پێگەی( ئەکسیۆسی ئەمریک و کەناڵی سی ئێن ئێن و ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ )بڵاویان کردەوە کە دۆناڵد ترامپ پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ هەریەک لە باڤڵ تاڵەبانی و مەسعوود بارزانی و سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردوستانی ئێران ئەنجام داوەو گفتوگۆیان کردووە لەسەر ئاراستەی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل_ دژ بە ئێران و باسکردنی قۆناغی داهاتووی جەنگەکە.
ئەو سەرچاوانە باس لەوە دەکەن کە ئەمە لە چەند مانگی ڕابردوودا بە شێوەیەکی نهێنی گفتوگۆی لەسەر کراوەو پلانەکەش لە لایەن بنیامین نەتەنیاهۆوە دانراوە .لە پلانەکەدا هاتووە کە نەتەنیاهۆ لە کاتی کۆبوونەوەی لەگەڵ ترامپدا باسی لەوە کردوە کە کوردەکان ئامادەی پشتیوانیکردنی ئەو پلانەن و لە کاتی دەستپێکردنی جەنگدا ئەوان ئامادەن دەست بە ڕاپەڕین بکەن بۆ پاککردنەوەی ناوچەکانیان لە پێگە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران. پێگەی( ئەکسیۆس) باسی لەوە کردووە کە کوردەکان هەزاران چەکداریان هەیە لەسەر سنوورەکانی ئێران و ئەو ناوچانەش کە لە ژێر دەستیان دایە زۆر گرنگ و ستراتیژین. هەروەها دەڵێت ئیسرائیل پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ کوردەکانی سووریا و ئێران و عێراقدا هەیە، ڕۆژنامەی( وۆڵ ستریت جۆرناڵ) لە زاری بەرپرسانی ئەمریکیەوە دەڵێت: ترامپ ئامادەیە بۆ چەکدارکردنی ئەو گرووپانەی کە دەیانەوێت چەک هەڵبگرن بۆ ڕووخاندنی ڕژێمی ئیسلامی لە تاران.
ئەم داوایەی ئەمریکا لە سەرکردەی 2 حیزبە حوکمڕانەکەی هەرێم و سەرکردەی حیزبە کوردیە ئۆپۆزسیۆنەکانی ڕۆژهەڵاتیش, هاوشێوەی ئەو داوایەیە کە ئەمریکا و هاوپەیمانان لە ساڵی 2014دا لە یەپەگەیان کرد، بۆ ئەوەی هاوکارییان بکەن لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعشدا. هەروەها لە ساڵی 2015دا هەسەدە دروست کرا و بازنەی بەشداریی عەرەب و تورکمانەکانیشیان بۆ شەڕی داعش فراوان کرد.
بۆ ئەم مەبەستەش هەسەدە زیاتر لە 10,000 کەسیان بونە قوربانی ،هەتا ئەو کاتەی داعش لەناو چوو، بەڵام لە دوای کۆتایی هاتنی شەڕی داعش و هاتنی ئەحمەد شەرع بۆ سەر کار، پشتیان لە هەسەدە کرد و تۆم باراک بە ئاشکرا وتی: "ڕۆڵی هەسەدە تەنها بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش بوو، لێرەدا کۆتاییان پێ دێت." دۆناڵد ترامپ و جۆبایدن لە چەندان لێدواندا ئەوەیان دووپات کردووەتەوە کە کورد جەنگاوەری ئازان، بەڵام لەدواییدا پشتیان تێکردنو لەبەرامبەر هێرشی دیمەشقدا هیچ پشتیوانییەکیان لەکورد نەکردو داوایانکرد لەهەسەدەش کە پێویستە تێکەڵ بەسوپای سووریا ببنەوە.
داوای ئەمجارەی ئەمریکاش لەسەرۆکی 2 حیزبە حوکمڕانەکەو بەرەی هاوپەیمانی حیزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتیش هەمان سیناریۆیە، بۆ ئەوەی کورد وەک جەنگاوەر بەکاربهێنن بۆ ئامانجێک کە ئیسرائیل و ئەمریکا دەیانەوێت لە شەڕی ئێستای دژ بە ئێران، و لە بەرامبەردا نە هیچ پرۆژەیەک هەیە بۆ پاراستنی کورد و نە پلانێک هەیە بۆ ئەوەی پشتیوانی لەکوردانی ڕۆژهەڵات بکرێت.
بۆ دروستکردنی ناوچەیەکی ئازاد یان دژە فڕین بۆ پاراستنیان لە هێرشی سوپا و هێزە ئەمنییەکانی ئێران. پێویستە کورد لە ڕووداوەکانی کوردستانی ڕۆژئاوا وانە وەربگرێت و چیتر وەک جەنگاوەر بەشداری ئەو شەڕانە نەکات کە زلهێزەکان لە ناوچەکەدا دروستی دەکەن. پێویستە شێوازی مامەڵەی هێزە کوردییەکان لە باشوور و ڕۆژهەڵات بە عەقڵێکی ستراتیژی و خاوەن هێز و جوگرافیا مامەڵە بکەن، زاڵبن بەسەر گرێی خۆ بەکەمزانینو نەبنە قوربانیو جەنگاوەر بۆ خزمەتی ئامانجەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا، چونکە لەئێستادا هەرێمی کوردستان بەرگەی ئەوە ناگرێت کە ببێتە سووتەمەنی جەنگێک کە نە هیچ بەرژەوەندییەکی بۆ ئەو تێدایەو نە ئایندەیەکی ڕۆشن هەیە بۆ دوای جەنگەکە.
لەبەرئەوە هەڵبژاردنی بێلایەنی و پاراستنی سنوورەکان لە هێزە بەشەڕهاتووەکان، باشترین بژاردەیە ،بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە بە گوتارێکی یەکگرتووی هێزە کوردییەکان لە هەرێمی کوردستاندا وەڵامی داواکەی ئەمریکا و ئیسرائیل بدرێتەوە کە هەموان هەڵوێستیان یەکەو پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی هەرێمی کوردوستان لە پێش هەر بژاردەیەکی ترەوەیە.هەروەها پێویستە ڕێگە بە هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی ڕۆژهەڵاتیش نەدرێت کە باشوور وەک پێگەیەکی دژ بە ئێران بەکاربهێنن، چونکە لە ئێستادا هەرێمی کوردستان خاوەنی سەروەری تایبەتی خۆیەتی و وەک ناوچەیەکی فیدراڵیش ناکرێت سیاسەتێک پیادە بکات کە دژ بێت لەگەڵ هەڵوێستەکانی ناوەند لە بەغدا.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی