هیچ وەڵامێك نیە بۆ ئەوەی پارتی و یەكێتی بۆ وا دەكەن ، بۆچی ناتوانن یان نایانەوێت پێشمەرگە ڕادەستی حكومەت و بكەن و لە چنگی خۆیانی دەربێنن، بۆچی بەو جۆرە كێشەی دیاری كردنی سەرۆك كۆمارێك دەكەنە گرێكوێرەو هەموو جار تێیدا كورد شەرمەزار دەكەن و لە بەردەم شیعەو سونە وەك خێڵ و هۆزو شەڕی بنەماڵە خۆیان نمایش دەكەن نەك وەك نەتەوەیەكی هەبوو، چەند شەرمە چورا چێوەی هەماهەنگی بەو هەموو برینەی خۆیەوە بە پارتی و یەكێتی بڵێت لە سەر كەسێك ڕێكبكەون ، بەڵام ئەمان لەبری ئەوەی پێش داوای نەیار یان لانی كەم یاری بەرژەوەندی خواز داوایان لێبكات خۆیان ئەوە بكەن ، سەیر ئەوەیە شیعەو سونە دەتوانن لایەنە كوردیەكان و بەتایبەت پارتی و یەكێتی بە سەر بەرەی خۆیاندا دابەشبكەن و دواتریش پشتیان تێبكەن، كەچی كورد ناتوانن پێكەوە بكەن ، مالكی و حەلبوسی دوو نمونەی سەیری نیشاندەری پۆش و بڵاوی و ناجۆری كوردن ، ئەو دوانە ڕۆژێك لەبەرن و ڕۆژێك لەو بەر ، دەشزانن چی دەكەن ، ئەوەی كە نازانێ چی دەكات كوردە.
سی ساڵە نەتوانراوە نەتەوە سازی بكرێت ، سی ساڵەنەتوانرا پێشمەرگە وەك پێشمەرگەی كوردستان نەك وەك پێشمەرگەی حزب شوناسێكی پێبدرێت ، وڵات لە سەر بنەمای دەسەڵاتی خێڵ دابەشكراوە ، نەك هەر ئەوەندە بەعس بەو هەموو ڕقەی خۆیەوە نەیتوانی كورد بەو جۆرەی ئێًستا لە باشوری كوردستان لەت و پەت بكات وەك ئەوەی پارتی و یەكێتی كردیان ، گرەو لە سەر شكاندنی یەك دەكەن ، گرەو لە سەر بڕینی هەناسەی یەكتر ، كۆت و بەندی ئابوری ناوچەی یەك ، تەنانەت لە ڕێی میدیایەكی زەبەلاح و بە پارەو قوتی خەڵك بونیادنراو گرەو لەسەر ناشرینكردن و شێواندنی زۆنی یەكتر دەكەن ، هەموو ئەو میدیا كارانەش كە لەو دەزگایانە كار دەكەن زۆر باش دەزان ئەو كارەی دەیكەن چەند ناشرین و قێزەونە ، بەڵام دەیكەن ، هەولێرو سلێمانی هەر یەك بە شێوەیەك وەك دو دنیای زۆر جیا نیشانی خەڵك دەدەن ، كۆنەقینێكی مەترسیدار لەم بابەتەدا هەیە و بریتیە لە تۆڵە كردنەوەو ناونانی حاقیدانە.
لەم هەرێمە كوڕی پاشاو سوڵتان پێدەگەیەنرێت و دەكرێتە خودانی هەموو شت و دۆخێك دەسازێنرێت كوڕی گشتە خەڵك بونیان هەر تەنیا بۆ ئەوەبێت لە خزمەتی كوڕی پاشاو سوڵتانا بن ، كوڕی پاشاو سوڵتان كۆمپانیای نەوت و زەوی باش و میدیاو كچە مۆدێل و هونەرو سینەماو زانكۆو هەمووشت دەبات وبیەوێت هەر كەس لە مەنگەنە دات بیخاتە بەر نەفرەتی ئەوانی تر دەیكات ، لانی كەم دەتوانێت هەموو دەرگاو پەنجەرەكانی لێدابخات و تا ڕادەی ئەوەی ناچاری بكات داوای كەمێك هەوایلێبكات بۆ هەناسە دان، تەنانەت ڕێگە دان بە بون و ژیانیش دەبێت لە ڕێگەی كوڕی پاشاو سوڵتانەوە بێت ، چونكە میدیای لارە مل دەڵێت ئەو هەوایەی هەڵیشی دەمژن دیاری كوڕیژگە ناسك و لوسەكانی پاشاو سوڵتانە، كەواتە مەمنون بن و توێكڵە شوتیەكە بكڕێننەوە ، جارجاریش سەیری ئەوانەی بكەن كە لە پێناوی كوڕی ئەواندا لاسای سەگ دەكاتەوە، ئەمڕۆ ئەوان شوناس بە كەس و شت دەدەن، ئەو هونەرمەندە هونەرمەندە كە ئەوان ئاماژەی بۆ بكەن ، ئەو میدیاكارە ، ڕۆژنامەنوسە ، نوسەرە ، فەیلەسوفە، مامۆستا ئاینیە ئیدی ئەوان دەتوانن شار بكەن بە گوند و گوند بكەن بە لاس فیگاس ، گرنگ بۆ هەموو ئەوانە لەشكرێكیان هەبێت بۆ دووشت ، شكاندنی ئەوانەی ئەوان دەیانەوێت بشكێن و پیاهەڵدانی خۆیان .
ئەم دنیایەی ئێمە بەم جۆرە تا سەر درێژە ناكێشێت گێڕانەوەی شكۆو شوناس بۆ هەموو ئەو ناوەندو بونانەی شكۆو شوناسیان شكێنراوە ئەركی ئاكاری هەموولایەكە ، دەبێت شكۆو شوناس بۆ پێشمەرگە بگێڕدرێتەوە ، بۆ زانكۆ ، بۆ میدیا ، بۆ نەتەوە گێڕانەوەی ئەم شكۆو شوناسە بەرلە هەر كەس و لایەنێك خزمەت بە خودی پارتی و یەكێتی دەكات ، ئەو دوو هێزەی كە دەبێت نەشتەرگەری ئاوەزیان بۆ بكرێت و پێیان بوترێت پێویستە ئاكار بۆ سیاسەت بگێرَِنەوە .
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی