نەتەوەسازی و نیشتمانسازی دوای یەکبونی کورد لە خۆپیشاندانەکاندا

2 کاتژمێر پێش ئێستا

سەرکەوتی جیهاز و بەختیار نامیق


دوو کێڵگە لە ئێستادا بونی هەیە :
یەکەم : خۆپیشاندانەکان و ئامادەگی تاکی کورد ، ئەو نامەیەی خۆپیشاندانەکان گەیاندیان و ئەو ئامادەگییە بەرفراوانەی کوردانی دنیا ، پێی وتین هەر کات کورد لەبەردەم ترسی سڕینەوەدا بێت ، کورد بۆ سەلماندنی بونی خۆی ، لە ڕێگەی نەتەوەسازی و نیشتمانسازییەوە ئامادە دەبێت ، بە مانایەکی تر ، خۆپیشاندانەکان لێکەوتەی ترسە لە سڕینەوە نەک بەرەو سەرکەوتن ، ئەم ترسە وای کرد کورد لە تەواوی دنیا ئامادە بێت بۆ بەرگری لە بونی خۆی ، ئەم نەتەوەسازی و نیشتمانسازییە پێی وتین بەدەر لەحیزبەکان ڕۆحیەتێکی تری نەتەوەی هەیە کە لەسەروی حیزبەوەیه ، بەتایبەت لە ڕۆژئاوا کە زیاتر خەباتی نەتەوەیی و  نیشتمانی دەبینرا نەک حیزبی وەک ئەوەی لە باشور هەیە ، لەم کێڵگەیەدا ڕۆحی بەرگری و مانەوە ئامادە بوو بەرامبەر کێڵگەی دوەم کە کورد کەوتوەتە بەردەم پلانگێڕییەکی نێودەوڵەتییەوە ، خۆپیشاندان دوای بێ هیوابون ، جۆرێک لەهیوا دروستبو بەتایبەت ئامادەگی نەوەی نوێ ، کە دەکرێت بە زیندبونەوەیەک و ڕاچڵەکینێکی گەورە ببینرێت و بتوانرێت پەرەی پێبدرێت و ئاراستە بکرێت بەرەو ئامانجی هەستانەوەی نەتەوەیەک.
کێڵگەی دوهەم:
لەم کێڵگەیەدا کورد لەبەردەم پلانگێڕییەکی نێودەوڵەتیدایە ، واتا بەرژەوەنی کورد و ئەمریکا بچوکترە لە بەرژەوەندی تورک و ئەمریکا ،
کورد لە ئێستادا لەبەردەم گواستنەوەدایە لە قۆناغێکەوە بۆ قۆناغێکی نوێ ، لە داڕشتنەوەی نەخشەی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەرژەوەندی وڵاتە زلهێزەکانی جیهانی و ناوچەیی بوەتە پێوەر ، لەم نێوەندەدا ئەگەر لەبازنەی یەکەمدا سەیری وڵاتە زلهێزەکان بکەین ، ئەوا بەدەر ململانێ و جەنگەکان بەرژەوندی باڵای هاوبەشیان وا دەکات کە گڵۆپی سەوز بۆ یەکتر هەڵبکەن ، لەبازنەی دووەمدا دوای بچوککردنەوەی ئێران ، ئەوەی ڕۆڵی سەرەکی دەبینێت ئیسرائیل و تورکیا ، کورد لەسەر ئەم نەخشەیە دەکەوێتە نێوان بەریەککەوتنی بەرداشی بەرژەوەندییەکان ، کورد لەسوریا لەبەردەم پلانێکدایە کە ناچار بێت بەو واقعەی کە حکومی هێز دروستی دەکات ، خۆ ئەگەر ڕۆژئاوا سەرزەمینێک بێت بۆ چارەنوسی کورد ئەوا شاڕەگی دەچێتەوە باکور و باشور ، بەمانایەکی تر لەڕێگەی گوشاری وڵاتانی وەک ئەمریکا و فەرەنساوە دەکرێت کورد ڕازی بێت بەو مافانەی لە ئێستادا دەدرێت بە ڕۆژئاوا ئەویش بە پێی پەیمانێکی نێودەوڵەتی تا حکومەتی سوریا پەشیمان نەبێتەوە و مافەکانیش لە مەرسومەوە بگوازرێتەوە بۆ ناو دەستور ، لەناو تورکیاش باکور بچێتە قۆناغێکی نوێ و پروسەی ئاشتی بچێتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە ، چونکە بێ چارەسەری باکور و باشور زەحمەتە پرۆسەی ڕێککەوتن لە سوریایەکی ژێر هەژمونی تورکیدا سەربگرێت ، لە باشوردا عێراق لەبەردەم ئەگەری گۆڕانکاری گەورەدایە ، ئەگەر چی لەباشور قۆناغی ئەو ترسە تا ئاستێک کەمە بەڵام لە تەنگژەی نێوان ئەمریکا و ئێراندا ئەگەری هەیە باشور بکەوێتە سەر ئەو هێڵەی کە تۆم باراک بە ئاشکرا باسی دەکات.
ئەوەی گرنگە کورد بتوانێت لە ڕۆهەڵاتەوە تا ڕۆژئاوا و باشور و باکور کار لەسەر کێڵگەی یەکەم و گەورەکردنی ئەو نەتەوەسازی و نیشتمانسازییە بکات بۆ هەر ئەگەرێک و لە خۆپیشاندانەوە بیگۆڕێت بۆ کاری دبلۆماسی و کار لەسەر کەسایەتیە باڵادەست و ناوبانگەکان بکات بۆ ئامادەکاری بۆ هەر ترسێک ڕوبەڕوی کورد ببێتەوە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی