵەی
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و پارتی داد وگەشەپێدانی ئیخوانی ناگرن؟
.
.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی