کاتێک لەسەر دۆسیەی جێفری ئیپشتاین دەنووسین، تەنها لەسەر تاوانبارێکی هەوەسبازی سێکسی سزادراو قسە ناکەین. دەبێت لەسەر دەسەڵات قسە بکەین، سەبارەت بە پارە، سەبارەت بە سیستەمێک کە نایەکسانییەکی زۆر بەرهەم دەهێنێت و بەمجۆرە پەرە بە وەرینی مۆڕاڵی ئینسانی دەدات، بۆیە تەنها پێویستمان بە دیدگایەک نییە، بەڵکو بە ڕەهەندێکی سیاسی قوڵ و گشتگیرتر، پێویستە بەرلە هەرشتێک پرسیاری ئەوە بکەین کە ئەم کەیسە چی لەبارەی بنەما ئەخلاقییەکانمانەوە ئاشکرا دەکات، کام ڕاستییانە لە پشتییەوە سەردەردێنوو خۆیان دەردەخەن.
ناوی ئێپشتاین بە شێوەیەکی دانەبڕاو پەیوەستە بە دوورگەیەکەوە کە پێی دەگوترێت (سەینت جەیمسی بچووک) لە دوورگەکانی ڤێرجینی ئەمریکا، ئەو دوورگەیە تەنها وەکوو بەشێک لە دیاردە جوانەکانی سروشت نیشانی ئێمە نەدرا، بەڵکو بوو بە هێما بۆ تاوانێک کە سیستەمێک لە پشتیەوە وەستاوە، لە فەزایەکی جیاواز و تایبەت، لە دەرەوەی هەموو بەها و بنەما ئەخلاقیەکان ژیان و کاتی تێدا بەسەربردراوە، ئیپشتاین سەرمایەدارو بازرگانێکی ئەمریکی بوو کە پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ بازنەکانی دەستەڵاتوو پارەدارو کەسە کاریگەرەکان لە بواری سیاسەت و بازرگانی و ئەکادیمیدا هەبوو، ئیپشتاین لە ساڵی ٢٠٠٨دا لە ویلایەتی فلۆریدا دانی بە تاوانێک نابوو کە داوای لە منداڵانی خوار تەمەنی یاسایی کردووە بۆ تێکەڵکردنیان بە بازرگانی لەشفرۆشی، ئەو گرێبەستەی کە لەو کاتەدا لەگەڵ داواکاری گشتی کردبووی، لە ژێرناوی (مامەڵەی داوای لێبوردن) لە ئەنجامدا تاوانکار سزایەکی نائاسایی نەرمی بەسەردا سەپێندراو بەو هۆیەشەوە ڕەخنەیەکی زۆر و بەرفراوانی لە سیستەمی دادوەری ئەمریکادا لێکەوتەوە.
لە ساڵی ٢٠١٩دا جارێکی دیکە ئیپشتاین بە تۆمەتی دەستدرێژی سێکسی و بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە تۆمەتبار کرا. دوای ماوەیەکی کەم لە دەستگیرکردنی، لە نیویۆرک لە زینداندا گیانی لەدەستدا، مردنەکەی بە شێوەیەکی فەرمی بە خۆکوژی ناسیندرا، بەڵام بووە هۆی گفتوگۆیەکی جیهانی سەبارەت بە شکستی دەزگا ئەمنییەکان و بەرپرسیارێتی دامەزراوە یاسایەکان، گومانێکی زۆر و هەروەها فەزاحەتی بنەڕەتی و زۆر جددی لە مامەڵەکردن لەگەڵ دەسەڵات و سامان و جێبەجێکردنی یاسادا ئاشکرا کرد.
لە راستیدا ئەوەی کە ئێستا ئەو تاوانە بێزەوەرە(دورگەی سەینت جەیمسی بچووک) بۆتە رۆژەڤی میدیا جیهانیەکان، تەنها وەکوو دۆسیەیەکی تاوانکاری تجرید نابیندرێت، بەڵکو پڕیەتی لە نیشانە و گومانی سیاسی بەرچاو لە پەیوەست بە دەستەڵاتوو سیستەمو کۆمەڵگا، نموونەی نەزمێک دەهێنێتەوە بەرچاومان کە دەسەڵاتی سەرمایەو ئابووری دەتوانێت چ کاریگەریەکی کۆمەڵایەتی و یاسایی لە ڕایەڵەکانیدا دروست بکات. من لە ڕوانگەیەکی سیاسی جیاوازەوە سەیری ئەو کەیسە دەکەم، چونکە ئەو کەیسە هێڵەکانی فەزیحەی مۆڕاڵی سیستەمێک ئاشکرا دەکات کە بانگەشەی درۆینەی گەرەنتیکردنی یەکسانی مرۆڤەکان لەبەردەم یاساوکۆمەڵگادا دەکات.
ئەوەی بە تایبەتی جێگەی نیگەرانی و تێڕامانە، تەنها خودی تاوانەکە نییە، بەڵکو هەموو ئەو زەمەنەیە کە لە ژێرسایەی ئەو سیستەمەدا ئەو تاوانە نامرۆڤانەیە خرایە ژێر سایەی لێبوردەیی کۆمەڵایەتییەوە، ئیپشتاین بە ئاشکرا لە تۆڕی پەیوەندی دەستەبژێرە سیاسیەکاندا بەرخوردو هەڵسوکەوتی دەکرد، پێشوازی گەرمی لێدەکراو بەشداری لە بۆنە و ئاهەنگە شاهانەیەکان و بۆنە سیاسیەکان دەکرد، پەیوەندی لەگەڵ کەسایەتییە دیارەکاندا دەچاند و چێژوو سودێکی سایکۆپاتیانەی لە ڕادەبەدەری لەو پەیوەندیە کۆمەڵایەتیانە دەبینی. لێرەدا پرسیارێک کە لە زیهنماندا دروست دەبێت، کە چۆن مرۆڤێکی سایکۆپات بەم جۆرە پاشخانەوە بۆ ماوەی ئەوهەموو ساڵە دەتوانێت بەشێک بێت لەودەستەبژێرە باڵا سیاسیە و بەو بێدەنگی و چاوپۆشیەوە بمێنێتەوە؟
لێرەوە لە شوێنپەنجەکانی ئەو تاوانەوە دەردەکەوێت کە سیستەمی سەرمایەداری لە فۆڕمە ڕاستەقینەکەی خۆیدا چ نایەکسانییەکی گەورە بەرهەم دەهێنێت، لەوە تێدەگەین کە سامان تەنها سەرمایەی ئابووری نییە، بەڵکو سەرمایەی کۆمەڵایەتی و سیاسیشە، ئەوانەی خاوەنی ملیارەها دۆلارن، دەستیان بە باشترین پارێزەر و پەیوەندییە کاریگەرەکان و پەیوەندییە گشتییە ستراتیژییەکانیش دەگات، کە ئەوەش دەبێتە مایەی ناهاوسەنگیەکی مۆڕاڵی لە سیستەمی دادوەریدا.
لێرەوە دەبینین سەرمایەداری پاداشتی سەرکەوتن و کەڵەکەکردنی سامان بە چ جۆرێک دەداتەوە بە خاوەن هێزە ئابوریەکان، پێمان دەڵێت کە ئەوە پرەنسیپە راستەقینەکەی ئەو سیستەمەیە. کاتێک ئەو شەرمەزاریانە کاریگەریی دەکەنەسەر کارکردنی دامەزراوە دیموکراسیەکان، بۆمان دەردەکەوێت کە ئازادی رەهای ئابووری دەبێتە هەڕەشە بۆ سەر یەکسانی لە ناو کۆمەڵگاو لە بەردەم یاساو نۆرمەکانیدا.
ئەوەی لە ناو بۆگەناوی ئەو سیستەمەدا جیگای نیگەرانییە، ئاساییکردنەوەو بە کۆمەڵایەتیکردنی حەجمی سامانە وەک نیشانەی بەرزی کوالیتی مرۆڤەکان، زۆرجار سامان هاوتا دەکرێت لەگەڵ پاکی، لێهاتوویی، زیرەکی، یان باڵادەستی مۆڕاڵی. ئەو معیارو تێڕوانینە پەرە بە دروستبوونی دیدگایەکی کوێر دەدات لە ناو کۆمەڵگاداو کار بۆ بەهێزکردنی دەکات،بە هەمان شێوەش حەجمی قوربانیەکان بچووک دەکاتەوە، یان هەستی گومان لە بەرامبەر قوربانییەکان زیاد دەکات تا ئەو کاتەی تاوەنەکان پەردەپۆشدەکرێن و ووندەکرێن لە چاوی یاساو کۆمەڵگادا، نزیکترین نمونەش ئەو فەزاحەتە قێزەونەی دورگەکەی ئیپشتاینه.
دورگەکەی ئێپشتاین دەکرێت باشترین نمونەی تاقیکردنەوەی ئەخلاقی بێت بۆ بەهاکانی دیموکراسیەتی نیولیبڕالیزم، ئەو کەیسە پێمان دەڵێت کە سامان چەندە کاریگەری هەیە بەسەر کەمکردنەوەی هێزی یاسا و دادوەری و دەزگا ئەمنیەکان لە ناو ئەو سیستەمەدا، ئەگەر یەکسانی لەبەردەم یاسادا بنەمایەکی سەرەکی بێت، چۆن دەکرێت پشت بە باڵانسی بانکی و توانا مادیەکانی مرۆڤ ببەستێت.
ئەوەی کە بە تەنیا بەرپسیارە لەبەرامبەر ئەو هەموو تاوانە قێزەونانەی مرۆڤ، خودی سیستەمە، چونکە سیستەمێک بەوشیوەیە ڕێگە بە چڕبوونەوەی دەسەڵاتی سەرمایە بدات و پلەبەندییە کۆمەڵایەتییەکان بەسەر یەکپارچەیی مۆڕاڵیدا ئەولەویەت پێبدات، هەلومەرجێک دروست دەکات کە چاودێریکردن لە ژێریدا شکست دەهێنێت، لە کۆمەڵگەیەکی کۆمەڵایەتی-مۆڕاڵیدا، کەرامەتی مرۆڤ لە پێش دەسکەوتوو سەرکەوتنە ئابوریەکاندایە، بەڵام لە سیستەمی سەرمایەداری و بە تایبەت لە فۆرمە نیولیبڕاڵەکەیدا ئەدای سەرمایە لە یەکپارچەیی ئەخلاقی بەهادارترە، سەرمایەداری تەنیا بازاڕەکان لە قاڵب نادات، بەڵکو بەهاکانی مرۆڤیش لە قاڵب دەدات، کاتێک لۆژیکی بازاڕ هەموو شتێک دەگرێتەوە، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیش دەبنە ئامراز.
قسەکردن یان نوسین لەسەر ئەوتاوانە بۆ ئەوە نییە تەنها وەڵامێکی ئاسانمان دەست بکەوێت. بەڵکو دەبێت لە پێناو یەک ئامنجدا بێت، ئەویش ئەوەیە کە بروای تەوامان بەوە هەبێت بە ئاشکرا باسی دەسەڵات وهێزی پارە و بەرپرسیارێتی ئەخلاقی بکەین. کەیسی (دورگەکەی ئێپشتاین) بابەتێکی زۆر تاریکە. بەڵام دەرفەتێکە بۆ ڕەخنەگرتن و پیداچونەوە بە نۆرمو باهاکانی سیستەمێک کە مرۆڤ لە وێنە ڕاستەقینەکەی خۆیدا هیچ بەهایەکی نییە. ئەگەرئەو تاوانە تەنیا وەکوو ئابڕووچونێک ببینین، ئەوا وانە ڕاستەقینەکەی بەها ئەخلاقی و مرۆیەکان لەدەست دەدەین. هەرلەو دیدگایەشەوە پێویستە لەوە تێبگەین کە دیموکراسیەت چەندە پێویستی بە پشکنین و باڵانسگیری هەیە، بە تایبەت لەو شوێنانەی کە سەرمایە دەسەڵات دروستدەکاتوو بەهای مرۆڤی لەسەر بنایاد دەنێت.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی