پەیوەندی گەل، ڕۆشنبیر، سەرکردایەتی لەکاتی جەنگدا

3 کاتژمێر پێش ئێستا

فارس نه‌ورۆڵى

ئەم جەنگەی ئێستا لەنێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەلایەک و ئێران لەلایەکی تر کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتوەتەوە جەنگێکی دوالیزمی جیۆپۆلۆتیکییە و پەیوەندی بەململانێی ئابوری سیاسی نێوان چین و ئەمریکاوە هەیە بۆ ئەوەی ڕێگا لەگەشەی ئابوری و نفوزی سیاسی چین بگرن، لەتازەترین لێدوانی لیندسی گراهامدا دەڵێ ( ئێران و ڤەنزوێلا خاوەنی لە ٣١ ./.

یەدەگی نەوتی جیهانن و دەبن بەهاوبەشی ئەمریکا ئەمە بۆ چینیەکان خەونێکی ناخۆشە ) پەیامەکە ڕوونە شەڕ لە نێوان زلهێزە کاندایە بۆ دەست بە سەردا گرتنی ئابوری جیهانی و کۆنترۆڵکردنی دەریایی و وشکانی . قەیران یان جەنگ کاتێک ڕوو دەدات، وڵات دەکەوێتە ڕووبەڕووی دۆخی نائاسایی و گرفتی گەورە. لە وەها دۆخێکدا گرنگی و پەیوەندی نێوان سەرکردە و ڕۆشنبیر وخەڵک بە شێوەیەکی ڕوونتر دەردەکەوێت بە پرسیارانەتر جوڵە دەکەن . ئەرکی ڕۆشنبیر لە کاتی جەنگدا دەتوانرێت لە دوو خاڵی سەرەکیدا کورت بکرێتەوە: ١. خستنەڕووی پێشنیار و بیرۆکەی ستراتیجی لەسەر بنەمای داتاوزانیاری وتوێژینەوە بۆ سەرکردایەتی و دامەزراوەکان، بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی گونجاو لەکاتی نائاسایدا. ٢. وشیارکردنەوەی خەڵک و بەرزکردنەوەی ورەی جەماوەر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیران. لەم ڕۆژانەدا، لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕی نێوان ئێران، ئیسرائیل و ئەمریکا ــ بەتایبەتی لەم چرکەساتانەدا ــ ئەمریکا داوای لە کورد کردووە کە لە بەرەی ئەمریکا بن. لە بەرامبەردا، ئێران بە ئاشکرا پەیامی داوە بە هەرێمی کوردستان کە ئەگەر ببێتە هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ، وەک دوژمن مامەڵەی لەگەڵ دەکات. لەو کاتەوە، بەشێک لە میدیاکاران و ڕۆشنبیران بەردەوام وتار و شیکردنەوە لەسەر ئەم دۆخە دەنووسن. زۆربەی ئەم قسەوباسانە تەنها باس لە ترسناکی دۆخەکە دەکەن و داوا لە سەرکردایەتی سیاسی کورد دەکەن وریابن، هاوسەنگی بپارێزن و وەک تەماشاکار بمێنن. لەڕاستی دا زۆربەی شیکردنەوەکان دەچونە چوارچێوەی قسەی گشتی و ئینشائییەوە پشتیان بەهیچ داتایەک نە بەستبو لەکاتێکدا ئێمە پێویستمان بەتوێژینەوەو ئەکادیمی بوونە لەسەر ڕوداوەکان بۆیە ئەو شیکردنەوانە شتێک زیاد ناکەن بۆ چارەسەری دۆخەکە. ئەم داواکردنە لەسەرکردایەتی سیاسی کورد کە تەماشاکار بن لە کاتێکدایە کە مێژوو پێمان دەڵێ تەماشاکاربوون لە جەنگێکی ئاوادا، لە کۆتاییدا دەبێتە هۆی دەستبەتاڵی. ئەگەر بەميژوودا بچینەوە هیچ کات گەلی کورد لەپشتەوە خەنجەری لەهیچ نەتەوەیەکی ناوچەکە نەداوە ئەگەر چی دەیان جار خەنجەر لەکورد دراوە باوەڕیشم وایە ئێستاش کورد هەمان ئەخلاق لەسیاسەتدا پەیڕەودەکات. لە مێژووی نوێشدا لە پێکهێنانی کابینەی یەکەمی حکومەتی هەرێم تا کابینەی نۆ بەکردار سەلماندویەتی کە هەرێم فاکتەری سەقامگیرییە بۆ دراوسێکان نەک هەڕەشە. ئێستا، ئەگەرچی ئێمە خۆمان بە تەماشاکار دەزانین، بەڵام درۆنەکان بە جۆرێکی دیکە تەماشای ئێمە دەکەن و بە جۆرێک پێمان دەڵێن: «ئاگرەسورە لە ئێوە دوور نابێت». واتە تەنانەت ئەگەر ئێمە لە دۆخی بەشدارینەکردندا بین، ئەوا شەڕ هەر دەتوانێت بگاتە ئێمە و بمانکات بە بەشێک لەخۆی و بەشداریمان پێبکات . بۆیە دەبێت بزانین کە هەر وەک بەشداریکردن باجی خۆی هەیە، بەشدارینەکردنیش باجی خۆی هەیە؛ چونکە بێ باج هیچ دەسکەوتێک بەدەست نایەت .

لەهەمو ئەگەرەکاندا بۆ لەدەستنەدانی ئارامی دۆخەکە، ڕێگای دیبلۆماسی تەنها چارەسەرە لەئێستادا دەتوانێت بەردەوام بێت و لە لاوازترین حاڵەتدا سیاسەتی خۆ بێ بەریکردن بگیرێتە بەر. لە ئاستی جەماوەریی و ڕۆشنبیریدا خەڵک پاڵپشتی دۆزی ڕەوای نەتەوەکەمان و سەر کردایەتی سیاسیدا بین لەئاستی ڕۆشنبیراندا پێشنیاری سیاسی و واقیعی لەسەر بنەمای داتا بخەنە ڕوو دور لەحاڵەتی سۆزداری. ئێستا لەهەلومەرجێکداین ، سەرەڕای گلەییەکانمان لە سەرکردەکان، باشتر وایە ئەم مەسەلەیە بۆ ئەوان جێبهێڵدرێت و گەل و ڕۆشنبیران پاڵپشتی بکەن، چونکە ئەوان زیاتر دەزانن لە پشتی پەردەی سیاسەتدا چی دەگوزەرێت. بۆیە پێویستە ڕۆشنبیران، میدیا و هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە لەم قۆناغەدا هاوکاری سەرکردایەتی سیاسی بکەن بۆ بەڕێوەبردنی دۆخی شەڕو قەیران چونکە ئەم چرکەساتە دەتوانێت بۆ کورد ببێتە چرکەساتی کەوتن یان سەرکەوتن لە پاش سایکس ـ پیکۆوە. باوەڕم وایە سەرکردایەتی سیاسی کورد، بەهۆی ئەزموونی زۆری شکست و هاوپەیمانییە فریودەرەکانەوە لەگەڵ هێزە ناوچەیی و جیهانییەکان، وشیاری سیاسییان ئەوەندە گەشەی کردووە کە ببتوانن لەم هەلومەرجە نوێیەی مێژوودا پێگە و شوێنی کورد لە سیستمی ئاڵۆزی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا قایم بکەن. دەتوانێت ئەم قەیرانە بە جۆرێک بەڕێوە ببات کە ئەگەر سەرکەوتنی تەواو بەدەسنە هێنرێت ئەوا بە کەمترین زیان لێی دەرچین. ئێستا سەرکردایەتی کردن لەم دۆخەدا تەنها بریتی نییە لە دەرکردنی فەرمان؛ بەڵکو پێویستی بە بیرکردنەوەی خێرا، ئارامیی دەروونی و توانای ڕێنماییکردنی خەڵک و ڕای گشتی هەیە بۆ ئەوەی دۆخی شڵەژان دروست نەبێت. بە باوەڕی من، لەم قۆناغەدا سەرکردایەتی کورد بەتایبەتی لە وکاتەوە پیلانگێڕی وهێرش بۆسەر کوردانی ڕۆژئاوا دەستی پێکرد، و هەروەها لەم جەنگەی نێوان ئەمریکا، ئێران و ئیسرائیل، سەر کردایەتی سیاسی بە ئارامی و وردی هەلومەرجەکەی بەڕێوە بردووە. کەواتە باشە هەموومان ئەوەی لە تواناماندا هەیە جێبەجێ بکەین و ئەرکی خۆمان بگرینە ئەستۆ بۆ ئەوەی بتوانین لەم قۆناغەدا دەرباز ببین و سەرکەوتن بەدەست بهێنین. بێگومان، هاوکاری نێوان گەل، ڕۆشنبیران و سەرکردایەتی هێزێکی گرنگە بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە. لە کۆتاییدا، ئەم قۆناغە تەنها تاقیکردنەوەی سەرکردایەتی سیاسی نییە، بەڵکو تاقیکردنەوەی هۆشیاری کۆمەڵگەشە. کاتێک جیهان دەگۆڕێت و هاوسەنگی هێز تێکدەچێ، ئەو گەلانە دەتوانن براوە بن کە بتوانن پەیوەند ی سیاسی و یەکگرتوویی ناوخۆیان بپارێزن. بۆ کوردیش، ئەم قۆناغە دەتوانێت ببێتە هۆی زیاتر هۆشیاربونەوە و یەکگرتوویی نێوان گەل، ڕۆشنبیران و سەرکردایەتی؛ چونکە لە دۆخی ئاوادا، هێزی ڕاستەقینە تەنها لە چەکدا نییە، بەڵکو لە گوتاری یەکگرتوویی و بیرکردنەوەی هاوبەش و ئەرێنیدا دەبینرێت .

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی