گـورزی سـەربازیی بۆ گۆڕینە یان دۆشینە؟

3 کاتژمێر پێش ئێستا

عومه‌ر قادر ـ به‌ریتانیا

نەرمی و توندی هەرەشەکانی ڕۆژانەی سەرۆکی ئەمریکا بەرامبەر ئێران، بەردەوام  میدیای جیهانی بەخۆیە سەرقاڵکردووە. پڕۆسەی پڕچەککردن و گواستنەوەی کەشتیە فرۆکەهەڵگرەکان بۆ ئاوەکانی نزیک لە ئێران بەشێکە لە سیاسەتی فشارو لە مەنگەنەدانی ڕژێمی ئێران. تایپی خۆگیڤکردنەوەی بێ ئەنجام خەریکە ترس و دڵەراوکێ ئێران دەرەوێنێتەوە.

بەدرێژای مێژوو سەلیقەی هونەری گفتوگۆی ئێرانیەکان  بە پیشەی فەرش چنین شوبهێنراوە،چونکە له گفتوگۆکردن ماندوو نابن لەلایەک بەرامبەرەکەیان نائومێد ناکەن،لەلایەکی تر چەمکی (دان و سەندن) لەسەر بنەمای بەخشین هاوتای وەرگرتن جێبەجێ دەکەن.

خەبیری هونەری کات کوشتن. لە پاڵیشیدا کاتەکە بۆ خۆرێکخستنەوەو خۆسازدان بۆ ئەگەرەکان وەبەرهێنی لەسەر دەکەن. بەهۆی ئەم شێوازە لەهونەری گفتوگۆکردن تاڕادەیەک مەساری گفتوگۆکانیان بە ئاراستەی بەرژەوەندی خۆیان وەرچەرخاند. پاشەکشەی ترەمپ لە بەڵێنی پشتیوانی کردنی گەلانی ئێران لە ئەگەری بەردەوام بوونی کوشتنی خۆپیشاندەران بە یەکێک لە دەستکەوتەکانی ئەو مانۆرە دبلۆماسیە دادەنرێت.

 ئەم پاشەکشێیە کاریگەری هەبوو بۆ ساردکردنەو هێورکردنەوەی خۆپیشاندان. زەمەنەکە زەمینەی بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران ڕەخساند مانۆری گەورەی دبلۆماسی نێونەتەوەیی ئەنجام بدات و دەستکەوتی هەبوو، بۆ نمونە راگرتنی هێڵەکانی ئەنتەرنێت و لەکارخستنی زۆربەی ئەپەکانی پەیوەندی کردن لەسەرتاسەری ئێران لەلایەن دەوڵەتی چین بەرهەمی ئەم کات کوشتن و خۆگرخاندنە بوو.

بەمەش شەپۆلی خۆپیشاندەران درزی تێکەوت و لێکترازاو بڵاوەی پێکرا. لە لایەکی تر بەرزبونەوەی ژمارەی گیراو کوژراوان بۆ ئاستێکی مەترسیدار تەواوی دۆخی ناوخۆی کۆنترۆڵ و ستۆپ کرد.

لە ئێستادا هەلومەرجی گفتوگۆکان جیاوازە بە بەراورد بە هەلومەرجی پێش شەری دوانزە رۆژەی (ئێران ـ ئیسرائیل ) ئەوکات کاریگەری سەرکەوتنەکانی (ئیسرائیل و ئەمریکا) لە شکست پێهێنانی حوسیەکان‌و هارینی حماس و کوشتارەکانی غەزەو روخانی ئەسەد تەواوی سایکۆلۆژیای  فەزای ئەم ناوچەیەی داگیرکردبوو، بەڵام دوای روخانی ئەسەد (چین و روسیا) بەخێرای پێداچونەوەیان لە حساباتی  ناوچەیی خۆیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراستدا کرد. ئەوان گەرەکیان بوو ئەمریکا بگلێتە شەرێکی درێژخایەن، هاوشێوەی شەری ( ئۆکرانیا ـ روسیا) بەڵام بە واقیع نەبوونی ئەم خەونە  بەدەرس وەرگرتن لە کەوتنی ئەسەد خێرا فریای ئێران کەوتن و ڕێگەیان نەدا ( ئێران )وەک کلیلی قەفقاس و جوگرافیای ستراتیژی ئەم ناوچەیە لە دەستیان بچێت.

لێرەدا پڕسیارێک دروستدەبێ ئایا ئەمریکا دواجار ناچار دەبێ پەنا بباتەبەر گورزی سەربازیی؟ 
لەئەگەری بەکار هێنانی گورزی سەربازی ئایا رژێمی ئێران دەروخێ؟ یان گورزەکە بۆ هاتنەژێرباری مەرجەکانە؟

هەرچەندە ئەمریکا زۆرترین ئامادەکاری سەربازی کردووە لە ناوچەکە بەڵام ئەم ئامادەکاریە زیاتر بۆ سێ مەبەستە:

٭ بەکار هێنانی کارتی هێزە بۆ ناچارکردن و هاتنەژێر باری خواستەکان.

٭ لە ئەگەری بەکار هێنانی هێز بۆ ئەوەیە گورزەکە کاریگەرو کورتخایەن و ئامانج پێک بێت.

٭ بەشێکی ئەساسی هێزەکە تەکنەلۆژیایی بەرگری و بەرپەچدانەوەیە لەپێناوپاراستنی ئیسرائیل و بنکەو یەکە سەربازیەکان و وڵاتانی هاوپەیمانی ئەمریکا لە کەنداو.

بەڵام ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچێت جەنگ ئەگەرێکی مام ناوەندە نەک نزیک چونکە ئەمریکا بەوردی ئاگاداری کۆمەکی دەولەتی چینە بۆ ئێران لەبواری پێویستی تەکنەلۆژیای بەرگری و ئاراستەکردن، لەگەڵ ئەوەشدا ئێران پێویستی بە رێکەوتنە نەوەک  جەنگ چونکە توانست و هەلومەرجی ئابوری خراپە لەرووی سیاسی دابراوە لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی سەرەرای کەڵەکەبوونی کێشەو گرفتە ناوخۆیەکان، بەرژەوەندیی ئێران دەخوازێ رێک بکەوێ.
  
ئەگەر رێکەوتنێکی هاوتاش نەبێ، بەڵام زۆریش لاسەنگ نەبێ. ئەگەر بۆی بکرێ قودرەی موشەکی بالیستی بپارێزێ، لەلایەکی تر ترامپ بۆ شەرمی روان بەهۆی زۆری بانگەشە و هەڕەشەی ڕۆژانە حەزدەکات،  بەهەماهەنگی ئێرانیەکان گورزی سەربازی سنوردار ئەنجامبدات لەپێناو پاراستنی شکۆی سیاسی ئەمریکا دواتر رێکبکەون، بەڵام پێدەچێت ئێرانیەکان رازی نەبن.
 
متمانەیان بە ترامپ نیەو خۆیان بۆ ئەگەرەکان ئامادەکردووە. لەوانەیە ئاماژەی ئەرێنی لە گفتوگۆکانی ئایندە زیاتر درک بکرێ. لەلایەکی تر بەدور نازانم لەسیاقی گفتوگۆکانی (ئێران ـ ئەمریکا) بەپێ کەشی گفتوگۆکان ماوە ماوە مانۆری گەرمکردنەوەی گورزی سەربازی و نزیک بوونەوە لە سەعاتی سفر سیناریۆی بەردەوامی چاوەڕوانکراو بێت.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی