22/02/2026
لە گریمانی هەرەسهێنانی حوکمی مەلاكانی ئێران زۆربەی خەڵك و هەندێکیش لە چەپەکان نیگەرانن و بێ هیوان لە باشبوونی بارودۆخەکە لە سای حکومەتی نوێدا، بە تایبەتیش ئەگەر ڕەزا شا بێت. بە گوێرەی ئەزموونەکانی ئەم چەند ساڵەی دوایی لە عێراق و ئەفغابستان و لیبیا و تازەکیش سوریا، نیگەرانییەکان جێگەی خۆیەتی.
بەرای من گەر چی نیگەرانبوون لە گریمانی هاتنی ڕەزا شا دروستە، بەڵام ئەم خراپتر نییە و نابێت لە حوکمی ئێستا. ئەمەش مانای ئەوە نییە کە من خوازیاری شەڕ بم و لەگەڵ هێڕشی ئەمریکادا بم بۆسەر ئێران. بەڵام حەقیقەتێکیش هەیە ئەویش ئەوەیە لەم سەردەمەدا کە حکومەتێك لە بەڕێکردنی سیاسەتی فاشیانەی خۆی بە کوشتنی سەدان هەزار کەس سڵناکاتەوە، ئەوە دەگەیەنێت کە زۆر زەحمەتە لە ڕێگەی خۆپیشاندان و ناڕەزاییەوە حکومەتەکە بڕوخێنریت.
بۆچی هاتنی شا خراپتر نییە لە مانەوەی ڕژێمی ئێستا؟
یەك: لە سای حوکمڕانی ئاخوندەکاندا بارودۆخی ئێران وەکو هەموان دەزانن زۆر زۆر خراپ بووە ، کوشتن و بڕین و لە سێدارەدان بوەتە چالاکی ڕۆژانەی ئەو ڕژێمە. ئازادییەکانی ژنان بە تەواوی تەسککراونەتەوە تا ئەو ڕادەیەی کە خودی ژنان چی تر ئەوەیان پێ قەبوڵ ناکرێت و لە هاوپشتیان کەمتر چاوەڕوانی لایەن و کەسانی دیکە دەکەن.
دوو: ڕوخانی ڕژێم ، فەزای هەناسە هەڵکێشانێکی ئازادانە گەر بۆ کاتییش بێت دەخولقێنێت. حکومەتی نوێ ئاوا بەو ئاسانییە و بەو کوتوپڕییە ناتوانێت سەقامگیر بێت بۆیە دەرفەتێك بۆ خەڵکی دەڕەخسێت کە خۆیان ڕێکبخەن لە ڕێکخراوی جەماوەرییانە و نقابەکان و یەکێتی و یەککەوتنی ژنان و دروستکردنی دەیەها گروپی دیکە لە بواری ژینگە، ئابوری ، ئازادی و مافی مرۆڤ، کاروباری کۆمەڵایەتی و دژایەتیکردنی زوڵم و زۆر و برسێتی و گرانی و گەندەڵی. ڕوودانی خۆپیشاندان و گرتنی کۆڕ و سمینیاریش دەستکەوتێکی دیکەیە، دەرگای ئازادی ڕٶژنامەوانی و نوسین و چاپخانە و بڵاکراوەگەلێکی بێ شومار دەخاتە سەرپشت .
سێ: گەڕانەوەی متمانە و باوەڕ بەخۆبوون لە هەڵتەکاندنی ڕژێمێکی 47 ساڵەدا کە گەر ڕژێمی نوێ هەمان ڕێگای ڕژێمە کۆنەکە بگرێتە بەر هەر وا بە ئاسانی بەسەریدا تێناپەڕێت.
چوار: ڕۆیشتنی ڕژێمی ئێران کۆتاییهێنانە بە گروپە تیرۆریستەکانی دیکەی سەر بە ئێران لە وڵاتانی دراوسێی و عەرەبی دا. وەستانی تیرۆرکردنی کەسانی نەیارە بە ڕژێم لەناو خودی ئێران و دەرەوەی ئێراندا. هاوکاتیش کاتێك کە ئەم قەڵاو قوتبی شیعەیە تێدەشکێت، قوتب و قەڵای سوونە کە سعودییە ئەو بەها گەورە و بنکە سەربازییەی چی تر پێویست نییە . لەگەڵ ئەمەدا بازاڕی کڕینی چەك و تەقەمەنی و کەرەسەکانی دیکەی جەنگ تا ڕادەیەك ئەو بایاخەی جارانی بۆ سعوودیە و ئیسرائیلیش نامێنێت و سست دەبێت ، واتە کێشمە کێشەکانی ناوچەکە تا ڕادەیەك دەڕەوێتەوە.
پێنج: ڕوخانی ئێران هاوکارییەکی گەورە دەکات لە ڕۆیشتنی ڕژێمی عێراق دا، یا هەر هیچ نەبێت ئەوەندە لاوازی دەکات کە چی تر ناتوانێت ئەوەی کە ئێستا دەیکات بەردەوام بێت لەسەری .
شەش: بارودۆخی تورکیا گرفتاوی دەبێت ، خۆ ئەگەر لە هێڕشی ئەمریکا بۆسەر ئێران ، ئێران بە مووشەکەکانی بتوانێت بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە تورکیادا زیانی گەورەی پێبگەیەنێت، پشێویەکی گەورە لە تورکیادا دەنێتەوە، کە ڕەنگە ببێتە خاڵی تەقینەوەی هاتنە سەر شەقامی خەڵکی، کە ئەمەش لە قازانجی نەك تورکیا و کوردە بەڵکو بەشێکی زۆری ناوچەکەشە کە ڕژێمی ئاکەپە بەرەو لاوازکردن دەبات.
حەوت: نەك رەنگە ببێتە هۆی باشبوونی بارودۆخی کورد لە ئێراندا، بەڵکو کارایی باشیش لەسەر هەرێمی کوردستان و کوردانی باشوور دادەنێت ، هەر هیج نەبێت مەترسی بۆمباردکردن و تیرۆرکردنی نەیارانی ڕژێمی ئاخوندەکان لەو پارچەیەی کوردستاندا نامێنێت ئەو کاتە ڕژێمی نوێش لەو زێدەڕەویانەی کە کراون بە هاتنە ناو خاکی باشووری کوردستانەوە دەکشێتەوە خاڵی پێش هاتنی ئاخوندەکان بۆ سەر حوکم و گوندنشینەکانی سەر سنوریش ئاسایشی بۆ دەگەڕێتەوە..
هەشت : ڕەنگە ڕوخانی ڕژێمی دینی و مەزهەبی ئێستا بە هۆی ئەو ئەزموونە خوێناوییەی کە هەیبووە و ئەو کارەساتانەی کە بەسەر هاووڵاتانی ئێرانیدا هێناوێتی، ڕێگر بێت لەوەی کە جارێکی دیکە ڕژێمی ئاینی و مەزهەبی لە ئێراندا دروست ببێتەوە .
بە بۆچوونی من ئەوانەی سەرەوە تا ڕادەیەکی زۆر خەباتی کرێکاران و چەوساوانی ئێران دەباتە پێشەوە، ڕێگە خۆشکەرێك دەبێت بۆ روودانی شۆڕشی کۆمەڵایەتی و لە ڕیشە دەرهێنانی زوڵم و زۆر و برسێتی و نادادوەری کۆمەڵایەتی.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی