شوانەکان، ناسرەکان و کوردستانی ئەمڕۆ

2 کاتژمێر پێش ئێستا

محەمەد عەلی دەستماڵی

لەبەیانییەکی ساردو سڕی کۆتاییەکانی مانگی ڕێبەنداندا، لە بناری چیای ئاویەرەوە بەرەو خوارەوە دائەگەڕێین. 

سنە، شاری گردەکانە یەکەم گردی سەر ڕێگای من و هاوژینم فەریبا، گردی کەرباسییە. 

ئەوێ شوێنی ماڵاواییە، ئەو بەرەو دەوام ئەڕوات و من بەرەو کتێبخانە و خوێندن و نووسین. 

لە گەڕانەوەدا مۆسیقام لەگوێدایە. 

پێشتر زیاد لە ٥٠٠ پارچە مۆسیقا و گۆرانی کەلامدار و بێکەلامم خستۆتەوە تەلەفونەکەمەوە. تەلەفون بۆ خۆی سەرپشکە و چیم بۆ بڵاو بکاتەوە مەمنوونی ئەبم: 

عەلیمەردان، سێوە، شاکرۆ، عایشە شان، سەیدعەلی ئەسغەر، کاویس ئاغا، هۆرەی ئەولەزیز، شەجەریان، ئومکولسووم.

یان نەخێر مۆسیقای بێکەلام لە کەمانچەکەی کەیهانخانی کەلهوڕ، تەموورەکەی عەلیئەکبەرخان مورادی یان تارەکەی جەلیل شەهناز یان عوودەکەی مونیر بەشیر. 

یان نەخێر مۆسیقای فۆلکلۆری بان لەیلاخ، هەوشار، چەمشار یان هۆرەی شاهاباد و ماهیدەشت یان بلووزو جاز، بەڵام ئەمڕۆ سەرەی هیچکام لەم نازدار و ئازیزانەم نەبوو. 

بەرەکەت و قاوەڵتی ڕۆحم بە مەقامە بێوێنەکەی ناسر ڕەزازی لە سەر شیعرە ئەڵماسدارەکەی عالیجەناب مستەفابەگی ساحێبقەران دەستی پێکرد:
بۆ فریوی عاشقان و جەزبی دڵ وا ماهیری
ڕەنگە شاگردیت بکەن میهتەر نەسیم و سامری
بەختی ئەو ئوستادە سووتێ دەرسی سیحری پێ کوتی
وا کە تۆی بەردایە گشت عالەم بە مەکر و ساحیری

دوای ئەم مەقامە بێگەردە، پارچە پیانۆیەک هات بە ئێفێکتی دەنگی بارانەوە. پاشان شوان پەروەر هات و لە گوێمدا هاورای کرد:
کریڤێ تو زانی گونەحێ منوو تە چیە
ئەڤ حەق ئو شۆپ ئو ڕێ ل من و تۆ گرتییە
ژ من ئو تو ڕە بوویە سووج، کو ئەز مسلمانم تو ژی ئێزدی.

ئینجا وەرە بەم هەموو خەم و خەفەتە لەم وڵاتەدا، گۆشتنەخۆر و نەباتی و دڵناسک بیت و ئەم گۆرانییەی مامە شوان گوێ لێبگریت و بتەوێ بەر بە گریانی خۆت بگریت! ئەی هوووو! زەحمەتە ئابراگیان!
مەبەستم؟

ئەم پێشەکییەم بۆچی بوو؟
هەر دوو گەورە گۆرانیبێژەکە، بە درێژایی مێژووی بزاڤی کوردی، بەردەوام باران و ئاودێری مەزراکانی شوناسی ئێمە بوون. هەر کام لەم دوو پیاوەو زۆر گۆرانیبێژیتر، لە ژیانی هونەری خۆیاندا، لانیکەم ئەوندەی پارت و گروپەکانی شۆڕش دەوریان گێڕاوە. 

زەروورەتە مێژووییەکانی بزاڤی کوردی، شوان پەرەوەر لە ئورفە یان ڕۆحا و ئەستەمبووڵەوە بەرەو هەندەران ئەبات. لەملاوە ناسر لە کووجی و کۆڵانی سنە و بناری ئاویەرەوە ئەبات بەرەو شاخ و هەندەران و دوبارە ئەیهێنێتەوە بۆ نیشتمان. 
ئەی ئێستا؟ 

تەواو؟ 

ئەم دوو هۆزانە گەورەیە بوون بە ئارشیڤ و مێژوویەکی کۆتاییپێهاتوو؟ 

نەخێر! 

ئەم دوو ئازیزە خەڵکی فینلەند و سویسڕا و هۆڵەندا نین کەس پێویستی بەوان نەبێ و بە جانتایەک دۆلار و شۆرتی گوڵدارەوە بڕۆن لە کەناری دەریاکانی جیهانا خۆیان بدەنە بەرخۆر و ترسی تەنیایی و بێکەسی و بێخاوەنی چاند و کۆمەڵگا و نەتەوەیان نەبێ و پەیکەکەیان بەرز بکەنەوەو خەمی کەسیان نەبێ! (ئەگەر ئەمانەشیان کرد، نۆشیان بێ. پەلە مەکە عەرزت ئەکەم بۆ چی دۆخی ئەمان جیاوازە).

لەوڵاتێکی جێگیری گەشەسەندووی خۆش و ئاوەداندا، لە حوکمڕانی و دامەزراوەکانی دەوڵەتەوە تا زانکۆ، میدیا، دامەزراوی سیڤیل و مەدەنی و سەندیکا و ئەنجومەنەکان و هەموو شوێنێک، پلان و پڕۆگرامی هەموو کەسێک ڕوون و ئاشکرایە و هونەرمەندێکی بەناوبانگی بەساڵاچوو، بە ویست و ئیشتیای خۆی، بۆی هەیە هەندێجار وەکوو بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی، هەنگاوێک هەڵبگرێت و شتێک بکات یان نەیکات. بەڵام لای ئێمە دۆخەکە جیاوازە. 

لە کوردستان، زۆر جار هونەرمەندی گۆرانیبێژ، تەنانەت دوای ئەوەی کوالیتی دەنگی لەبەر تەمەن و نەخۆشین و پیری لە دەس ئەڕوات، ناچار ئەبێ کۆمەلێک ئەرک و بەرپرسیارێتی وە ئەستۆ بگرێت. بۆ وێنە، کە مەترسی داعش یان هەڕەشە لە سەر ڕۆژاوا دروس ئەبێ، شوان پەروەر ساز هەڵئەگرێ و ئەڕواتە بەرەی پێشەوەو لە تەنیشت پێشمەرگە دائەنیشێ یان ئەڕواتە بەر کامێرا و بۆ کۆکردنەوەی یارمەتی بۆ کۆبانی و قامیشلۆ ئەبێتە میوانی میدیا. کە بۆمەلەرزەی کرماشان هەزاران کورد ماڵوێران ئەکات، ناسر ڕەزازی لە دوورەوە بە چوار پۆستی ئینستاگرامی، دەیان هونەرمەند و هەزاران خەڵکی ئاسایی هان ئەدات بۆ کۆکردنەوەی یارمەتی. 

دیارە تەنیا بەشێک لەم کردەوە بەنرخانە لە سەر بنەمای بەرپرسیارێتی تاکەکسی ئەو ئازیزانەیە، بەشە گەورەکەیتر، لەبەر پێویستییکەی زەروور و حاشاهەڵنەگرە. واتا ئەگەر لە وڵاتێکی ئیسکاندیناوی بۆمەلەرزەیەک ڕوو بدات، دامەزراوە فەرمییەکان ئەوندە ڕێک و پێک و جێگیر و کارامەن، هەر پێویستیان بەوە نییە گۆرانیبێژ بێتە بەر کامێرا و داوای یارمەتی لەخەڵک بکات. یان لە وڵاتێکیتر ئەگەر کێشەیەکی سیاسی و ئەمنی بێتە ئاراوە، دەوڵەت و پارتەکان و هێزی ئەمنی و دەزگای زانیاری و ناوەندەکانیتر، زۆر بە ئاسانی و سانایی ئەتوانن هەموو شتێک کۆنتڕۆڵ بکەن و پێویست بەوە ناکات گۆرانیبیژ و هونەرمەند بە دونیایەک نیگەرانییەوە بێتە مەیدان و شتێک بکات. بەڵام لای ئێمە، بەرپرسیارێتی و پێویستی بە ئامادەبوونی ئەم ئازیزانە، ئاوا بە خێرایی تەواو نابێت. ڕێک لەم شوێنەدایە وا گەورە هونەرمەندانی ئێمە، لەوانەیە تووشی کۆمەڵێک هەڵەش ببن.

بۆ وێنە بەش بە حاڵی خۆم، پێم وا نییە پێویست بەوە بکات کاک ناسر زۆر جار لە سەر میدیایەکی فارسی یان سۆشیال میدیا، زۆر بە پانی باسی سیاسەت بکات و کۆمەڵێک پێشنیار بێنێتە ئاراوە کە چاکتر وایە سیاسەتڤانەکان باسی بکەن. یان ڕەنگە بەم هەموو دامەزراوەیە پێویست بەوە نەبێ کاک ناسر کاری فەرهەنگ نووسین و زمانەوانی بکات. ڕەنگە ئەگەر من لە جیاتی کاک شوان بوومایە، دوای ئەو ڕۆژە مێژووییەی دیاربەکر و دیدار لەگەڵ ئەمینە ئەردۆغان، هەوڵم ئەدا بە نووسینی نامەی کراوەو پێوەندی دانان لەگەڵ هونەرمەند و میدیای تورک، پردێکی پتەو بۆ پاراستنی ئاشتی دابمەزرێنم و لە جیاتی یەک لایەن، لەگەڵ هەموو لایەنێکی کوردیدا ڕەفاقەت پەیدا بکەم. بۆچی؟ چونکا ئەم ئازیزانە بەشێکی زۆر زۆر بەنرخی سەرمایەی چاندی و سەرمایەی کۆمەڵایەتی گەلی کوردن. ئەم دوو مامۆستایە، ئەوندەی خودی شۆڕش، دەوریان گێڕاوە. دیارە ئەمانیش ئەیانتوانی وەکوو مەزهەر خالقی و زۆر کەسیتر، قەت بیر لە بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی و نەتەوایەتی نەکەنەوە. کە خالقی دوای ئەو هەموو ساڵە گەڕایەوە بۆ شاری سنە، لە زانکۆی کوردستاندا، لێدوانەکەی خۆی بە زمانی فارسی پێشکەش کرد! دیارە ئەوە ڕێکەوت و سودفە نییە و پەردە لە سەر ئەو ڕاستیە لائەدات کە بەڕێزی، وەکوو شوانەکان و ناسرەکان بیر ناکاتەوەو قەت بەلایەوە گرینگ نییە کۆمەڵگای کوردی چی بەسەردا دێ و چۆن ئاوڕ لە مەزهەر و مەزهەرەکان ئەداتەوە. ئەمە دوو بژاردەی جیاوازە. زۆر دیار و ئاشکرایە، لە نێوان ئەم دوو بژاردەیەدا، باری سەرشانی هونەرمەندانی کام لا قورستر ئەبێ. کەوایە بەلەبەرچاوگرتنی ئەم تابلۆیە، شوانەکان و ناسرەکان ئەتوانن بە هاوکاری و ڕاوێژی زانکۆکان و کەس و لایەنەکان، هەرکامەیان بەشێوەیەک، لە بوارە جۆربەجۆرەکاندا ببنە خاوەن ناوەند و سەکۆ بۆ کۆکردنەوەی گەنجەکان، تەرکیز لەسەر ئەرکە کۆمەڵایەتییەکان و پەروەردەکردن و پێگەیاندنی منداڵان و مێرمنداڵان و لاوەکانی ئێمە. 

کێ ئەڵێ شوان پەروەر ناتوانێ بە دامەزراندنی خەڵاتی شوان، ناوەندی کچانی دەنگبێژ، ناوەندی گەشەی کتێب، ناوەندی تۆمار و کۆکردنەوەی فۆلکلۆ، بازنەی پاراستنی ژینگە، کۆمەڵەی دژە ڕاو، ناتوانێ ئەوندەی ساڵانی پێشوو دەور بگێڕێ؟ کێ ئەڵێ ناسر ناتوانێ گەورەرین خانەی دیجیتاڵی مێژووی مۆسیقای کورد، ناوەندی وێنەی بنەماڵەی کورد، خەڵاتی مەقام، خانووی پشتیوانی لە فۆلکلۆر، ناوەندی خوێنخۆشکردن و بەرگری لە شەڕ و بازنەی لاوانی هۆگری مۆسیقای ڕەسەن دابمەزرێنێ؟

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە