سیاسەتی ئەمریکا بۆ کورد: یارمەتی لەکاتی شەڕ، پشتتێکردن لەکاتی ئاشتيی

15 کاتژمێر پێش ئێستا

بەدران محێدین

لەکاتێکدا ئەمریکا هانی کوردی ڕۆژهەڵات دەدات بۆ کردنەوەی بەرەیەکی نوێ شەڕ لە دژی کۆماری ئیسلامی، لە سوریادا هەمان ئەمریکا بە بێدەنگی تەماشای داگیرکردنی خاکی کورد و کوشتنی کورد دەکات. ئەم دووڕووییە پرسیارێکی گرنگ دەردەخات: بۆچی ئەمریکا کورد بەکاردەهێنێت بەڵام دەوڵەتێکی کوردی دروست ناکات؟

وانەی کیسینجەر: کورد ئامرازە نەک ئامانج
ساڵی 1975، دوای ڕێککەوتنی جەزائیر، ئەمریکا بە ساردی پشتی لە شۆڕشی کوردی کرد، هێنری کیسینجەر، وەزیری دەرەوەی ئەوکات، بە ڕوونی ڕایگەیاند: کاری نهێنی نابێت لەگەڵ کاری پیرۆزدا تێکەڵ بکرێت. ماناکەی: کورد تەنیا بۆ ئەرکی سەربازی بەکاردێت، نەک بۆ ئامانجێکی پیرۆز وەک دەوڵەت. ئەم ڕستەیە پوختەی سیاسەتی ئەمریکایە بەرامبەر کورد تا ئەمڕۆ.

سوریا 2026و دوبارەبونەوەی مێژوی پڕ کارەسات
کوردی سوریا بۆ هەشت ساڵ قوربانیترین هاوپەیمانی ئەمریکا بوو لە شەڕی دژی داعش. نزیکەی 11 هەزار شەهید و دەیان هەزار برینداریدا، بەهای هاوپەیمانی بوون لەگەڵ ئەمریکا، بەڵام کە ئەحمەد شەرع هاتە سەر دەسەڵات، واشنتۆن پشتی لێکردن، تۆم باراک نوێنەری ئەمریکا، ڕایگەیاند: "فیدراڵیزم بۆ سوریا گونجاو نییە". لەو کاتەوە، بەبەرچاوی ئەمریکا، خاکی کورد داگیرکرا و کورد کوشتن دەست پێکرد.

یەکڕیزيی کورد لەبەرامبەر پیلانێکی نوێ
دڵخۆشکەرترین لایەنی یەکڕیزی سەرکردایەتی کورد بوو لە ڕەتکردنەوەی ئەم جەنگە،سەرکردایەتی کورد بە ڕوونی گوتیان: کورد نابێتە ئامرازی شەڕی زلهێزەکان لە دژی هیچ وڵاتێک. ئەم ڕاگەیاندنە بووە خاڵی یەکگرتنی هەموو لایەنە کوردییەکان و نیشانەی ئەوەی کە کورد وانەکانی مێژووی لەبەرە.

کورد دەبێت ئەوە لە بیر بێت، ڕەنگە دوژمنایەتی بۆ ئەمریکا مەترسیدار بێت، بەڵام هاوپەیمانی لەگەڵ ئەمریکا کوشندەیە. ئەمە تەنیا وتەیەک نییە، بەڵکو پوختەی مێژووی پەیوەندی کورد و ئەمریکایە.

ڕاستییەکی مێژوویی ئەوەیە: کورد بۆ ئەمریکا بەرژەوەندییەکی ستراتیژی نییە، بەڵکو ئامرازێکی تاکتیکییە بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەکانی تر. بەرژەوەندی ئەمریکا لە پاراستنی یەکپارچەیی وڵاتانی هاوپەیمانی وەک تورکیا و عێراق و سوریا، نەک لە دروستکردنی دەوڵەتێکی نوێ بۆ نەتەوەیەکی وەک کورد.

کورد لە مێژوودا هەر جارێک بووەتە ئامرازی دەستی زلهێزەکان، لە کۆتاییدا تەنیا خراوەتە "بەر با"، وریایی و یەکڕیزی سەرکردایەتی کورد دەرفەتێکی مێژووییە بۆ ئەوەی کورد بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆی بدات. کورد دەبێت شەڕی دوژمنەکانی خۆی بکات، نەک دوژمنانی زلهێزەکان.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی