لێدوانەکانی ئەم دواییەی "تۆم باراک" سەبارەت بە ڕێککەوتنی نوێ لە سووریا، گوزارشتن لەدیدی بازرگانێکی خوێن ساردو بەدڕەوشت دەکەن، کە دەیوسیت بە "قسەی شیرین" لەبەرژەوەندی تورکیا پاشەکشە بە خواستە ڕەواکانی کورد بکات.
کە دەڵێت: ڕێککەوتنەکە مافی زیاتر لە جاران بە کورد دەدات، مەبەستی ئەو مافە زۆر سەرەتاییانەیە وەک (خوێندن بە زمانی دایک و جەژنی نەورۆز) کە لە بنەڕەتدا ئەوانە "مافی سروشتی و مرۆیی"ن چۆن دەبنە بەشێک لە مامەڵەی سیاسی.
لۆژیکی تۆم باراک، "مامەڵە و بازرگانییە". ئەو وەک نوێنەرێک سەیری کێشەکان ناکات کە خەمی دادپەروەریی بێت، بەڵکو وەک بازرگانێک دەیەوێت بە کەمترین تێچوو "گرێی کورد" بکاتەوە تا ڕێگە بۆ بەرژەوەندییەکانی تورکیا و وڵاتانی کەنداو خۆش بکات. ھەتا بەرتیل و شیرینییەکەی ورگرێ.
تێکەڵکردنی هێزەکانی هەسەدە لە ناو سوپایەکدا کە تاقمە توندڕەوەکانی وەک "جولانی" تێیدا باڵادەستن، جێبەجێکردنی داوا هەمیشەییەکەی تورکیایە بۆ لە ناوبردنی قەوارەی سەربەخۆی کورد و نەهێشتنی ئەو گەرەنتییەیە کە پارێزەری خوێن و ئیسکی هەزاران شەهیدە.
دەنا خۆ هەمووان بینییان کە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیدارەی خۆسەریدا، مۆدێلێکی پێکەوەژیانی ئاشتیانە هەبوو لە نێوان کورد و عەرەب و مەسیحی. بەڵام ئێستا، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە پێناو "گۆڕینی ڕژێم" و ڕازیکردنی دڵی هاوپەیمانە ئیقلیمییەکان، چاو لەو کوشتارو تیرۆرە زۆرەی تیرۆرستەکانی دوێنی و سوپای نوێی سوریا دژی دروز و عەلەوی و کورد دادەخات.
مافی زمان و کەلتوور "خەڵات" یان "سەدەقە" نییە تا باراک بە دەستکەوتی بزانێت؛ ئەمانە مافی پارێزراوی هەموو مرۆڤێکن لە هەر کوێیەک بن. ئەوەی کورد لە سووریا بۆی تێکۆشاوە، "خۆبەڕێوەبەریی سیاسی و فیدراڵیەتە". گۆڕینەوەی ئەم قەوارە سیاسی و سەربازییە بەچەند "مافێکی مەدەنی"، سووکایەتییە بە خەباتی سەد ساڵەی کورد و ئەو قوربانییە بێشوومارەی بۆ تێکشکاندنی داعش درا.
جارێکی تر بازرگانە سیاسییەکان دەیانەوێت مێژوو دوبارە بکەنەوە و لە بازاڕی بەرژەوەندییەکانیاندا کورد وەک "کارتی فشار" بەکاربهێنن. بەڵام دەبێت هەموو دونیا بزانێت، چیدی مرۆڤی کورد بەقسەی شیرین ناخەڵەتێت. خوێن و شکۆی نەتەوەیەک ناچێتەوە ناو دەفتەری بازرگانیی کەسانێک کە مرۆڤ تەنها وەک "کەرستەی سەودا" دەبینن.
تۆم باراک یەکەم نێردە بوو کە بەنیازی شیرینی سەرکەوتن بوو بەڵام تاڵی (نا)ی کوردی لە زاری مەزلوم عەبدییەوە نۆشی .
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی