سەردەشت عوسمان" پەیکەری ئازادی ڕۆژنامەگەرییە!؟

1 کاتژمێر پێش ئێستا

فەرەیدون کونجرینی


ئەرکی ڕۆژنامەنووس  تەنها گواستنەوەی هەواڵ نییە. بەر لە هەموو شتێک، پاراستنی ئازادی ڕادەربڕین و پێشکەشکردنی ڕەخنەی بونیاتنەر  بەرامبەر کێشەکانی ئەو سیستم و دەسەڵاتەیە کە بۆتە ژینگەی بنەڕەتی و جومگەو جوڵەی ئەم پیشەیە. ڕۆژنامەنووس و ڕۆشنبیر، وەک نەخشەداڕێژەری کۆمەڵگەیەکی تەندروست لە مەیدانی بووندا ، کە وڵات دەبەن بەرەو شارستانییەتی نوێ. ئەوان هاندان و سەرچاوەی فێرکاری خەڵکەکەن تا چۆن بتوانن بەرگری لە مافی خۆیان و هەستی بیروڕای ئازادی بەرجەستە بکەن.

کەواتە، بۆ دەبێت  ئەم کەسایەتییانە ببنە جێگەی ترس و  بکرێنە ئامانجی تیرۆر؟ چۆن دەبێت کەسێکی خاوەن هزر و هەڵگری قەڵەم، بە تفەنگی سەر بەتاڵێکی چنگ لە فیشەک بکوژرێت؟ ئەمە ڕوویدا و سەردەشت عوسمان کرایە ئامانجی بەکرێگیراوی دەسەڵاتی خێڵ و حیزب و سەرۆک بنەماڵە ، کاوە گەرمیانی، سۆرانی مامەحەمە و چەندانی تر هاوشێوە پیلانیان بۆداڕێژرا. ئەوانە ئەو ڕۆژنامەنووس و چالاکوانە ئازایانەن کە بەهۆی نووسین و ڕەخنەکانیانەوە ژیانیان  کردە قوربانی بوونی ئازادیە ڕەهاکانی گەلێک کە سەدان ساڵە بە چەکی دووژمنان جینۆساید دەکرێ و هەر لە گەشەکردندایە بۆ ئازادی.

لێرەوە دەچینە بەردەم کێشەکە تەنها خودی تیرۆر و مەرگەکە نییە. کێشە لەوەدایە کە دوای تیرۆرکردنیان، دادگا و دادوەران نەیانتوانیوە کەیسەکانیان یەکلا بکاتەوە. ئۆپۆزسیۆنی سیاسی بێدەنگ بووە. تا ئێستا کەسی تاوانبار دەسگیر نەکراوە و دۆسیەکان داخراون. ئایا ئەم بێدەنگییە خۆی بەشێک نییە لە تاوانەکە و پەردە پۆشکردنی ئەو سیستمە شاراوە بۆگەنەی هەموو ساتێک بە ناوی یاساو دەوڵەت و دیموکراسییەوە ڕووە ڕاستەقینەکەی خۆی لە تەنگەژەو کاردانەوە خراپەکاندا بەکاردێنێ و ناچێتەوە سەر ویست و ئازارەکانی خەڵک و ئازادی پێکەوەیی هاونیشتیمانیان تا کەس نەتوانێت دەستی بە خوێنی گەنجانی وڵاتەکەم لە ژێر ناوی وەهم و درۆی پیرۆزیەکان خوێنیان بڕێژن.

بۆیە پێویستە دادگە سەروەر بێت،   دادگە نابێت لەژێر کاریگەری دەسەڵات یان حزبێکدا کار بکات. بەڵام لە ڕاستیدا، لە هەرێمی کوردستاندا ئێستا قۆناغی تاکڕەوی حزب و سەرکردە لەسەروو یاسا و دەستور و دادگاوە هاتووە. ئەوەی دەبەخشێ یان سزای تاوانبار بڕیاری لێ دەدات، یاسا نییە، بەڵکو خواستی سیاسی حیزبەو دەبێتە  مەترسیی خوێناویی و  ژیانی هەموو دەنگێکی ڕەخنەگر دەخاتە ژێر مەترسییەوە.

ئێمەی ئازادیخواز، خەڵکی قەڵەم و بیروڕای ئازاد، دەمانەوێت ئەم مەترسییە خوێناوییە بنێژین. دەمانەوێت کۆتایی بە دەسەڵاتی حزب و سەرکردە بهێنین کە خۆیان لەسەروو یاساوە دەبینن. ئێمە لە ڕەخنە و خوێندنەوەی ڕاستییەکان ناترسین و بەردەوام دەبین. ئەوەی دەمانەوێت ئەوەیە کە ئەوان واز لە هەوڵی دەسگیرکردن و تیرۆرکردنی ئێمە بهێنن،

سەردەشت عوسمان ئەو جۆرە ڕۆژنامەنووسەبوو  لاوەکانی هۆشیارکردەوە،  شانزدە ساڵ تێپەڕیوە. کەیسی تیرۆرکردنی سەردەشت عوسمان، کاوە گەرمیانی، سۆران مامەحەمە و ئەوانی دیکە هێشتا یەکلا نەکراونەتەوە. ئەم بێدادییە تەنها شکستی دادگا نییە، شکستی هەموو ئەو دەستەیانەیە کە ناوی ئۆپۆزسیۆنیان لەسەرە.

دادگایەکی ڕاستەقینە ئەوەیە کە لەژێر ئۆتۆریتەی هیچ حزب و سەرکردەیەکدا نەبێت. بەڵام لە هەرێمی کوردستاندا دادگا و دادوەر و یاسا هێشتا لەژێر سێبەری تاکڕەوی حزب و بنەماڵەدان. ئەمەش واتای ئەوەیە کە دادپەروەریی مافێکی دیاریکراوی تایبەتمەندانەیە، نەک مافی هەموو کەسانی سیاسی و خۆبەخاوەن کردنی هەرێمەکەبێت.

گرووپە ئۆپۆزسیۆنەکانیش لەم بارەیەوە  بێدەنگن" لەبەرامبەر تیرۆرکردنی دەنگی ئازاد، ئەمەیش جۆرێکی هاوکاریکردنە بەو تیرۆرە. ، ئەگەر هەر جۆرێک لە ئۆپۆزسیۆنی ڕاستەقینەمان هەبوایە دۆزی ڕۆشنبیرو نوسەران لە مەترسیدا نەدەبوون.

لە کۆتایدا دەبێت زۆر باش لەوە دڵنیابن سەردەشت هەموو ساڵێک زیندوو دەبێتەوەو ، ئێوەش هەموو ساڵێک بە زیندوویی دەمرن.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی