جەنگی نێوان ئێران لەلایەکو ئەمریکاو ئیسرائیلیش لەلاکەی دیکە، جیهانی بەخۆیەوە سەرقاڵکردوە، چونکە کەم تا زۆر پریشیکی ئەم جەنگە لەهەر ڕویەکەوەبێت زۆرێک لەوڵاتانی گرتوەتەوە.
هەندێک وڵات بێئەوەی خوازیاربنو بێئاگادارکردنەوە، خۆیان لەنێو جەنگەکەدا بینیەوە، بەنمونەی وڵاتانی کەنداو، عێراقو هەرێمی کوردستان، گەر هەرێمی کوردستان بەنمونە بگرین، بێئەوەی بخوازێت کراوەتە ئامانج، بەوەی لەلایەن ئێرانو میلیشیا شیعەکانی حەشدی شەعبیەوە بەموشەکو درۆن لێیدەدرێت، کە زۆربەی ئەو موشەکانە بەر هەندێک پێگە کەوتون لەهەولێرو دەوروبەری.
لەحاڵەتێکی وادا بێگومان ڕاوبۆچونو پێشبینیو ئامۆژگاری دەخرێنەڕوو کە هەندێکیان بەکارهێنەرانی ئاسایی سۆشیال میدیانو بڕێکیشیان شرۆڤەکارنو تارادەیەک ئیعتیباریان لای خوێنەر هەیە.
کێشەی گەورە لەزۆریو ناتەباییو دژەیەکی ئەو بۆچوونانەدایە، بەجۆرێک سەریان لەخوێنەر تێکداوە کە نازانێت باوەڕ بەکامیان بکات، ئەمانەش بەشێکن لەو لێشاوە:
+ ئەمە دەرفەتێکی باشە بۆ کورد کە تۆڵەی خۆی لەڕژێمی سێدارە بکاتەوە.
+ با کوردانی ڕۆژهەڵات ئاگاداربنو خۆیان نەدەن بەکوشت بۆ ئەمریکایەک کە وەفای بۆ کەس نییە.
+ شارەکانی ڕۆژهەڵات لەکۆنترۆڵی ڕژێم دەرچونو لەژێر کۆنترۆڵی هێزە کوردیەکاندان.
+ ترەمپ دەڵێ کارێکی مەزنە گەر هێزە کوردیەکان چوبنە ناوشارهكانى ئێرانەوە.
+ ڕژێمی سەرکوتکەری ئێران لەکوردستانەوە ناکەوێت، بەڵکو لەتارانەوە دەکەوێت.
+ حەرەسی سەوری بەتوندی هەڕەشە لەهەرێم دەکات بەوەی هەر چالاکیەکی سەربازی دژمان بکرێت ئەوکاتە دەست ناپارێزین.
+ ئێران هێزی بەرەو سنورەکانی کوردستان جوڵاندوە.
+ترهمپ، تەنها بەخۆدەستەوەدانی سەرانی ڕژێم ڕازیدەبین.
+ وەزیری بەرگریی ئەمریکا: ئەو هەواڵە ڕاست نییە کە دەڵێت هێزە کوردیەکانی رۆژهەڵاتمان پڕچەککردوە.
+ ئێران بەردەوامە لەبەئامانجگرتنی هەرێمو هەڕەشەی بەردەوام دەکات.
+ هێزە بەرهەڵستکارەکانی ڕۆژهەڵات لەزڕگوێزو کۆیەو چەند شوێنێکی دیکە لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە بۆردمانکران.
+ ئەوانەی لەپشت کۆمپیوتەرەوە دانیشتونو هێزی پێشمەرگە هاندەدەن بۆ شەڕ با بێدەنگبن باشترەو کوڕی کەس نەدەن بەکوشت.
+ ترەمپ: با هێزی کوردی نەچنە شارەکانی ئێران.
+ ترهمپ: هێشتا بڕیاری کۆتایم نەداوە دەربارەی کۆتایی جەنگ.
+ ئێران داوای دانوستانی لەهێزە کوردیەکانی ڕۆژهەڵات کردوە، بەڵام ئەو هێزانە تائێستا وەڵامیان نەداوەتەوە.
+ چەند کۆمەنتارێک، دکتۆر قاسملۆ بۆ چارەسەری کێشەی کورد لەگەڵتاندا دانیشت، بەڵام تیرۆرتان کرد.
+ نە ڕژێمی ئێرانو نە ئەمریکاش جێگەی متمانە نین، بۆیە باشە لەهەردوو جەمسەرەکە خۆمان بەدوربگرین.
+ هێزە کوردیەکانی ڕۆژهەڵات بۆ بەشداری لەڕوخاندنی ڕژێمی ئێراندا چەندین مەرجیان خستوەتە بەردەم ترهمپ کە باوەڕناکەم قبوڵیان بکات.
+ کورد خاوەنی دۆزێکی ڕەوایەو بەڕێگەی گونجاو هەنگاوی بۆدەنێت، هەرگیز ڕێگەنادات وەک هێزێکی بەکرێگیراو تێی بڕوانن.
+ ترهمپ، هەر سەرۆکێک بۆ ئێران دەستنیشان بکرێت گەرەکە ڕەزامەندیی منی لەسەربێت.
+ گەیشتن بەئامانج قوربانی دەوێت، بۆیە پێویستە هێزەکانی ڕۆژهەڵات ئامادەی ئەو قوربانیەبن.
+ ڕژێمی ئێران نەک تەنها دژی هێزە چەکدارەکانە، بەڵکو دژی کوردە بەگشتیی، جا بۆیە دەبێت بەوریاییەوە ڕەفتاربکەن، چونکە ئەو ڕژێمە مەناعەتی نییە ڕەشەکوژی بکات.
+ مەسعود بارزانی زۆر توڕەیە لەجەماعەتی حەشدی شەعبی، چونکە بەردەوام درۆنبارانی هەرێم دەکەن.
+ ترهمپ: ڕێبەری نوێی ئێران [موجتەبا خامنەیی] دەکەینە ئامانجو ڕێگەنادەین زۆر بژی.
+ لەوەناچێت ئەمریکا نیازی ڕوخاندنی ڕژێمی ئێرانی هەبێت جا بۆئەوەی ئەو ڕژێمە هێوربکرێتەوەو دڵنیابێت کە کورد دژیان کارناکات، باشە لەڕێگەی لایەنێکەوە لەوە ئاگاداربکرێنەوە.
+ حسێن یەزدان پەنا بەهەزار پێشمەرگەوە لەدیوی ڕۆژهەڵاتن.
+ هەواڵەکانی ئەودیو دەڵێن: هیچ هێزێکی پێشمەرگە نەهاتوەتە نێو شارهكانى ڕۆژهەڵات.
+ هەندێک پاسدار بەجلی پێشمەرگەوە لەیەک دوو شوێن بینراون، دڵسۆزان خەڵکیان لەوبارەوە ئاگادارکردوەتەوە.
+ پێدەچێت ناتانیاهۆ ترهمپی لەم جەنگە تێوەگلانبێتو نەزانێت چۆن لێی دەرچێت.
+ ئیبراهیمی عهلی زادە سکرتێری [کۆمەڵەی ئێران] ئێمە ئامادەنین جەنگ بۆ ئەمریکاو ئیسرائیل بکەین.
+ مەسرورو بافڵ دەڵێن: گەر گروپە عێراقیەکان بۆردومان نەوەستێنن، وەڵامی خراپمان دەبێت.
+ لاریجانی وتی ئەوەی لەسوریا بەسەر کوردەکاندا هات، دەبێ ببێتە وانە بۆ کوردەکانی ئێرانیشو هەرگیز بەگوێی ئەمریکا نەکەن.
+ مەسرور بارزانی: هەوڵدەدەین کوردستان بەدوربگرین لەم جەنگە.
+ تورکیا: بەوردی چاودێریی جوڵەی گروپە چەکدارەکانی ڕۆژهەڵات دەکەین.
+ هاکان فیدان: کورد ناچنە نێو شەرەوە بەڵام ئیسرائیل هەوڵدەدات بەکاریانبهێنێت.
+ ئەردۆغان سوپاسی یەکێتییو پارتی دەکات کە نەبونەتە بەشێک لەم جەنگەو بەقسەی ناحەزان هەڵنەخڵەتاون.
+ لەم جەنگەدا ئیسرائیلو ئەمریکا کوردیان، وەک کارتێکی سەربازیی دەوێت، وەک پرۆسەیەکی سەربازیی کاتیی کە جەنگی بەوەکالەتیان بۆ بکەن، نەک وەک میلەتێکی چەوساوە کە هەڵگری خەونو خواستو بەرنامەی سیاسیی تایبەتە، جەنگەکە بەهیچ مانایەک جەنگی کورد نییە بۆ بەدەستهێنانی ئامانجە سیاسییەکانی، بەڵکو وەک وتم جەنگی بەوەکالەتە.
+ شەڕەکە دەوەستێتو لوتی ئەمریکاو ئیسرائیل شکاوە، بەداخەوە نینۆکەکانی جمهوری ئیسلامی تیژتر دەبن بۆ خەڵکی ئێران.
+ دەڵێن پژاک لەئێراننو ئەمریکاش ئاگادارە.
+ لیندسی گراهام: ڕوخانی ڕژێمی ئێران مسۆگەرەو تەنها مەسەلەکە کاتە.
+ نێچیرڤان بۆ ئێران: ڕێگەنادەین خاکی هەرێم ببێتە هەڕەشە بۆتان.
+ لەشارێكى ڕۆژهەڵات هێزی پاسداران خەڵکیان کۆکردوەتەوەو دروشمی مەرگ بەر ئەمریکایان پێدەڵێنەوەو باسی دڵسۆزی کورد دەکەن بۆ ڕژێم.
+ نێچیرڤان بارزانی: هیوای سەرکەوتن بۆ ڕێبەری نوێ دەخوازم.
+ بافڵ تاڵهبانى: هیوادارم ڕێبەری نوێ ئاشتی بهێنێت بۆ ناوچەکە.
+ کۆمەڵە پەیامێکی توند ئاراستەی ئێران دەکات [رەزا کەعبی]
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی