جێگیرکردنی سوپای عێراق لە شنگال: لە نێوان سەروەری وڵات و فشارە ئیقلیمییەکان

4 کاتژمێر پێش ئێستا

کاوە نادر قادر

ماوەیەکە هاکان فیدانی وەزیری دەرەوەی تورکیا بە بیانوی بوونی گەریلاکانی (پەکەکە) لە شەنگال هەڕەشەی پەلاماردانی ناوچەی شنگال دەکات و لە سەر زاری لێپرسراوێکی عێراقیشەوە ڕاگەیەندرا، کە تا ئێستا فیدان ۲٠ جار داوای لە بەغدا کردوە کە هاوکاری بکەن بۆ پەلاماردانی ئەو ناوچەیە.! هەر چەندە شەنگال و چیای شەنگالیش، پێگەیەکی ستراتیجی و سەربازی خۆی هەیە، بەڵام مەبەستی تورکیا هەر ستراتیژیەت نییە، بەڵکو سەرەڕای ئەو خاڵە، لایەنی سیاسی دژ بە کوردەو بۆ دژایەتی بە رۆژئاوای کوردستان، ئەو ناوچەیە ئەوەندە نزیکە لە شەدادیەو کە کاتی خۆی داعش لەو رێگەیەوە ئەو هاتنە ناو خاکی شنگال و کارەساتی ئێزیدییەکانی لە ئابی ٢٠١٤ ی لێکەوتەوە. وا ئەوجارەش بە هەموو لایەک دەخوازن ئەو شارە داگیربکەنەوە بە هەمان شێوازی گەڕەکە کوردییەکانی حەڵەب(شێخ مەقسودو ئەشرەفیە) بیانۆ دەدۆزنەوە، وەک ئەوەی تەواوکەری پیلانەکەی گرتنی ناوچەکانی خۆسەری رۆژئاوا بێت.

بە تایبەتی: _ تۆم باراک ئەمڕۆ ئێوارە گەیشتە هەولێر، دوای گەشتە یەک رۆژیەکەی بۆ بەغدا. هەموو دەمیش بە پێی رای چاودێرانی سیاسی، باراک چۆن نێردەی ترامپی سەرۆکی ئەمریکەیە ئەوهاش نوێنەرایەتی بەرژەوەندییەکانی تورکیاش دەکات. _سەردانی " ثابت محمد سعيد رضا العباسي" وەزیری بەرگری عێراق بۆ ئەنکەرە لە ناوەڕاستی ئەو مانگە١٥ی شوبات، کە بەڕەچەڵەک تورکمانەو چاوی بە سەرۆک کۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردوگان کەوتوەو هەروەها لەگەڵ هاکان فیدان گفتوگۆی لەسەر چۆنیەتی لەناوبردنی ت"یرۆر"ی کردوە. تیرۆریش لای تورکیا تەنیا مانای پەکەکەیە.

ئەو بەشداریکردنەی سوپای عێراق بۆ چەککردنی ئێزیدییەکان، لەناوەڕۆکدا مەبەست دڵرازیکردنی تورکیایەوکە دەمێکە ئێزیدیەکانی شەنگال چەکیان هەڵگرتوە بە ناوی "یەپەژە "بۆ بەرگری لە خۆکردن. کەچی تورکیا تۆمەتباریان دەکات بە هێزێکی "پەکەکە". دیارە عێراقیش لەو نێوەندەدا مەبەستی ئەوەیە هاوکاری ئەمنی بکات بۆ دژایەتی کورد بە ناوی "پەکەکە"و رێگریکردن لەو پردە نەتەوەییە(شنگال) لە نێوان رۆژئاواو باشوورو باکووردا. ئەوەندەی لەو پرۆسەیەی سوپای عێراق هەڵدەهێنجرێ، گوایە ئەو کارە لە پلانی چەک کۆکردنەوەیە بۆ بن دەستی دەوڵەت بە تەنیا، راستی لێ نابینرێ چونکە جگە لەوەی هەنجەتە و بۆ رازیکردنی تورکیایە،ئەگەر نا بۆ چەکی حەشدی شەعبی داناماڵێ، کە ئەمریکە ڤیتۆی لەسەریان هەیە و چەکنەکردنیان چارەنووسی عێراق دەخاتە مەترسییەکی نادیار.

ئەوەی لەوەش جێگەی مەترسیدارترە، ئەوڕۆ چەککردنی ئێزیدییەکانە بە هەنجەتی کۆکردنەوەیچەک لەدەست دەوڵەت، ئەوا بەیانیش هەنجەت بە هەمان شێوە لە پێشمەرگەش دەگرێ و بە میلیشیاو نایاسا لە قەلەمیان دەدا. بۆیە دەبێ ئەو هەنگاوانە لە نێو ئەو پیلانە ببینرێ کە رەهەندێکی ئەقلیمی و نێودەوڵەتی هەیە و داگیرکەران بە هاوکاری هەندێ وڵاتانی زلهێز لەسەروی هەمویانەوە "بەریتانیاو ئەوجا ئەمریکە و بە چاوپۆشێ ئیسرائیل"، لە داڕشتنەوەی هاوکێشەی هێز بە ناوی سەرلەنوێ رۆلدان بە مەرکەزیەتی ئەو وڵاتانە، لە ناوچەکە ئەنجامدەدەرێ و کوردیان بێ بەشکردوەو خستۆتە دەرەوەی هاوکێشەکە

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی