یادی سی و پێنج ساڵەی راپەڕینی پێنجی ئاداری شاری رانیەی دەروازەی راپەڕین، تەنها یادکردنەوەی مێژوویەکی شکۆدار و پڕ لە سەروەری نییە بۆ گەلەکەمان؛ بەڵکو لە ئێستادا هەڵگری بانگەوازێکی نەتەوەییە بەرامبەر قۆناغێکی گرنگ و هەستیار، کە تێیدا لە تەنها گێڕانەوەی شانازییەکانی رابردووەوە، بووەتە بەرپرسیارێتییەکی نیشتیمانی و نەتەوەیی بەرامبەر ئەو پێشهات و گۆڕانکارییانەی کە لە ناوچەکەدا روودەدەن. چونکە لە بنەڕەتدا راپەڕینی پێنجی ئادار هەڵگری پەیامێکی قووڵی نیشتیمانی و نەتەوەیی بووە؛ بەو پێیەی بەهۆی یەکڕیزی و یەکبوونەوە، توانرا وەرچەرخانێکی گەورە لە مێژووی نەتەوەکەماندا روو بدات. لە ئێستاشدا ئەو یادە بە هەمان بەرپرسیارێتیی نیشتیمانی و رۆحی نەتەوەییەوە، لە دەرگامان دەدات و دەمانخاتە بەردەم بانگەوازێکی تری مێژوویی؛ بانگەوازی یەکبوونی نەتەوەیی و گوتارێکی هاوبەشی نیشتمانی.
شەڕی ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران تا دێت پەرە دەستێنێت، ئاراستەی شەڕەکە بەرەو کەوتنی رژێمی ئێران هەنگاو دەنێت، ئێستا ناوچەکە پڕە لە پێشهاتی تازە و لە لێواری گۆڕانکاریی گەورەدایە؛ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و نەخشەی ناوچەکە بەرەو دیزاینکردنەوەیەکی نوێ دەڕوات.
پەیوەندییەکەی (دۆناڵد ترەمپ) بە سەرکردایەتیی کوردەوە لە باشوور و رۆژهەڵات، دەرخەری ئەوەیە کە ئێستا کورد وەک کارەکتەرێکی یەکلاکەرەوە لە ستراتیژیی هێزە گەورەکاندا بۆ ئەو قۆناغە دەردەکەوێت. لە لایەکی تر قسەکانی (هاکان فیدان) کاتێک دەڵێت: (ئێران بڕووخێت، لەگەڵ خۆیدا ناوچەکەش دەڕووخێنێت)، ترسی ئەوان لەو گۆڕانکارییە چاوەڕوانکراوەی کە لە ناوچەکەدا روو دەدات، زیاتر دەردەخات. بە دیوێکی تریش هاوکێشەکە بۆ ئێمەش باشتر دەردەخات؛ ئەمەیە راستی ئەو قۆناغەی کە بۆ کورد دەبێتە دەرفەتێکی زێڕین کە دەکرێت وەک ساتەوەختێکی گرنگ مێژوویی سەیر بکرێت.
بەڵام بەداخەوە ئەزموونی کورد لە دۆستایەتی و هاوپەیمانییەتی هێزە نێودەوڵەتییەکان، ئەزموونێکی خراپە و پڕە لە شکست، نەقۆزتنەوەی هەلەکان، پڕە لە پشتتێکردن و دەست سووتان؛ هێشتا برینی جەستەی رۆژئاوا ساڕێژ نەبووە، کە لە بەرامبەر بێدەنگی نێودەوڵەتییدا، بە دڕندانەترین شێوە هێرشیان بۆ دەکرا، رەشەکوژی هاوڵاتیانمان دەکرا، کەزی شەرڤانەکانمان دەبڕا، سوکایەتی بە تەرمەکانیان دەکرا.
بۆیە لە ئێستادا گرنگە بە سوودوەرگرتن لە ئەزموونی رۆژئاوا، کورد بە گوتارێکی نەتەوەیی و لەسەر بنەمای وەدیهێنانی مافە نیشتیمانی و نەتەوەییەکان بێتە ناو گۆڕانکارییانەوە. ئەمەش تەنها بە یەکبوون و پلانێکی هاوبەشی نەتەوەیی مسۆگەر دەبێت، نەک بە نەفەسی حزبی. ئیتر کاتی ئەوە هاتووە رۆحی راپەڕینی پێنجی ئادار بکرێتە نەخشەڕێگای ئایندە و هەوێنی (یەکێتیی نەتەوەیی). با لەم یادەدا ئەو پەیامە روونە بڵاو ببێتەوە کە کورد چیتر نابێت تەنها بینەری رووداوەکان بێت، چونکە سیاسەت مەدالیا نییە ببەخشرێت، بەڵکو دەبێت ببێتە کارەکتەری سەرەکی و هاوبەشی راستەقینە لە نەخشە نوێیەکەدا.
بەدیهێنانی ئەو ئامانجە ئەستەم نییە، چونکە ئەو رۆحە نەتەوەییە بەرزەی لە ماوەی رابردوودا بۆ پشتگیریی رۆژئاوای کوردستان شەقامی کوردی تەنی، دەریخست کە جەستەی ئەو نیشتیمان و میللەتە یەکە. بینیمان کاتێک ئەم یەکڕیزییە وەک هێزێکی یەکگرتوو دەردەکەوێت دەتوانێت گۆڕانکاری بکات؛ چونکە هەر ئەو یەکدەنگی و هێزە نەتەوەییە بوو رۆژئاوای کوردستانی لەو پیلانگێڕییە گەورەیەی پاراست کە هەوڵی سڕینەوە و تەسلیمبوونی دەدا، هەر ئەو هێزە بوو ترسی خستە دڵی دوژمنان و جارێکی تر شکۆی بە گەلەکەمان بەخشییەوە. هەر ئەو هێزە بۆ هەموو لایەکی سەلماند کە هێشتا نەتەوە و خەمی نیشتیمان لە ویژدانی تاکی کورددا زیندووە. ئەو یەکگرتووییە و ئەو وزە مەزنەی شەقام دەبێت بکرێتە نەخشەڕێگایەکی سیاسیی تۆکمە.
ئیدی تەواو؛ کاتی ئەوە هاتووە دەنگی خەڵک و هاواری شەقام ببێتە ئەو چەترە نەتەوەییەی هەموو جیاوازییە حزبییەکان بتوێنێتەوە و رێگر بێت لەوەی جارێکی تر کورد بکرێتە قوربانیی رێککەوتنە نهێنییەکان. ئەمە تەنها دەرفەتی سەدە نییە، بەڵکو کاتی شکاندنی ئەو سنوورە دەستکردانەیە کە سەدەیەکە جەستەی نەتەوەکەمان و خەونی دەوڵەتبوونیان پارچەپارچە کردووە. پێویستە ئەم یادە بکەینە وەرچەرخانێک بۆ راپەڕینێکی هزری کە کۆتایی بە نادادپەروەری و لێکترازانی ناوخۆیی بهێنێت. کاتی ئەوە هاتووە دەسەڵاتی سیاسیی کورد، بەجدی گوێ بۆ داخوازییەکانی خەڵک بگرێت و پرسی یەکێتیی نەتەوەیی بخاتە سەرووی هەموو بەرژەوەندییەکی ترەوە. چونکە دواجار مێژوو بەزەیی بەوانەدا نایەتەوە کە هەلە مێژووییەکان لەدەست دەدەن.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی