كۆست و ئەنفال

2 کاتژمێر پێش ئێستا

لەتیف فاتیح فەرەج

لە ناو یادو ساڵوەگەڕێكی دیكەی ئەنفالداین ، ڕاستە ئەنفال نابێت بۆ یادكردنەوەو باسكردن گرێبدرێت بەكات و ساتەوەو پێویستە هەمیشە لە سەر زار بێت و ئیشی لە سەر بكرێت و توێژینەوەو كۆڵینەوەی لە بارەوە بكرێت ، بەڵام بەو هۆیەی بەعس لە ساڵی 1988 لە مانگی دوو بۆ سەرەتای مانگی نۆی هەمان ساڵی بۆ قۆناغەكانی ئەنفالی سەرتاسەری باشوری كوردستان دانا زۆر جار قسەلەسەر كردن و یادكردنەوەی دەكەوێتە ئەو ماوانەوە، بە تایبەت مانگی دوو وەك سەرەتای سڕینەوەكەو دواتر ناوەڕاستی مانگی چوار وەك دڕندەیی پەلامارەكەو مانگی نۆش وەك كۆتای سڕینەوەكە ، زۆربەی كات قسەو باس زیاتر لە مانگی چوارو دواتر دەكرێن و یادی سەرەكی ئەو كۆستە دەكەوێتە 14ی 4ەوە ، لە ساڵانی نەوەدو دوو نەوەدو سێ‌ و دواتر لە هەولێرو چەمچەماڵ و شۆڕش ئەو ڕۆژە كرایە یادكردنەوەی سەرتاسەری ئەنفال و ئێستاش وەسایە، پرۆسەی سڕینەوە لە مانگی چوار تا ڕۆژی كیمیا بارانی گۆپتەپەو شوێنگەلی دیكە لە سێی پێنج گەیشتە ئەو پەڕی ترسناكی، هەر لە مانگی چواریشدا لە چەمچەماڵ كۆمەڵێك تەلەبەو گەنج بە گژ بەعسدا چونەوەو بەعس زۆر دڕندانە پەلاماری شارەكەی داو شەهیدو بریندار هەبوون ، لێرەدا نامەوێت ئەو ڕوداوە بگێڕمەوە، كە ئیدی ئێستا خاوەنی زۆرەو زۆر كەس وا خۆی دەنوێنێت كە ڕۆڵی هەبووەلەو ڕوداوەدا.
لە نێو ئەم ساڵوەگەڕەی ئەنفالدا دیسان دەمەوێت لە سەر ئەو شێوازی كۆستە ، یان كۆست كەوتن و شینە قسە بكەم كە ئێمە ساڵانە بەو جۆرەی یاد دەكەینەوە، كە بۆ من مایەی دەرباز نەبوونە لە خودی ئەنفال بۆ بە گژا چوونەوەی ستەمكاری ، ڕێك وەك ئەوەی هێمنی شاعیر باسی ڕق ئەستور تر دەكات ، ڕق ئەستورتر بۆ ئەوە نا كوردیش كە دەستی رۆی هەمان هەڵوێست بەرانبەر نەیارەكەی بنوێنێت ، رق ئەستور تر بۆ بنیات نان و بەرهەمهێنانی مرۆڤێك كە ئامادەنەكرابێت بۆ جینۆسایدكردن و سڕینەوە، ڕاستی من لە مرۆڤی جولەكەو ئەرمەنیشدا ئەوە دەبینم كەبە كردەوە هۆلەكۆستی جولەكەو كوشت و بڕی ئەمەنیان زۆر جێهێشتوەو هێشتاش ئامادە نین لەو ستەمە خۆش بن ، ئەوان لەوە دڵنیا بوونە هەرگیز جارێكی تر ئەو دۆخەیان بە هەمان شێوە بە سەرنایەت، بەڵام مرۆڤێكیان بۆ ئامادە كردوە كەناتوانێ‌ لەو ستەمە خۆش بێت وەك ئەوەی كورد بێبەرانبەرو بێ قەرەبوكردنەوەو بێ‌ دادوەری گوێزەرەوە تا ڕادەیەكی زۆر ئەو ستەمەی لە بیر كردوە، پرسیاری سەرەكی ئەوەیە ئایە ئێمە هەمیشە مرۆڤی كورد بەو جۆرە باربێنین و بڕٍواداری بكەین كە ئەنفال و سڕینەوەلەبەردەمدایەو دەبێت خۆی بۆ ئامادە بكەین ، یان كار بۆ ئەوەبكەین چۆن بە گژ ئەنفالچی و جینۆسایدكاردا بچینەوە.
جێهێشتنی ئەنفال مانای لە بیر كردنی نیە یاد كردنەوەی ئەنفالیش مانای شین و شەپۆڕ نیە، دەبێت ئەمە تێپەڕێنین ، جێهێشتنی ئەنفال بۆ كورد چوونە نێو مێژوە، بە كار هێنانی سڕینەوەیە بۆ خۆبونیادنان و خۆ خاوەنی ، یادكردنەوەی ساڵانە دەبێت بەو جۆرە بێت كە ئیدی بۆ هەتا هەتا مرۆڤی كورد سڕینەوەی بەسە نەیات ، سازدان و ئامادە كردنی ئەو مرۆڤە لە ڕێی پەروەردەو مێژوناسی و خۆ ناسی و نەیار ناسیەوە دەبێت نەك شینگێڕی، شینگێڕی شكۆمەندانە شتێكەو شینگێڕی دەستە پاچەیی شتێكی تر، كورد پسپۆڕە لەوی دوەمدا، لە كاتێكا هیچ نەتەوەو گەلێك هێندەی كورد پێویستی بەوە نیەشینگێڕی شكۆمەندانەبكات و ئەو پرسە بكاتە دەرفەتی چونەنێو دیرۆكەوە، ئاخر كورد لە لانی كەمی هەزار ساڵی ڕابردودا بەرتاقای دوژمنەكانی دوژمنی خۆی بووە، ڕونتر كە ئاوڕ لە دیرۆك دەدەینەوە كورد لەهەموو ئەو كۆست و شەڕو سڕینەوانەدا كە دژی بەڕێوە چووە خۆیشی بكەرێكی سەرەكی بووە، ئەمەش ئەوەمان لێدەخوازێت كە ئاوڕی ئاوەزیانەلەو دیرۆكە بدەینەوە، لە پرۆسەی ئەنفالدا كە پرۆسەی سڕینەوەی كورد بووە لە باشوری كوردستان ، كورد خۆی یەك لە كارەكتەرەدیارەكانی ئەو سڕینەوەیە بووە ، ڕۆڵی نامەردانەی جاش لە لایەك و ڕۆڵی ناجۆرانەی پێشمەرگەش لە ڕێگری و سەر لێشێوان و نەبوونی بەرنامەو ستراتیژ كە ئێستا ئەوانەی بیرەوەری ئەو ڕۆژگارە دەگێڕنەوە ئەوە دەڵێن وای كرد دابڕانێكی تا ڕادەیەك هەمیشەیی لەنێوان كوردو گوندا دروست بێت و هەزاران كەسیش بكرێنە ژێر لمەوەو چی تر نەتوانرێت هەمان پەیوەندی پێش ئەنفال بەشوێنەزاو خاكەوە دروستبكرێتەوە، یەكێك لە پێشمەرگەو فەرماندە دیارەكانی ئەو ڕۆژگارەی ئەنفال " عوسمانی حاجی مەحمود " دەگێڕێتەوەو دەڵێت ئێمە خۆمان بڕیاری ئەوەمان دا بمێنینەوەو ببینە پارتیزان ، سەركردایەتی هیچ بەرنامەیەكی نەبوو ، هیچ ئامادە كاریەكیش بۆبە گژا چونەوەو بەرگرتن لە پرۆسەی سڕینەوەكە بوونی نەبوو، هەندێك لەوانەی بیرەوەریان نووسیوە زۆر بە ڕونی باسی ئەو دۆخە پڕلە خیانەت و گوماناویە دەكەن كە بەرانبەر یەكتر هەیانبووە، كەواتە ئەوەی ناوی شۆڕشمان لێنابوو هیچی بۆ بەرگرتن لە ئەنفال پێنەبوو،  لە شارەكانیشەوە هەزاران جاشی مەفرەزە خاسەو خەفیفەبۆ ڕەزامەندی بەعس ئامادە بوون براو كەس و كاری خۆیشیان بكەنە دیاری .
ئێستا لە ساڵیادێكی دیكەی ئەو سڕینەوەیەداین ، بۆ ئەوەی لە دوو بارە بوونەوەی ئەنفال و جینۆساید دەرباز بین ، دەبێت مرۆڤی كورد بونیاد بنەینەوە، بونیاد نانەوە بۆ خۆ خاوەنی و لە سەر پێی خۆوەستان و دوركەوتنەوە لە خیانەت و جاشێتی و بە كارهێنان لە لایەن ئەو نەتەوانەوە كە خاك و بون و دیرۆك و كەلتوری كوردیان خستوەتە نێو مەنگەنەی وێڕانكردن و سڕینەوەوە، بۆ ئەوەی ئەنفال  نەكرێیین و شینگێڕی دەستەو ئەژنۆیی نەگێڕین كورد بوونەوە زۆر گرنگە ، كورد بوونەوە بە مانای مرۆڤ بوون و خۆ خاوەنی و كورد بوون وەك چەتری كۆكەرەوەی جیاوازیە كان .

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی