هەر لەگەڵ هاتنە سەركاری ئەحمد شەرع لەسوریاو هەڕەشەكانیان بۆ سەر عێراق، وتارێكم نوسی بەناوی (عێراق بەجامانەی كوردیەوە)، واتە تادوێنێ بەغدا ناوەندی ستراتیژی بوو بۆ كورد، بەڵام هاتنەوە سەركاری سونەو شەڕی ئێران، هەولێری كردە ناوەندی ستراتیژی عێراق و بەغدا. ئەم ناوەندی بوونەی هەولێر لەگەڵ داخستنی گەرووی هورمز گەیشتە لوتكەو ئێستا عێراق داوای بۆڕی نەوتی كوردستان دەكات بۆ هەناردەكردنی نەوتەكەی. بەڵام ئەم جەمەدانیەی سەری عێراق زۆر درێژخایەن نیەو دەبێت كورد زوو دەرفەتەكان بەكاربێنێت و داهاتوو هاوكێشەكە دەگۆڕێت.
لەم روانگەوە دەبێت زۆر شت هەیە روونی بكەینەوە:
-هەرێمی كوردستان لە ئابوری سەربەخۆ شكستی هێنا.
-هەرێمی كوردستان لەدۆسیەی نەوت شكستی هێناو لە دادگای پاریس دۆڕاوە.
-بابەتی نەوت فرۆشتن كاری هەرێم نیەو پرسێكی نێودەوڵەتی گەورەیەو لە ئاستی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی پشتیوانی بەغدان نەوەكو هەولێر.
-هەرێم مانگانە لە بەغداوە نزیكەی تریلیۆنێك دیناری بۆ دێت و ئەمەش زۆر گرنگە. راستە موچەو بودجە ماف و شایستەی راستەقینەی خۆمانەو نەوتمان تەسلیم كردووە، بەڵام واقع بینی گرنگە نەوەكو حەماسی ئێمە.
-ئەم شەڕەی ئێران و داخستنی گەروی هورمز زۆر ناخایەنێت و دەوڵەتانی دنیا ئەمە قبوڵ ناكەن، بۆیە بەهانە مەدەنە دەست عێراق دوایی تۆڵەیەكی سەختی دارایی لە هەرێمی كوردستان بكاتەوە.
-لەگەڵ مەرجەكانی هەرێمی كوردستانم، لەهەموو رووەكانەوە گرنگە مەرجی خۆمان لەسەر بەغدا بسەپێنین، بەڵام داواكاری بەغداش جێبەجێ بكەن و با نەوتەكە بڕوات بەناو بۆڕی كوردستان.
-وێڕای پێداگیری لەسەر مەرجەكان و داواكارییە رەواكانی هەرێمی كوردستان، بەڵام نیەتی پێكهاتنی كورد لەگەڵ عێراق لەرێگای كردنەوەی بۆڕی كوردستان بكەنە كردار.
-دەكرێت دوو مانگ بۆڕی كوردستان بكەنەوەو نەوتی عێراقی پێدا بڕوات، دوای ئەوە ئەگەر بەغدا مەرجەكان و داواكاریەكانی هەرێمی كوردستانی جێبەجێ نەكرد، ئەوا دەشێ بۆڕیەكە بگرینەوە.
-لەبەرئەوەی نەوتی عێراق بە فرۆشتن و پارەكەیەوە لەبەردەستی ئەمریكایە، وە بڕیاری ئابوری و دارایی عێراق لەبەردەستی ئەمریكایە، بۆیە تكایە ئەمجارە لە پرسی بۆڕی نەوتی كوردستان و رێككەوتن لەگەڵ بەغدا، راوێژ بە ئەمریكیەكان بكەن.
-دەبێت هەرێمی كوردستان بێ راوێژكردن لەگەڵ ئەمریكیەكان، بۆڕی كوردستان بۆ بەغدا نەكاتەوە، هەرچەندە لەگەڵ ئەوەم گرفت دروست نەكەین و وەزارەتی نەوتی عێراق با چەندی دەوێت نەوت بفرۆشێت.
-كردنەوەی بۆڕی نەوتی كوردستان بۆ بەغدا، پرسێكی میدیایی و سیاسی زۆر گەورە بۆ هەرێمی كوردستان دروست دەكات، بەتایبەت لەناو رای گشتی عەرەبی عێراقی، كە كورد هۆكاری زیان گەیاندن نیە بە عێراق و بەڵكو وەك هەمیشە پەنای تەنگانەی عەرەبە لەم ناوچەیە. ئێمە دەتوانین ئەم بابەتە بەجۆرێك ئاراستە بكەین كە مەرجی گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ كەركوك و ناوچە كوردستانیەكان لەناو ئەم پاكێجە جێگای بكەینەوە.
لەگەڵ داواكاری ومەرجەكانی هەرێمی كوردستانم، بەڵام دۆسیەی نەوت لە ئێمە گەورەترەو موچەو بودجەو نەوتمان لەبەردەست بەغدایە، ئەمڕۆ بەغدا لە بەردەرگای ئێمەیە، بەیانی گەرووی هورمز بكرێتەوە، دەبێت وەفدی ئێمە بچێتەوە بەر دەرگای ئەوان لە بەغدا. بۆیە كورد دەبێت سوود لەكات وەربگرێت، تكایە كات و دۆخی ئێستا زۆر گرنگە، راستە عێراق هاتۆتەوە هەولێر، ئەمما!!.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی