کاتێک ژەنەڕاڵ دەبێتە دبلۆمات

2 کاتژمێر پێش ئێستا

هیوا سەید سەلیم

  لەمێژووی سیاسی و سەربازیی وڵاتاندا زۆرجار دەبینرێت کە ژەنەڕاڵێک دوای ساڵانێک خزمەتکردن لە مەیدانی جەنگدا، دەچێتە ناو کاری دبلۆماسی. ئەم گواستنەوەیە تەنها گۆڕینی کار نییە، بەڵکو گۆڕینی شێوازی بیرکردنەوە و بەکارهێنانی توانا و ئەزموونەکانە لە بوارێکی تر.

  ژەنەڕاڵ لە جەنگدا فێری پلاندانان، ڕێکخستن، بڕیاردان لە کاتی تەنگانە و تێگەیشتن لە هێزی دژ دەبێت. ئەم توانا و لێهاتوویانە لە دبلۆماسیشدا گرنگن، چونکە دبلۆماسیش مەیدانێکی جەنگی نەرمە؛ لەوێشدا وڵاتان بە شێوازی گفتوگۆ، دانوسان و هاوپەیمانی بەرژەوەندییەکانیان پاراستن دەکەن. جیاوازییەکە ئەوەیە کە لە جەنگدا چەک بەکاردێت، بەڵام لە دبلۆماسی دا وشە و بیر و هەڵسوکەوت بەکاردێت.

  کاتێک ژەنەڕاڵێک دەچێتە ناو دبلۆماسی، ئەو دەبێت فێری ئارامی، گوێگرتن و هەڵسوکەوت بێت. لە سەربازیدا سەرکەوتن زۆرجار بە سەرکەوتنی سەربازی پێناسە دەکرێت، بەڵام لە دبلۆماسی دا سەرکەوتن بریتییە لە ڕێککەوتنێک کە هەموو لایەنەکان بتوانن خۆیان لەویدا ببینن. بۆیە ژەنەڕاڵێک کە دەبێتە دبلۆمات، ئەگەر بتوانێت تووندی و فەرماندەرایەتی جەنگ بگۆڕێت بۆ نەرمی و دانوسان، دەتوانێت سەرکەوتوو بێت.

لە مێژوودا نموونەی ئەم جۆرە کەسایەتییانە هەیە. بۆ نموونە، ئایزنهاوەر دوای ئەوەی وەک ژەنەڕاڵێکی سەرکەوتوو لە جەنگی جیهانی دووەمدا ناسرا، دوای جەنگ بەهۆی لێهاتووی بوو بە ٣٤ەمین سەرۆکی ئەمریکا و ڕۆڵێکی گرنگی لە سیاسەت و دبلۆماسی نێودەوڵەتی دا گێڕا. 

هەروەها دەتوانین بڵێین چاڕلس دیگۆل لە فەرماندەیەتی سەربازی گەیشتە سەرکردایەتی سیاسی و کاریگەرییەکی گەورەی لە سیاسەتی فەڕەنسا هەبوو.

لە نێو کوردا فەرماندە و شەڕکەری لێهاتوو هەڵکەوتووە کە لە جەنگدا دەستکەوتی گرنگیان بەدەستهێناوە، بەڵام ئەوان نە بوونەتە "ئایزنهاوەر یان دیگۆل"، بگرە هەر بە بیری کۆنی پێشمەرگایەتی چوونەتە ناو سلکی دبلۆماسی و ئیداری، کە ئەمەیان گرفتێکی گەورە بووە، چونکە ژەنەڕاڵ و دبلۆماسی دوو جیهانی جیاوازن، بەڵام هەردووکیان پێویستیان بە ستراتیژی، تێگەیشتن لە دۆخ و توانا لە ڕێکخستن هەیە. ئەگەر ژەنەڕاڵێک بتوانێت جەنگی چەک بگۆڕێت بۆ جەنگی وشە، ئەوا دەتوانێت لە مەیدانی دبلۆماسیشدا سەرکەوتن بەدەستبهێنێت و خزمەتێکی تر بە وڵاتەکەی بکات.

ئەوەیان ئێستا لە ژەنەڕاڵ مەزڵوم بەدی دەکرێت، شایانی باسە، ئەو دەرفەتەی ئێستا بۆ مەزڵوم هەڵکەوتووە پێشتر مەگەر بۆ "تاڵەبانی و بارزانی" هەڵکەوت بێت ئومێد دەکەین ژەنەراڵ مەزڵوم بتوانێت ئەوان تێپەڕێنێت، نابێت کەسیش ئەوەی پێناخۆش بێت. بگرە دەبێت هەمووان لەو خەباتە دەبێت پشتوپەنا و هاوکاری یەکتری بن.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە