پەیامەکەی ئۆجالان نیگەرانیکردین!

2 کاتژمێر پێش ئێستا

هیوا سەید سەلیم

 لە ژێر کاریگەری میدیای کوردی بۆ چەند کاتژمێرێک دواین پەیامی ئۆجالان نیگەرانی کردین، بەڵام هیچ کاردانەوەمان لە بەرانبەر پەیامەکە دەرنەبڕی وەک کەسانی دیکە نەکەوتینە دژایەتی هەڵوێستەکەی  تا نەگەڕاینەوە بۆسەر دەقە تورکیەکەی پەیامەکەی ئۆجالان.

 لە دەقە ئەسڵیەکەی پەیامی ئیمراڵی بۆمان دەرکەوت میدیای کوردی یان ئەوەتە بە هەڵە پەیامەکەی ئۆجەلانیان  گواستۆتەوە، یان بە ئەنقەست دەستکاری چەمکەکانی کردووە تا لە ناوەڕۆکی پەیامەکە بگۆڕدرێت.

شایانی باسە، لە دواین دیداریان لەگەڵ ئۆجالان شاندی ئیمرالی ڕۆژی 27ی ئاداری 2026 ڕاگەیندراوێکیان بڵاوکردەوە، ئەوەی کە لە هەرێمی کوردستان کرایە سەردێری هەواڵەکان ئەوە بووە کە  بە مانشێت نووسرابوو:

 "ئۆجالان: کێشەم لەگەڵ کۆماری تورکیا نییە" ، هەروەها رستەیەکی دیکەی هاوپێچی هەواڵەکە کرابوو کە دەگوترێت:-  "ئۆجالان : بڕوام بە خەباتی چەکداری نەماوە"

ئەگەر تەنیا ئەو دوو ڕستەیە وەرگری وە ئاشنایەتیت لەگەڵ دید و تێڕوانینەکانی ئۆجالان نەبێت، دەبێت تۆش بڵێی:- "ئۆجالان سازشی کردووە،  یان وەک هەندێک کەس بڵێی: " ئەو قسانە هی ئۆجالان نین بگرە بۆی هەڵبەستراوە"

لە میدیای دەم پارتی دەقە تورکیەکەم دەستکەوت، وەرمگێڕایە سەر زمانی عەرەبی و کوردی دوو جار هەموویم بەراوردکرد، دەرکەوت ئۆجالان نەیگووتوە کێشمەم لەگەڵ کۆماری تورکیا نیە، بگرە ئەو دەڵێت:

 " کێشمان لەگەڵ کۆمار نیە، کێشەی ڕاستەقینە ئەوەیە کۆمار دیموکراسی نیە" لە نێوانی ئەو رستەیە و ئەوەی لە میدیای کوردی بڵاوکراوەتەوە جیاوازیەکەی وەک نێوانی  ئاسمان و ڕێسمان وایە، ئەوەی  بڵاوکراوەتەوە وەک ئەوە وایە کە تۆ بڵێ " لا تقرب الصلاة" بەشەکەی دیکە نەڵێت.

هەر کەسێک پەیامەکەی ئۆجالان بخوێنێتەوە  تێدەگات قسەکەی ئۆجالان درووستە،  کێشەی کورد لە تورکیا پەیوەستە بەوەی کۆماری تورکیا دیموکراسی نەبووە، کۆمارێک بووە لەسەر بنەمای ئینکارکردنی مافەکانی گەلی کوردستان دامەزراوە، ئینکارێک کە نەک تەنیا سیاسەت بێت و دژ بە گەلی کوردستان لە باکوور پیادە کرا بێت،  بگرە سیاسەتی ئینکارکردن خراوەتە ناو دەستووری کۆماری تورکیاوە.

 لە سێ بەندی یەکەمی دەستووری تورکیا لە مادەکانی (3.2,1) دەستوور بەزەقی هەست بە نەبوونی دیموکراسیەت دەکرێت، کاتێک لە شونانسی ئەو دەستووەر هاتووە تورکیا ناسنامەکەی (یەک ئاڵا، یەک زمان، یەک نەتەوە)یە.

ئۆجالان؛ مەبەستیەتی لە ڕێگەی  کۆماری دیموکراسی ئەو دەقە نا دیموکراسیانە تێک بشکێنێت، "مافی ناسنامە و ئازادی بیروڕا و ئازادی ڕێکخراوەیی و مافی ژنان" وەک لە دواین پەیامیشی پێداگری لەسەر کردووە،  لە چوارچێوەی کۆمارێکی دیموکراسی بەدەست بهێنێت، بۆیە ئەو لەو چوارچێوەیە دەڵێت:" خەباتی چەکداری سەردەمەکەی بەسەرچووە، جارێکی دیکە ناگەڕێتەوە دواوە، بگرە لە ڕێگەی ئەو پڕۆسەیە بۆ ئاشتی هەنگاو دەنێین.

دواجار دەڵێم تێگەیشتن لە ئۆجالان ئاسان نیە، ئەو سیاسیەک نیە بە تەنیا، بگرە کەسێکە دیدگا سیاسیەکانی تێکەڵاوی فەلسە و مێژوو کردووە، بۆیە  ئەگەر بەووردی لە ڕاکانی نەڕوانی ئاساییە بکەویتە دژایەتی هەڵوێستەکانی. بە تایبەتیش ئەگەر بە مەبەست ئەو کار بکەیت.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی