خوێندنەوەیەک بۆ دواین پێشهاتەکانی ئەمریکاو ئێران

4 کاتژمێر پێش ئێستا

شنۆ هیرانی

خواستی ئێران بۆ گواستنەوەی دانوستانەکان لەگەڵ ئەمریکا لەئەنكەرەوە بۆ  عومان لەخۆڕا نییە، ئێران لەکاتی هەڵبژاردنی زەمینەی دانوستکاریدا بەگشتیی سێ هۆکار لەبەرچاو دەگرێت، کە ئەوانیش "تێگەیشتن، پێشبینی‌و کێبڕکێی ناوچەیی، یاخود هەرێمی"، ئێران نایەوێت تێڕوانیی جیوپۆلەتیکی‌و دبلۆماسی بۆ تورکیا بەرزبکاتەوە، کە لەگەڵیدا لەکێبڕکێدایە، ئێران بەردەوام بەپلەی یەکەم لەبەها جیۆپۆلیتکەکاندا پرسەکان لێکدەداتەوە.

هەمیشە لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕکابەرێکی چوار لایەنە هەبوە، بۆیە نایەوێ لەژینگەی دانوستانی فرەلایەنی  ڕووبەڕووی زلهێزێکی کاریگەرو قورسەکانی تورکیاو عەرەبی ببێتەوە، ئێران ناوچەیه‌کی کەمتر دیارو بێدەنگی پێ باشترە، چونکە ئەگەر ئیمتیازێک بدات، ئاستی کاریگەریی‌و ژاوەژاو لەتورکیا زۆر دەبێت، بەڵام شوێنێکە وەک عومان قەیرن لەگەڵ ئێران دروستناکات‌و لەڕکابەرایەتی سوننەو شیعەدا لایەنگریی ناکات، کەواتە لەڕووی سیاسیەوە هەڵبژاردنی عومان بەشێکە لەستراتیژی کەمکردنەوەی فشارو ژاوەژاوە.

ئێران وەک وڵاتێکی ململانێکەر لەتورکیا دەڕوانێت، نەوەک لایەنی سێیەم بێلایەن، بەڵام دیوەکەی تری چییە؟ پێویستە سەرەتا ئەوە بکەین کە ئەمریکا لەکوێ سەنگەری لەئێران گرتووە!؟ هەموان پێیانوایە کە کەشتیەگەورەکانی ئەمریکا لەکەنداوی عەرەبی‌و لەوێوە هێرشدەکاتەسەر ئێران، بەڵام بەپێچەوانەوه‌، لەدەریای عومان‌و لەپشتی چیاکانی عومانەوە پێکەی مووشەکی هێرشکاری زۆرگەوەرەی دامەزراندوە. 

بۆچی عومان؟ 
چونکە زۆربەی هێرشی بەرپەچدانەوەکانی ئێران چ بەمووشەک یان فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەکرێن، چیاکانی عومان وەک پەرژینێکی سروشتین‌و ئەو زیانانەی لەئێرانەوە بێن (مینی مێز) دەکرێت، جێگیربوون لەشوێنێکی وەهادا، بەمانای ئەوەیەکە ئەمریکا بەنیازی هێرشێکی حەتمیە. 

ئەمریکا کاتێک لەشوێنێکی دیاریکراو ئەم هەموو هێزە کۆدەکاتەوە، کەواتە لەسەر مێزی دانوستانەکان نایەوێت هیچ هەل بەرکابەرەکەی بدات، کە پێچەوانەیە بۆ ئێران بەواتایی ئەوەیە لەسەر مێزی دانوستاندا هیچ سازشێکی نەکردوە، ئەمریکا ئەوکاتە لەسەر مێزەکە دەکشێتەوە کە هیچ دەرئەنجامی سیاسی بەدەستنەیەت، بەڵام پەنابردن بەرهێزی سەربازی بەمانایی بەهێزکردنی ئێران‌و لاوازکردنی کارتەکانی خۆیەتی، ئەمریکا دەیەوێت هەم کات بەدەستبهێنێ‌و هەم چاوەڕێیی هێوربونەوەی ئێرانە، بۆ ئەوەی لەناکاو بەبێ ئاگاداربونەوەی پێشوەختە هێرشبکاتەسەر ئێران. 
 
لەسەر مێزی دانوستانەکانی ئەمریکا بەپلەیەک وێستگە ئەتۆمی‌و پرسی یۆرانیۆم نییە، بەڵکو مووشەکە دورمەوداو گۆڕینیان بۆ موشەکی کورت مەودا، کە ئەمەش بۆ ئێران لەیۆرانیۆم گرنگترە، چونکە لەئێستادا ئێران پشت بەو مووشەکانە دەبەستێت کە دەگەنە ئێسڕائیل. 

لەماوەی شەش مانگی ڕابردوو، واتا دوای شەڕە 12 ڕۆژیەکەی حوزەیرانی ساڵی ڕابردوو ئێران بەهاوکاری ئەندازیارە "چینی‌و ڕوسی‌و کۆڕیایی باکوور" توانیویەتی بەئاستێکی زۆر مووشەکەکانی بخاتەوەکار، تەنانەت بەشێکی زۆر کەرستەو پارچەکانی لە هندستانەوە پێگەیشتوون، ئێران تەنها موشەکە ستۆکەکانی چاک نەکردونەتەوە، بەڵکو (ڕەمپە)ی مووشەکەکانیشی نوێکردونەتەوە.

هەواڵگری ئەمریکاش ئاگادارەو جێگایی مووشەکە چاکراوەکان‌و ڕەمپەکانی دەستنیشانکردوون، چونکە لەئەگەری هەر هێرشێکی ئەمریکا ئامانجی سەرەکی ئەمانەبن زیاتر لەوەی وێستگە ئەتۆمیەکان بن، چونکە وێستگە ئەتۆمیەکان ئەو گرنگیەیان نییە، بۆ وەڵامدانەوەی ئێران بەو ئاستەی مووشەکەکان هەیانە، خاڵێکی هەرە گرنگ ئەوەیە، ئەمریکا چی لەئێران دەوێت؟

ئەمریکا بەدەست بەسەرداگرتنی نەوتی فەنزوێلا، گەورەترین سەرچاوەی ووزەی پتڕۆڵی دەستکەوت. سەرچاوەی وزەی پتڕۆڵی ئێران لەجیهاندا دوایی سعودییەو فەنزوێلا دێت، بەڵام ئێران بێجگە لەمانە تایبەتمەندێکی تری هەیە، ئەویش باڵادەستی بەسەر (گەروی هورمز) کە وڵاتێکی زۆر گرنگە "گەروی هورمز ڕۆژانە20 ملیۆن بەرمیل نەوتی پێدا تێدەپەڕێ" واتە 20% لەوزەی پتڕۆڵ لەجیهان، لەهەمانکاتدا 25% وزەی گازی شل، بەوهۆیەشەوە دەستبەسەرداگرتنی نەوتی ئێران هاوشێوەی فەنزوێلا نییە لەڕووی ستراتیژی باڵادەستی وزەی جیهانی، بەڵکو لەگەڵیدا بیر لەدەستبەسەراگرتنی گەروی هورمزیشدا دەکەنەوە، چونکە گەروی هورمز لەسەر ئاستی ترافیکی وزەی جیهاندا پێگەێکی زۆر گرنگە.

ئایا ئەمریکا دەتوانیت بەمە بکات؟ 
واتا ئەمریکا بەڕاستیش دەتوانێ هێرشبکاتەسەر ئێران‌و ڕژێمەکەی بڕوخێنێ؟ بەڵێ لەئێستادا ئێران لەسەر ئاستی ناوخۆی لاوازە، بەڵام بەو ئاستە نیە کە ئەمریکا بتوانێ هاوشێوەی (مادۆرۆ) خامەنەیی بڕفێنێ.

خامەنەیی لەئێستادا واتا کێ؟ 
بەراوردێک، هاوشێوەی "پاپایی ڤاتیکان" بۆ جیهانی مەسیحیە کاسۆلیکەکان، خامەنەیش بۆ جیهانی شیعەکان هاوشێوەیە. بۆیە ناتوانین بڵێن خامەنەیی بەتەنها واتا ئێران، بەڵکو خامەنەیی واتا "عێراق، بەحرین، لوبنان ، یەمەن"، ڕاستە هەرچەندە هێزە بەوەکالەتەکانی ئێران لاواز بوونە، بەڵام حوسیەکانی یەمەن هەفتەی ڕابردوو گرتە ڤیدۆیۆییه‌كى سوتاندنی کەشتیێکی نەوت هەڵگریان بڵاوکردوە. هەوڵیان ئەدا بۆ کەناڵە بینراوەکانی ئەوروپاشی بنێرن‌و لەژێر ڤیدۆکە نوسرابوو" هەمان ئەم دیمەنانە، بەمزوانە جارێکیتر دەبینەوە".

واتا هەر هێرشێک بکرێتە سەر ئێران وەڵام دەدرێتەوە. واتا ئێران بریتی نیە لەناو خۆی ئێران. بەڵکو لەو شوێنانەیە کە ئەمریکا دەستی پێناگات. "حوسیەکان و حەشدی شەعبی و حزبوڵا" ئەمەش بە مانای ئەوەیە لەناوچەکەدا گرژێکی زۆر جددی دروست دەبێ واتا" کابوسی جەنگێکی نەبڕاوە" . ئەمریکا درک بەمە دەکات، بۆیە دەڵێ دەبێ من ئەم کارە زۆر بەخێرایی ئەنجام بدەم . درێژنەبیتەوە و لە هیچ شوێنێک نەبێتە شەڕی زەمینی.بەڵکو تەنها لە ئاسمان و لەسەر دەریاوە هێرش بکەم و زۆر کاریگەر بێ. ئەمەش بەلانی کەم بۆ تڕامپ تا هەڵبژاردنی داهاتوو وای نیشان بدات کە ئێرانی بەشێوەێکی زۆر بەهێز ( تەمبێ) کرد. هەر هیچ نەبێ ئەمە وەک سەرکەوتنێک بۆ خۆی تۆمار بکات.

سەروی هەموو ئەمانەشەوە خاڵێکی  زۆر گرنگ هەیە کە جێگای سەرنجی زۆرو پرسیار هەڵ ئەگرێ. ئەویش ئەوەیە، کێ هۆکاری ئەم داڕمانە خێرایەیی ئابوری ئێران بوو لەم دوساڵەی دوایی؟ 

بێگومان یەکێتی ئەوروپا، کە ئامادەسازێکی زۆریکرد بۆ ئەوەی گورزی زۆر بەهێز لەئابوری ئێران بدەن. 23ی ئەیلولی 2025 لەنەتەوە یەکگرتوەکان سەبارەت بەسزاکانی سەر ئێران" ئینگلتەرا، ئەڵمانیا، فەڕنسا"  سزاکانیان نوێکردوە بەسەر ئێران، کە ئەمەش بوە هۆی داڕمانێکی تەواو لەبەهای( تمەن) ی ئێرانی. 
باشە ئەم سێ وڵاتە بۆچی سزایەکی لەمشێوەیان هێنایەوە؟ 

چونکە ڕوسیا لەماوەی شەڕی ئۆکرانیا و لەکاتە هەرە سەختەکاندا ئێران " درۆن" کانی دایە ڕوسیا. ئەوەش هۆکاربوو کەڕوسیا ئاراستەی جەنگەکە بۆ بەرژەوەندی خۆی هەڵگێڕێتەوە. یەکێتی ئەوروپاش ئەمەی لەبیر نەچوو، لەکۆتایدا لەڕێگایی نەتەوە یەکگرتوەکانەوە تۆڵەیان لەتاران کردەوە و پاشان "سوپای قودس"یان خستە لیستی تیرۆرەوە.

دۆخی ناوخۆی ئێستای ئێرانیش هاوشێوەی قۆناغەکانی کۆتایی یەکێتی سۆڤیەت دێتە بەرچاو. یەکێتی سۆڤیەت لەکۆتای ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو لەڕووی" ئادیۆلۆژی، ستراتیژی، ئابوری" داڕمابوو. قۆناغی خۆی تەواو کردبوو. لە ئێستاشدا سەیربکەین دەبینین ئێران لەلێواری داڕماندایە.

1ـ لەڕووی ستڕاتیژەوەو هێزە بەوەکالەتەکانی لە" لوبنان‌و سوریا، حوسیەکان، حەشدی شەعبی" خاوەن هەمان هێزو کاریگەری جاران نین.لەهەمووشی گرنگتر " چین، ڕوسیا" سەبارەت بە ئێران وەک پێشوو دەنگ بەرزناکەنەوە.

2ـ لەڕووی ئایدۆلۆژیەوە لەداڕمان نزیک دەبێتەوە، ئەمەش چۆنە؟  لەئێران (ئەربابی بازاڕ) واتا پیاوانی کاروبازرگانە گەورەکان لەگەڵ رژێم هاودەم‌و هاوئاهەنگ کاریان دەرکرد، بەڵام سەرەنجبدەین لەم خۆپشاندانانەی ئەم دوایی لەکوێ سەریهەڵدا؟ بێگومان لەبازاڕو قەیسەریە داخراوەکانی تاران‌و پاشان پەلی هاویشت بۆ 31 پارێزگاو 190 قەزاو ناحیە بڵاوبۆیەوە، ئەمەش شتێکی زۆر گرنگە، واتا بازرگان‌و خاوەن کار لەبازاڕەکانی ئێران مەودایان لەنێوان خۆیان‌و ڕژێمدا کردەوە، بەو هۆیەشەوە ئەم خۆپشاندا نەو خۆپچڕاندنە ئایدۆلۆژیە، کاتێک هەڵگەڕایەوە بۆ خۆپشاندانێکی جەماوەری  سەرتاسەری‌و کوژرانی هەزاران کەس، بەمانایی داڕمانی تەواوی ئادیۆلۆژی دێت.

3ـ داڕمانی ئابوری لەئاستی دابەزینی بەهای دراوی ئێرانی گەیشتۆتە خاڵێک کە یتر چاککردنەوەی مەحاڵە. 

لەکۆتایدا... ئەمریکا چاک دەزانێت کەناتوانی لەئێران ڕژێم بگۆڕێت، چونکە ئەوە باشدەزانێت کە هەرکەسێک دابنێ لەشوێنی ڕژێمی ئێستا، ناتوانێ ئێران بەڕێوەببات، نە ئۆپزسیۆنێکی بەهێز هەیەو نەخەڵکی ئێرانیش کوڕەکەی شایان قبوڵە. 

لەم حاڵەتەشدا پزشکیان کەسێکی میان ڕەوەو لەگەڵ هەندێ لەکەسایەتیەکانی هاوشێوەی ئەو، ووردە ووردە پەیوەندیان لەگەڵ ببەستێ و لەگەڵ ئەم ڕژێمە ڕێکەوتن بکات.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە