پێشەکی:
ئاینی پیرۆزی ئیسلام لە بنەڕەتدا یەک سەرچاوە و یەک پەیامی گەردونیە، بەڵام کاتێک ئەم پەیامە دەگاتە ناو جەستەی کۆمەڵگە جیاوازەکان، وەک ڕوناكیەک وایە کە بەناو ئاوێزەیەکی فرەڕەنگدا تێپەڕێت. جۆری تێگەیشتن، پاشخانی هزریی و ژینگەی کلتوریی مرۆڤەکان شێوازێکی تایبەتی پێ دەبەخشن. لە واقیعی ئەمڕۆی کوردستاندا، ئێمە لەبەردەم چەندین "خوێندنەوە" و "مۆدێل"ی جیاوازی تێگەیشتنی ئاینیداین، کە هەر یەکەیان شوێنەواری قوڵیان لەسەر ژیانی تاکی کورد و سەقامگیریی کۆمەڵایەتیی ئێمە جێهێشتووە.
نەخشەی مۆدێلە ئاینیەکان لە ژینگەی ئێمەدا: بۆ تێگەیشتن لەم فرەڕەهەندیە، پێویستە ئاماژە بە شەش مۆدێلی سەرەکی بدەین، کە کێبڕکێ لەسەر داگیرکردنی ناوەندی هزری کۆمەڵگەی ئێمە دەکەن:
1.ئیسلامی سۆفی (ڕۆحی): ئەم مۆدێلە کە ڕەگی لە مێژوی کورددا داکوتاوە، ئایینی وەک "پاککردنەوەی ناخ" دەبینێت. تەکیە و خانەقاکان لە مێژوی ئێمەدا تەنها شوێنی پەرستش نەبوون، بەڵکو مەڵبەندی پاراستنی زمان و ئەدەبی کوردی بوون. ئەم گوتارە هەمیشە لێبوردەیی و میهرەبانی بەسەر توندڕەویدا زاڵ کردووە و ئایینی لەگەڵ شیعر و هونەر ئاشت کردووەتەوە.
2.ئیسلامی سەلەفی (پێشین): ئەم ڕەوتە جەخت لەسەر پابەندیەکی توند بە "پیت بەپیتی دەقەکان" دەکاتەوە و دەیەوێت مرۆڤ بگەڕێنێتەوە بۆ فۆرمێکی مێژویی ڕابردوو. کێشەی سەرەکیی ئەم مۆدێلە لەوەدایە کە زۆرجار لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی سەردەم و تایبەتمەندیە کلتوریەکانی کورد (وەک جەژن و جل و بەرگ و ئەدەب و هونەر) دەکەوێتە بەریەککەوتنێکی توندەوە.
3.ئیسلامی سیاسی: لێرەدا ئاین لە "پەیامێکی ڕەوشتی" دەگۆڕێت بۆ "ئامرازێکی حزبی"، ئایین دەکرێتە پڕۆژەیەکی سیاسی بۆ گەیشتن بەدەسەڵات، کە ئەمەش زۆرجار پیرۆزیی ئاین لەناو ململانێیە کاتییەکانی سیاسەتدا وندەکات و دەبێتە مایەی دابەشبوونی کۆمەڵگە.
4.ئیسلامی جیهادی (توندڕەو): ئەمە توندترین و مەترسیدارترین مۆدێلە، مۆدێلێک کە بڕوای بە بەکارهێنانی هێز و توندوتیژی هەیە بۆ سەپاندنی بیروباوەڕەکانی و هیچ جۆرە جیاوازییەک قبوڵ ناکات، کە ئەمەش گەورەترین هەڕەشەیە بۆ سەر ئاشتیی کۆمەڵایەتی.
5.ئیسلامی ئەقڵانی (مۆدێرن): ئەم ڕەوتە هەوڵ دەدات پردێک لە نێوان "دەقە ئایینییەکان" و "زانستی سەردەم"دا دروست بکات. لێرەدا ئەقڵ و لۆژیک و زمانناسی دەبنە کەرەستەی ڕاڤەکردنی دەق، نەک تەنها گێڕانەوەی ڕووت. لێرەدا ئاین وەک "جوڵە" دەبینرێت نەک "وەستان".
6.ئیسلامی کلتوری (نەریتی): ئەمە ئەو ئاینەیە کە تێکەڵ بە خوێنی خەڵک بووە، ئەو ئاینەی کە لە جەژنەکان، لە هەڵوێستە جوانەکان و لە نەریتە ڕەسەنەکانی کوردەواریدا ڕەنگی داوەتەوە و دوورە لە هەموو جۆرە "ئایدۆلۆژیایەکی" وشک.
مێژوی ئیسلامی کوردی وەک نمونەیەکی لێبوردەیی:
مێژوی ئیسلام لە کوردستاندا، مێژوویەکی جیاوازە. زانایانی کورد (مەلایانی ئاینی) هەمیشە پارێزەری هاوسەنگی بوون. ئەوان لە حوجرەکاندا تەنها فێری شەریعەت نەدەبوون، بەڵکو فێری فەلسەفە، لۆژیک، ئەستێرەناسی و ئەدەبیاتیش دەبوون. ئەمە وایکردبوو "مەلای کورد" کەسایەتییەکی کراوە بێت. ئیسلامی کوردی لە ڕابردوودا توانیبوی "تەبایی" لە نێوان پێکهاتە جیاوازەکان دروست بکات، چونکە ئاینی وەک "ڕەوشت" دەبینی نەک وەک "سەپاندنی ناسنامە".
مەترسیی "نامۆبوونی کلتوری" لە سێبەری مۆدێلە هاوردەکاندا:
گەورەترین مەترسیی مۆدێلە هاوردەکان ئەوەیە کە مرۆڤ لە ژینگەکەی خۆی دادەبڕێنێت. گەنجێک کە دەکەوێتە ژێر کاریگەریی ئەم بیرۆکانە، وردە وردە هەست دەکات کە جڵوبەرگی نەتەوەیەکەی، جەژنە نەتەوەییەکانی و تەنانەت زمانی دایکیشی "نامۆن" بە ئایین. ئەمە دەبێتە هۆی دروستبوونی "کەلەبەری ناسنامە" جۆرە بیرکردنەوەیەک بەرهەم دەهێنێت، مرۆڤێک ڕقی لە کلتوری خۆی بێت، ناتوانێت ببێتە هاووڵاتییەکی بەسود بۆ نیشتمانەکەی. کاتێک تێگەیشتنێکی ئایینی لە وڵاتێکی ترەوە بە "جانتا" دەهێنرێتە ناو کوردستان، بێ ئەوەی ڕەچاوی مێژو و جوگرافیای ئێمە بکات، دەبێتە هۆی دابەشبونی کۆمەڵایەتی و نامۆبوونی نەوەی نوێ.
بەرەو مۆدێلێکی نیشتمانی:
لە نێوان ئەم هەموو جەنجاڵییەدا، مۆدێلی پەسەند و گونجاو بۆ ئێمە، ئەو مۆدێلەیە کە ئیسلامێکی ئەقڵانی و کلتوری بێت. واتە ئایینێک کە هەم لەگەڵ ئەقڵ و زانستی ئەمڕۆدا کۆک بێت، هەم لەگەڵ ناسنامەی نەتەوەیی و کلتوری ڕەسەنی گەلەکەمان "موتوربە" کرابێت. ئەم تێگەیشتنە وا دەکات ئاین ڕەنگێکی خۆماڵی و میهرەبانانە بگرێت و لەو "نامۆبوونە هزریانە" ڕزگارمان بکات. کاتێک ئاین لەگەڵ کلتور ئاشت دەبێتەوە، ئیتر گەنجی ئێمە ناچار نابێت لە نێوان "دینداربوونی" و "کوردبوونی"دا یەکێکیان هەڵبژێرێت.
نەخشەڕێگایەک بۆ داهاتوو:
بۆ گەیشتن بە ناسنامەیەکی ئاینیی ئارام، پێویستمان بە "ڕێنسانسێکی ئایینی" ناوخۆیی هەیە کە تێیدا، پێویستە لێبوردەیی و ئەقڵانیەت ببنە بنەمای گوتاری ئایینیمان.
ناوەندە ئایینی و ئەکادیمییەکان بایەخ بە فەلسەفە و مێژوی ناوخۆیی و قوتابخانەی عەقڵانیی کوردی بدەن. پێویستە جیاوازیی زمان و ڕەنگ وەک نیشانەیەکی خودایی تەماشا بکرێت، نەک وەک جیاکاری. وەک چۆن قورئانی پیرۆز ئاماژە بە جیاوازیی شێوازەکان دەکات و دەفەرمووێت: "قُلْ كُلٌّ يَعْمَلُ عَلَىٰ شَاكِلَتِهِ فَرَبُّكُمْ ئەعْلَمُ بِمَنْ هُوَ أَهْدَىٰ سَبِيلًا" (بڵێ هەرکەسەو بەپێی شێواز و سروشتی خۆی کار دەکات، پەروەردگارتان زاناترە بەوەی کێ ڕێگەی ڕاستی گرتووە).
کۆتایی:
ئێمە پێویستمان بە ئیسلامێکە کە لە "مزگەوت"دا خوداناس بێت و لە "کۆمەڵ"دا مرۆڤدۆست. ئیسلامێک کە نیشتمانی خۆش بوێت و ئاوەدانی و پێشکەوتن بە ئەرکێکی ئاینی بزانێت. بەو هیوایەی کەسانی هۆشیار و ئەقڵمەند بە هێمنی و بە شێوازێکی بابەتیانە گفتوگۆ لەسەر ئەم پرسە بکەن، تا بتوانین ئایین بکەینە کەرەستەیەک بۆ ئاشتیی کۆمەڵایەتی، پێکەوەژیان و پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیمان.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی