شەیتان بونەوەرێکی یاخیە، سەرپێچی لەفەرمانی خودا کردو ڕەتیکردەوە سوجدە بۆ ئادەم بباتو بەمە لەعنەتی لێکراو لەبەهەشت دەرکرا، لەژەنەڕاڵ « دێڤید پاتریۆس» فەرماندەی سەربازی پێشووی سوپای ئەمەریکا لەعێڕاقو سەرۆکی پێشووی هەواڵگری ئەمەریکا کە لەکونی دەرزیەوە ئاگای لەهەموو ئەوەی لەژووری نووستنی سیاسیەکان لەجیهان ڕویدەدا هەیەو لێیان پرسی؛ لەبەرچی دەستت لەگەورەترین هەواڵگری لەجیهان کێشایەوە وتی؛ شەیتان هۆکار بوو، پێیانوت؛ جا شەیتان چ پەیوەندیی بەوکارەوە هەیە! وەڵامیدایەوە: هەڵیخەڵەتاندمو خیانەتم لەژنەکەم کردو لەوە ترسام خیانەت لەنیشتیمانەکەشم بکەم، بۆیە دەستلەکارکێشانەوەکەم خستەسەر مێزی نوسینگەی ئۆباماو جا واملێمەکەن دەستبخەمە ناو گیرفانمو لیستی ناوی ئەوکەسانە دەربهێنم کە بەناوی فەزیڵەو ئەخلاق بڕیار لەسەر چارەنووسی نەتەوەو گەلان دەدەن لەکاتێکدا ئەوان نوقمی خیانەتی سپیو ڕەش بونە.
هەروەها لە«بیل کلینتۆن »ی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا-یان لەسەر چیرۆکەکەی لەگەڵ «مۆنیکا لوینسکی» پرسی، وەڵامیدایەوە: شەیتان لەگەڵ شەهوەتدا نووستو بەرگەی سەرنجراکێشیی مۆنیکا-م نەگرتو لەبەردەممدا هیچ بژاردەیەک نەما تەنها داوای لێبووردنکردن لەهێلاریو لەگەلی مەزنی ئەمەریکا.
هەموو ئەو ئابڕوچوونانەی کە لە ئەمەریکا لەنێو سەرکردە و سیاسی و بزنسمان و هونەرمەند…تاد ڕوودەدەن و کارە قێزەوەنەکانیان ئاشکرا دەبن ، بەڵگەی ئەوەن کە کۆمەڵگەی ئەمەریکی شەفافە و قبوڵی ڕەفتاری تاوانی نوخبەی سیاسی و بزنسمان و ئەستێرەکانی هونەری و وەرزشی ناکات و ، هەمیشە بەڵگەنامەکان دەخرێنەڕوو و ، وەک ئەو ناوچە لەعنەتیەی ئێمە نیە کە دەشاردرێنەوە و گوێش نادەنە ئابڕووچونەکان بە هەموو جۆرەکانیەوە .
شەیتان کە بەروەڕووی مرۆڤ دەوەستێتەوە وەسوەسە دەکات، شەیتان لەجەوهەردا هەر تەنها بونەوەرێک نییە، بەڵکو ڕێبازێکە، هێزێکی خارق نییە، بەڵکو زیرەکییەکی لادەرە، شەڕانگێزێکی فەوزەوی نییە، بەڵکو بلیمەتێکی ساردە، دەزانێت چۆن مرۆڤ دژی خودی خۆی ئیستیغلال بکات، کاتێک ئێمە خوێندنەوەیەکی وشەیی بۆ خوێندنەوەی هێمایی بەجێدێڵین، وێنەکە لەڕیشەوە دەگۆڕێت بەمە؛ توانایی دەگۆڕێت بۆ دەسەڵاتو زیرەکی بۆ ئامرازێک بێ پەیوەستێکی ئەخلاقیو بەمەش شەیتان دەبێتە بلیمەت، نەک لەبەرئەوەی بەهێزە، بەڵکو لەبەرئەوەی قانیعکەرە، داوا لەمرۆڤ ناکات کە شەڕانگێزبێت، بەڵکو کەشوهەواکەی بۆ ئامادەدەکاتو پاشان بەجێیدەهێڵێتو دەچێت خەریکی باقیەکەی تر دەبێت، بلیمەتی شەیتان لەو واقیعە سەردەمەی ئێستاماندا ئەوەیە کە پێویستی بەوەنییە خۆی بشارێتەوەو لەشاراوە ئیشبکات.
لەو سەردەمەدا شەیتان فێربوە جلی سیستەمو نیزام لەبەربکاتو بەزمانی ژمارە دەئاخڤێتو لەسەر مێزی بڕیاربەدەستان دادەنیشێتو بوهتە پسپۆڕو پاساو بۆ تێکدانی مرۆڤ بەناوی «لێهاتوویی» دێنێتەوەو لەڕووی سیاسیەوە گەلان بەهاوکێشەکانەوە سەیردەکات، ئەوەتا دەبینین کە ماوەی چەند ڕۆژێکە جیهان بەدورگە شەیتانیەکەی «جیڤری ئیبستین»ی گەورە گەوادی جیهانی ئەمەریکی سەرقاڵکراوە، کە وەکو شەیتانکەی شاعێری گەورەی ئینگلیز «جۆن میلتۆن» لەشاکارە بەناوبانگەکەی «بەهەشتی لەدەچوو» وایە کە هەمیشە لەئازارێکی دەروونی وادا دەژیا کە نەیتوانی بەرگەبگرێتو ئیبستین-یش لەبەر ئەو ئازارە لەساڵی 2019 لەبەندینخانە خۆی کوشت، ئەو ئابڕووبەریە وەک پەتای کۆڕۆنا بڵاوبوەوە، کۆڕۆنا جیاوازی نەدەکرد لەنێوان مرۆڤەکان، هەژارو دەوڵەمەندو گەورەو بچووک، بەڵام پەتای ئیبستین ئەو دەستبژێرانەی کردە ئامانج کە جیهان بەڕێوەدەبەن، , سیاسەتمەداری دیار و سەرۆکی وڵاتان و ئەمیر و وەزیر و بزنسمان و مامۆستای زانکۆ ، لەوانە ئەو چەهرە سەخیفە کە ناوی تۆم باراک- لە لیستەکەدایە و ئەمەریکا بۆ ئەو ناوچەیەی ئێمەی داناوە ، ئیبستین وەحشێکی شەیتانی بوو ، بەڵام لەهەمان کاتدا عەبقەری بوو کە دەستەبەری چێژ و مەلەزاتی بۆ ئەو نوخبەیە دەکرد کە تەمەنایان بۆ دەکرد و ، پاشان «ئەو » ئیستیغلالی ئەو زانیاریانەی دەکرد کە لێیوەردەگرتن بۆ بەدیهێنانی پارە و نفوزی زیاتر لەسەر ئەوان ، ئەو نوخبەیە کە نە ڕەوشت و نە پڕنسیپ نەیدەجوولاندن ، تەنها چێژی شەهوانی لە غەریزە شەڕانگێزیەکانیان نەبێت ، قووڕسە تاوانباری هەموو ئەوانە بکرێت کە چووینە ناو بازنەی ئیبستین ، لەوانە فەیلەسوف و زمانناس « نئۆم چۆمسکی » کە نامەی ڕێزوئیحترام-یان لەگەڵ ئیبیستین ئاڵوگۆر دەکرد و ، هەروەها « لاری سارمز »ی ئەکادیمیست و سەرۆکی زانکۆی هارڤارد.
پەتای ئیبستین هەر لە ئەمەریکا نیە ، لە هەموو سوچێکی ئەم جیهانە هەیە و ، ئەمە هەرتەنها ئابڕوچوونێکی سیاسی و سێکسی نیە ، بەڵکو داڕمانی ئەخلاقی ئەو دەستبژێرەیە کە لەڕووی سیاسی ئابووری جیهان بەڕێوەدەبەن .
بەکورتیەکەی ئەو تسۆنامیە شەیتانیە لە خۆرهەڵات و خۆرئاوای داوە ، ئەمە نە میدیاکارێک یان ڕۆژنامەنووسێک داینەهێناوە ، بەڵکو وەزارەتی دادی ئەمەریکا ئەو گەندەڵخانەیە و داچۆڕانەی لەنێوەندی نوخبەدا ئاشکرا کردووە کە مۆنۆپۆلی فلوسی جیهان- یان کردووە ، ئەمە شکستی ئەو شارستانیەیە کە بانگەشەی بۆ بەهاکان دەکرد ، ئەم تسۆنامیە هاواری دەنگێکی تاساوی قوربانیانیەکانی ئەو دوورگەی شەیتانەکان بوو کە ڕزگاربووبون لە دۆزەخی دورگەی شەیتان و بەهێزەوە هاتنە ناو کۆمەڵگای ئەمەریکا ، دەنگێکی بە ئازار و مەینەتدار کە لایەنێکی لاوازی چیرۆکەکە بوو ، ئەم دەنگە بوو کە پاڵپشتی گەورەی پیاوانی قانون و دادوەری بەدەستهێنا .
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی