ئەوە بۆ سەت ساڵ زیاتر دەچێت و ، لەوەتەی هەین و ، لەزۆربەی کات و قۆناغەکاندا هەر لەنێو کوشتن و ماڵوێرانی و قڕکردن و پەڕاگەندە و ئاوارەبوون و شەڕی ئەو دەوڵەت و ئەو دەوڵەتداین ، کە دواییان هێرشی موشەکی پالیستی بۆسەر بنکەیەکی پێشمەرگە و شەهید و بریندارکردنی دەیان پێشمەرگە بوو کە تەرەف نەبووین لەو شەڕەی کە لە ناوچەکە هەڵایساوە ، هەر دەڵێی شەڕ و مردن بۆتە قەدەرێکی هەمیشەیی بۆمان ، جگە لەو شەڕانەی کە بەسەر کوردا سەپاوە ، دەورەدراوین بە شەڕی گەورەش ، کە دوا ڤیستیڤاڵی دوورودرێژی شەڕەکانیش بۆ کەوتنی ڕژێمەکان بریتیە لە هەوڵی ڕووخاندنی نیزامی ئێران ، ڤیستیڤاڵی کەوتنی ڕژێمەکان لەو شەڕانەی ئێستادا لە ڕووداوی یانزەی سیپتەمبەری 2001 دەستیپێکرد و ، سەرەتا لە ئەفغانستان ، پاشان عێڕاق کە چەندین شەڕی بەخۆوەبینی و ئێستاش لەناو جەرگەی شەڕدایە ، پاشان ڤیستیڤاڵی وڵاتانی ئەوەی پێیدەگوترا بەهاری عەرەبی ، پاشان سودان ، پاشان سوریا ، ئێستاش ڕۆلی ئێران-ە و نازانرێت پاشان نۆرەی کێ دێت !! هەموو ئەوەی شەڕەکان دەجوولێنێت تەنها ململانێیە لەسەر نفوز و باڵادەستی و پاوانخوازی ، کە تێیدا مەرگەساتەکان زیاد دەبن و ، مرۆڤ-یش تەنها ژمارەیەکە لە نەشرەی هەواڵی ڕۆژانە، یان وێنەیەکی ڕاگوزەرە لەسەر شاشە لەو جیهانەی کە لەژێر بارگرانایی ترس و نگەرانیدایە ، کە وایلێهاتووە مردن لە هەموو شوێنێک ئامادەیە ، ئامادەیە لەو شارانەی کە خاپوورکران ، لەو ڕێگایانەی کە بە پەنابەران قەرەباڵغن ، لە چاوی ئەو منداڵانەی کە خەم پێش تەمەنەکەیان کەوتووە ، لە دڵی ئەو دایکانەی کە لەنێو کەلاوەکاندا بەدوای شوێنەواری ئەو ژیانە دەگەڕێت کە ڕۆیی ، لەو پرسە و سەرەخۆشیانەی دەگێڕدرێن ، ئەو سەردەمەی ئێستا مرۆڤ خووی بە مەرگەساتەوە گرتووە ، موعتادبوون بە مەرگەسات نیشانەی هێز نیە بەڵکو نیشانەی داخورانی هێواشی ناوەوەیە ، نیشانەی ئەوەیە کە خودی هەستەکان زیندوێتی خۆی لەدەستدەدات ، ئەمە شەڕەکانن کە وایکردووە برینێکی قووڵ لە ویژدانی مرۆیی هەڵکەنێت ، کە باسی مەرگ و مەرگەسات دەکەین ، ئەمە بانگەشە نیە بۆ بێهیوایی ، بەڵکو بۆ بەئاگاهاتنەوەیە ، لە جەوهەردا مردن یەکێکە لە گەورەترین مامۆستای بێدەنگ لە وجودا ، کە فێرمان دەکات کە تەمەن سنووردارە وخۆبەزلزانی و لووتبەرزی ئادەمیزاد چڵە پوشکەیەکیش نیە و ، ئەو کاتەی کە لەسەر ئەو زەوی هەمانە زۆر کەمترە لەوەی کە تەسەوڕی دەکەین.
بەداخەوە لەکاتێکدا لەو ڤیستیڤاڵی کەوتنەی ڕژێمەکاندا ( مرۆڤ و دار و بەرد ) بە هەلاکەت چوون ، لەگەڵیشدا ویژدانی کۆن لە ژێر گوفەک و داروپەردوی بەرژەوەندی و خۆپەرستی بزر بووە و ، لە هەمان کات لەگەڵ هەڵکشانی فشاری ئابووری و کۆمەڵایەتیشەوە ، پرسیارە گەورەکە لەبەردەم پێویستیی ڕۆژانە لە پاشەکشەدایە و ، بەمە« نان » دەبێتە ئەولەویەتی ڕەها و ، لایەنی کەم لە سەلامەتیی دەبێتە سەقفێکی تموح بۆ مرۆڤ ، ( کارل مارکس ) ئەوەی ڕوونکردۆتەوە کە واقیعی ماددی بە قوڵیەوە کاریگەری دەکاتە سەر پێکهێنانی هۆشیاری ، ئەو شیکاریەی مارکس لایەنێکی گرنگ لە قەیرانەکانی ئێستاماندا ئاشکرا دەکات کە دەرهاویشتەی شەڕەکانن ، بەجۆرێک وایلێهاتووە کە پێداویستیەکان چڕتر دەبن و خەونەکان وێکدێنەوە و بچووک دەبن.
شارستانی هەر تەنها بە « نان » بەردەوام نابێت و هەر تەنها بە هێزیش بەردەوام نابێت ، بەڵکە بەوەی کە مرۆڤ هۆکارێک ببەخشێتە ژیان و فورسەتێکی ڕاستەقینە بۆ ئاشتی ببەخشێتە جیهان ، لەوانەیە نەتوانین شەڕە گەورەکان ڕابگرین ، بەڵام دەتوانین ڕێگەبگرین لە شەڕی بچووک لە هەڵگیرسانی لە دائیرەی نزیکەکانمان ، گەورەترین سەرکەوتن بۆ مرۆڤ ئەوەنیە کە شکست بە بەرانبەرەکەت بێنی ، بەڵکو ئەوەیە شکست بەو دڕندەیە بێنیت کە لە ناوەوەتدایە و کە هۆکاری گەورەی دەرد و بەڵا و نەهامەتیە بۆ مرۆڤ و مرۆڤایەتی.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی