یادی ڕاپەڕین‌و خوێندنەوەیەکی نوێ

2 کاتژمێر پێش ئێستا

فارس نەورۆڵی

 ئێستا لە هەلومەرجێک و سەر دەمێکداین (35 ساڵ) بەسەر ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان دا تێدەپەڕێت، ڕاپەڕین ڕووداوێکی مێژووی بوو کە دوای جەنگێکی گەورە، جەنگی کەنداو دژی ڕژێمی بەعس لەناوچەکەدا ڕوویدا  ئیتر لێرەوە کورد دەرفەتی بۆ ڕەخسا حکومەت و پەر لەمانی پێکهێنا. لەوکاتەوە تائێستا دەسکەوتی زۆر بەدەستهاتوون وەک پێکهێنانی حکومەت و پەرەپێدانی زانکۆکان و ئاوەدانیەکی بەرچاو لەهەمانکاتدا سەرەڕای ئەو هەمووپیلانە توانیوویەتی لەسەر پێی خۆی بوەستێ ببێتە قەڵایەک بۆ پارچەکانی دیکەی کوردستان، ڕووداوەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بەنموونە، بەڵام دەبێ باوەڕ بەوەش بکەین کە بێکەم وکوڕی نەبووە نەتوانراوە وەڵامی تەواوی پرسیارو خواستەکانی خەڵک بداتەوە بۆیە جێگای ڕەخنەشە . 

ئەوەی گرنگە بۆ ئێستا پێویستە خوێندنەوەیەکی نوێ بۆ ڕاپەڕین بکەین‌و سەرقاڵی گێڕانەوەی چیرۆکە کۆنەکانی ئەوسەردەمە نەبین کە ڕاپەڕین تێیدا ڕویدا.

نابێ یادی ڕاپەڕین تەنیا یادی ڕابردوبێت‌و لەدوێنێدا بمێنینەوە، بەڵکو دەبێت پەیامێکی لێ بەرهەمبێنین‌و ئێستاو ئایندەی پێ بخوێنینەوە، خۆ ئەگەر لەیادی ڕاپەڕیندا بەرەی ناوخۆیی کورد ڕۆحی هاوکاریی‌و بەرپرسیاریەتی هەبێ دەتوانین لەناو ئەم شەڕو ئاشووبەی بەرۆکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتووە بەسەرکەوتوویی لێی دەرچین‌و کوردستان بگەیەنینە قۆناغێکی باشترو ئارامترو دادپەروەرتر کە تێیدا چیرۆکێکی نوێ بنوسینەوە کە لەتەک ئەم هەلومەرجە جیهانی‌و ناوچەییەدا بێتەوە کە جیهان‌و ناوچەکە ژان دەیانگرێ بۆ لەدایکبوونی شێوە ژیانێکی نوێ لەژیانی سیاسی‌و ئابوری‌و کۆمەڵایەتی‌و ئاینی‌و جیۆپۆلەتیکی.

بۆیە دەبێت کورد خوێندنەوەیەکی نوێی هەبێ کەبتوانێ لەتەک ئەو شێوە ژیانە تازەیەدا جێگای خۆی بکاتەوە  ئەمەش بە یەکڕیزی وتەبایی بەرەی ناوخۆیی کورد دەبێت کە حزبەکان بە چەپ و نەتەوەیی و ئیسلامی یەوە هاو هەڵوێست و پاڵپشتی هەرێمی کوردستان بن بۆ وەرگرتنی بڕیاری بوێرانە کە لەبەرژەوەندی ئەم قۆناغە سەخت و هەستیارەدابێت‌و بیرو کردارمان لەسەرووی بەرژەوەندی سیاسی‌و ئایدیۆلۆجییەوەبێت، چونکە لەدۆخێکداین هەم دەرفەت لەبەردەستەو هەم هەڕەشە لەبەر دەرگایە.

لەدۆخێکداین وەک قارەمانێک لەناوفیمێکی ترسناکدا پێی لەسەر ئەڵغامێک دانابێت لێرەدا بیەوێ پاشە کشەبکات‌و پێهەڵگرێ هەپرون هەپرون دەبێت، بۆیە پاڵەوانەکە ناچارە ڕیسکێکی وریایانە بکات بۆئەوەی لەودۆخە دەربازبێت ئێمە ئێستا لەدۆخی ئەو قارەمانەداین دەبێت لەهەر جوڵەیەک زۆر هەستیارو بوێربین پێویستە هەر تاکێکی کورد  وابیربکاتەوە لەدۆخی ئەوقارەمانەدایە ئەوقارەمانە چۆن لەخەمی دەربازبوندایە پێویستە هەر کوردێک لەخەمی ئەوەدابێت چۆن هەرێم لەم دۆخە ئاڵۆزەی ناوچەکە دەربازبێت  بۆیە با لەیادی ڕاپەڕیندا چۆن بەهەمو مانەوە ڕاپەڕینمان سەر خست ئێستاش بە هەمو مانەوە دەسکەوتەکانی بیپارێزین و چیرۆکی ڕاپەڕینێکی نوێ بنوسینەوە کەبۆ ئێستاو داهاتووی نەوەکانیشمان ببێتە چیرۆکی سەر کەوتن و شانازی بەوهیوایەی لەکاتی نووسینەوەی ئەم چیرۆکە دا ئەقڵ لە مۆڵەت نەبێت و ئامادەیی تەواوی هەبێت بۆ هەر گۆڕانکارییەک کە ڕودەدات وەک یاریی چیەکی لێزان بەشداربین بە گیان و ورەی  ڕاپەڕینی 1991وە تەباو هاوکاری سەر خستنی کوردستان بین.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی