بەدوای چەند مانگێك لە هەڕەشەی سەربازی و ناردنی کەشتی جەنگی و یاری دیبلوماسیەکانی ئەمریکاو ئیران، سەرئەنجام ٢٨/٢/٢٠٢٦ هێرشی سەربازی و بۆردومانی بەرفراوان و هەمەلایەن بۆ سەرئێران لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوەدەستی پێکرد. شەڕێکی ترسناك و ماڵوێرانکەر کە زیاتر لە ١٧٤ شاری ئیرانی گرتووتەوەو، وەڵامدانەوەی ئێران بۆی بە بۆردومانی ئیسرائیل و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەئاکامدا ناوچەکە و جیهاندا کەوتۆتە بەردەم مەترسیەکەی ترسناك وگەورە کە کۆتایی ئەم تراجیدیا نامرۆڤانەیە نادیارە.
لەم نیوەدا خەڵکی سڤیل بوونەتە سوتەمەنی ئەم جەنگە نامرۆڤانەیە. جەنگێك کە پێچەوانەی ئەو پروپاگەندانەی ئەمریکاو ئیسرائیل دەیکەن دەتوانێ ڕوخساری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ هەمیشە بگۆڕێت. ئەو پڕوپاگەندە پوچ و بێ بنەمایە ئەمریکا و ئیسرائیل، سەبارەت بەم جەنگە کە گوایە "ئەتۆمی ئیران لەناو دەبەن" ویان "ئازادی بۆ گەڵی ئیران دەهێنن" بەشێکە لە سیناریۆیەکی تاریك، هێرشێکە بۆ داڕشتنی "ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ" و بنیاتنانی "ئیسرائیلی گەورە". جەنگیکە لەدژی خەڵکی ئازادیخوازی ئێران، دژی مرۆڤایەتی و هەموو دەستکەوتەکانی.
داواکاری دەستبەجێ راگرتنی ئەم جەنگە هیچ کات پاساوێك نیە بۆ بەرگری لە سروشتی کۆنەپەرستانەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئیران کە ٤٧ساڵە کۆمەڵگەی ئیرانی لەگەل هەژاری و بێمافی و زیندانی و ئیعدام کوشت و کوشتار بەرەو رووکردۆتەوە، بەڵکۆ خودی ئەم جەنگە بزووتنەوەی رووخانی ئەم رژێمە کە لەسەر دەستی ژنان و کریکاران و لاوان و مامۆستایان و خانەنشینان و قوتابیان و پەرستاران...سالانیکی زۆرە بەڕێکەوتوەو تائێستا چەندین جار کە خۆپیشاندانی فراوانی و خرۆشانی جەماوەریدا خۆی نمایش کردوە، دەباتە دواوەو زەبرێکی گەورەی لێدەدات!
لەم نێوەدا ئەو هیزو لایەنە کۆنەپەرست و فاشیستە ئیرانیانەی وەك ڕەزا پەهلەوی فاشیست و باندی موجاهید وهەندیك حیزبی کوردی بانگەشەی ئەوە دەکەن کە هێزەکانیان ئامادەن بچنە نێو شەڕەوە و ڕۆڵی سەربازانی ئیسرائیل-ئەمریکا بگێڕن و ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن. ،ئەوپەری نابەرپرسیارانە بۆ ئامانج ومەبەستە دژی خەلکیەکانیان ئەم جەنگە وێرانکەرە بە خێروبەرەکەت بۆ خەڵکی ئێران ناوزەد دەکەن و لەسەر حسابی کوشتارو قەتلوعامکردنی خەڵکی مەدەنی و وێرانکردنی دەیان قوتابخانەو نەخۆشخانە و دامەزراوەی گشتی ومەدەنی وخاپورکردنی ئیران، دەیانەوێت گۆشەیەکیان لە دەسەڵاتی داهاتووی ئێراندا پێببڕێت! ئەم هەڵویستە دژی خەڵکیە هەڵویستی خەڵکی ئازادیخوازو مرۆڤدۆستی ئیران نیە. ئەوان دەمێکە لەو راستیە گەیشتوون کە هێرشی سەربازی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران، بۆردومانی بەرفراوانی شارە جۆربەجۆرەکانی جگە لە کوشتنی سەدان کەس و ئاوارەبوونی دەیان هەزار کەسی بێتاوان، بردنە دواوەی کۆمەڵگە و تیکدانی شیرازەی ژیانی کۆمەلایەتی وویرانکاری کە نمونەکانی لە عیراق، لیبیا، ئەفغانستان، سوریا ...لە پیش چاوی جیهاندا روویدا، شتێکی تر نیە. ئەمە رزگارکردنی خەڵکی ئیران نیە. ئەمانە خەریکن پیلانێکی زلهێزە کۆنەپەرستەکانی ناوچەیی و جیهانی دەبەنە پیشەوە، هەربۆیە پیویستە ئەو هیزانەی ئاهەنگ بۆ ئەم جەنگ دەگێرن، ریسوا بکرێن و لەشوێنی خۆیان دابنرێنەوە. خەڵكی ئێران خۆیان دەبێ چارەنوسی دەسەڵاتی سیاسی دیاری بکەن نەك دەستێوەردانی سەربازی ئەمریکاو ئیسرائیل و ئەو هێزانەی کە دەبنە پێشخزمەتی ئەو دوو دەوڵەتە تاوانبارەی کە دەستیان بە خوێنی سەدان هەزار ئینسان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە غەزەو لە سەراسەری جیهاندا سوورە.
ئەم جەنگ و لەشکرکیشی و ملهوری و شەقاوەچیتیەی ترامپ و نەتانیاهۆ بەرامبەر بە ولاتان دەیبەنە پیشەوە، جێگەیەکی بۆ یاسای نیودەولەتی و ئەوەی پێیدەوترێ سەروەری دەولەتان، نەهیشتۆتەوە. جیهانی خستوهتە ژێر سایەی کێشمەکێشی بلۆکە ئیمپریالیستیەکانو ئایندەیەکی تاریك بۆ کۆمەڵگەی بەشەری دەنەخشێنێ! خەلکی مرۆڤ دۆست و ئازایخوازی جیهان و چینی کریکار ئەو هێزەن بە دژی ئەم جەنگە بەرامبەر خەڵکی ئیران بەرپا بووە رابوەستن وداوای دەستبەجێ کۆتایی جەنگ و تاوانکاریان بهینن، پیان بلێن ئەم جەنگە جەنگی ئیمە نیە.
ڕاگرتنی شەڕ هەنگاوێکی گرنگە لەم خەباتەدا وە هاوکات وەستان لە پاڵ بزووتنەوەی ئازادیخواز و یەکسانیخوازی خەڵک لە ئێران کە چەندین سالە خەبات دەکات بۆ ئازادی و یەکسانی، بۆ ئاشتی و ئاسایش و ئاسوودەیی و بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامیی تاوانبار، وەستانە لەدژی شەرو تاوانکاری ملیتاریزم لەسەراسەری جیهان.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی