قەیس خەزعەلی دۆستی دوێنێی مالیکی و بەرهەڵستکاری ئەمڕۆ !

3 کاتژمێر پێش ئێستا

بەهرۆز ڕەئوف


لەکاتێکدا ئێران پەیوەندی بەهێزی لەگەڵ مالیکی و قەیس خەزعەلی هەیەو لەڕابردووشدا بەنزیکترین وەلائیەکانی ئێران ناسراون بە ئێستاشەوە، بەڵام ئەم پەیوەندییە بەهێزەی ئێران نەبۆتە هۆی ڕێگری و ناکۆکی نێوان ئەو دووکارەکتەرە بەهێزەی ساحەی سیاسی لەعێراقدا، تا ڕادەی ئەوەی لەئێستادا بەئاشکرا خەزعەلی نوری مالیکی پێ قبوڵ نییە بۆئەوەی چوارساڵی داهاتوو ، بەسەرۆک وەزیران هەڵبژێردرێت . ئـەمەش چەندین

 هۆکاری خۆیە هەیە دەکرێت لێرەدا بەشێکی ئاماژەی پێبکرێت :

١. بزووتنەوەی عەسایبی ئەهلی حەق لە هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەدا وەک براوەیەکی گەورە سەریهەڵدا.  ئێستا خۆی وەک میراتی دەسەڵاتی ناوەندی دەبینێت و ئامادە نییە بگەڕێتەوە بۆ سیستەمێک کە مالیکی - بە شێوەیەکی نەریتی وەک سەرکردەیەکی بەهێزی  شیعە نمایش بکرێتەوە.

٢.خەزعەلی ئەو دەستەواژەیەیی دەدرێتەپاڵ کە سەرۆک وەزیرانێکی دەوێت وەک بەڕێوەبەرێکی گشتی مامەڵە بکات نەک وەک باوکسالارێکی سیاسی بەهێز ، ئەمەش پێچەوانەی شێوازی دەسەڵاتداری مالیکییە ، بەو پێیەی کەسایەتییەکی بەهێزی هەیە و هەتا کاندیدبوونی وەک نوێنەری ماڵی شیعی لەو ڕوانگەیەوە سەرچاوەی گرتووە .

٣.پەستانی دەرەکی ؛ ئیدارەی ئەمریکا (لەسەردەمی سەرۆک ترامپدا )"هۆشداری بێ وێنەی" لە دژی گەڕانەوەی مالیکی دەرکردووە.  خەزعەلی و کەسانی دیکە ترسیان لەوە هەیە کە سەرۆکایەتیی حکومەتی مالیکی ببێتە هۆی گەمارۆکانی ئەمریکا و مەترسی هێرشی سەربازی لەلایەن ئیسرائیلەوە بۆسەر گروپە چەکدارەکانی حەشدی شەعبی و بەرژەوەندییە ئابورییەکانیان دواجار بکەوێتە بەر مەترسی لەنێوچوون .

٤. ڕکابەری ناوخۆیی ؛  بەپێی زانیارییەکان خەزعەلی پشتگیری لە بیرۆکەی هێشتنەوەی محەمەد شیاع ئەلسودانی، سەرۆکوەزیرانی ئێستای عێراق یان کاندیدێکی کۆدەنگی لەسەر بێت دەکات، چونکە پێیان وایە ئەمە ڕێگە بە بلۆکەکانی هاوپەیمانی میلیشیاکان دەدات کە کۆنترۆڵی وەزارەتە سەرەکییەکان بەبێ هەژموونی ناوەندیی مالیکی بپارێزن ، هەرچەند مەرجی ئەمریکا بۆ پاڵپشتی عێراق ڕێگری و بەشداری نەکردنی ئەو سیاسیانەیه لەحکومەتی داهاتوودا، کە خاوەنی میلیشیا و چەکی دەستی گروپە جیاوازەکانن.

٥. خەزعەلی هەوڵدەدات ئەولەویەت بدات بە کاندیدێک کە بتوانێت پەیوەندییەکی "هاوسەنگ" لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا بپارێزێت بۆ ئەوەی دووربکەوێتەوە لە گۆشەگیری. وەلێ خەزعەلی سەرۆکوەزیرانێکی دەوێت کە قەرزاری بلۆکە میلیشیاکان بێت، لەکاتێکدا مالیکی هەوڵدەدات دەسەڵاتی کەسیی خۆی بەسەر دەوڵەت و دامەزراوە ئەمنییەکانیدا جێکەوت بکات و وەک هەڕەشەیەک بۆسەر نفوزی خۆیان و سەقامگیری ناوچەیی عێراق سەیر دەکەن.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی