لەپاش بێدەنگکردنی دەنگی بۆمب و فڕۆکەکان و کشانەوەی دوکەڵی پێکدادانەکان ئێستا لە ئیسلام ئابادی پاکستان جۆرێکی تر لە ململانێ لەنێوان ئەمریکا و ئێران دەستپێدەکاتەوە ئەمجارەیان لەبری ڕوبەڕوبوونەوەی سەربازی دیپلۆماسییەت دەبێتە ئامرازی کردنەوەی ئەو گرێ کوێرە سیاسییانەی، کە لە مەیدانی جەنگدا یەکلایی نەبوونەوە ئامادەبوونی هاوکاتی وەفدەکانی هەردوولا لە ژێر سێبەری ئاگربەستدا نیشانەی گەیشتنی ململانێکانە بە بنبەستێکی شکلی سەربازی، کە تێیدا هەردوولا ناچارن لەبری زمانی چەک پەنا بۆ زمانی بەرژەوەندی هاوبەش ببەن.
ئەوەی وایکردووە چاو و سەرنجی وڵاتانی ناوچەکە و جیهان لەسەر ئاست و دەرئەنجامی ئەم دانوستانانە بێت ئەو دەرهاوێشتە کاولکاری و مەترسییە جددیانەیە، کە وەک واقیعێکی تاڵ بەسەر ناوچەکەدا هات لێکەوتەگەلێک، کە تەنها زیانی ئابووری نەبوون بەڵکو بوونە هەڕەشە بۆ سەر کیان و سەروەریی وڵاتانی ناوچەکە و دروستکردنی ناسەقامگیرییەکی ڕادیکاڵی لە ئاسایشی کۆمەڵایەتیدا ئەم دۆخە نەک هەر ناوچەکە بەڵکو ئاستەنگێکی گەورەشی بۆ ئابووریی جیهانی دروستکرد بەتایبەت ئەو وڵاتانەی، کە بەشێکی زۆری ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانیان و سەرچاوە و ژێرخانی ئابوورییان بەم شاڕێگەیەدا تێپەڕ دەبێت بەهۆی داخستی گەرووی هورمزەوە تووشی پەککەوتنێکی تەواوەتی بوون، بۆیە ئێستا دەرئەنجامەکانی ئەم دیپلۆماسییەتە بۆ واشنتۆن و تەلئەبیب و تاران چەندە گرنگ بن بۆ وڵاتانی ناوچەکەش بەڕەهایی و بەشێکی ووڵاتانی جیهانیش هاوتەریب و تەنانەت زیاتریش چارەنووسسازن چونکە ئەم دانوستانانە تەنها لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکی سیاسیی سنوورداردا کورت نابنەوە بەڵکو ئاکامەکانی پەیوەستن بە هاوکێشە ستراتیژییەکانی ئاسایشی ئابووری و سەقامگیری بونیادی دەوڵەتانی ناوچەکەوە
ئێساش لە پەراوێزی ئەم مێزە پڕ لە ڕەهەندە ستراتیژییەدا، کە وڵاتانی ناوچەکە بە پەرۆشەوە چاوەڕێی دەربازبوونن لەو دۆخە سەختەی ئاماژەمان پێدا، دەکرێت بپرسین ئایا کاولکارییەکانی ئەم ململانێیە بوونەتە هۆکارێک بۆ ئەوەی هەردوو میحوەر کۆدەکانی لێکتێگەیشتن بدۆزنەوە؟ ئایا ئیرادەیەکی جددی لە هەردوو لادا هەیە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی سەقامگیر
یان هێشتا بێمتمانەیی و ترس و بێبڕوایی باڵی بەسەر فەزاکەدا کێشاوە و گریمانەکردنی سیناریۆکانی جەنگ بەرۆکی دانوستانەکانیان بەرنەداوە؟
هەرچەندە زووە پێش وەخت باس لەلێکدانەوەو ئەنجامەکانی ئەم ڕووداوە هەستیار و جارەنووسسازە بکەین چونکە هێشتا تەمومژی سەر گریمانەو ئەگەرەکان ئاسۆی وەڵامە بنەڕەتییەکانی ڕوون نەکردووەتەوە بەڵام ئەوەی لە قووڵایی ئەم دانوستانانەدا دەخوێنرێتەوە بوونی جۆرێکە لەهاوسەنگی هێز، کە ڕێگرە لە سەپاندنی ویستی یەکلایەنە بەو پێیەی ئێران هێشتا کارتە ستراتیژییەکانی لە دەستدایە لە پێگەی جوگرافی گەرووی هورمزەوە، کە شاڕێگەی وزەی جیهانییە تا دەگاتە هەژموونی ناوچەیی و باڵادەستی ئایدۆلۆژیی مەزهەبی ئەم کارتە بەهێزانەش وادەکات واشنتۆن نەتوانێت هەروا بەئاسانی مەرجەکانی خۆی بەسەر فەزای گفتوگۆکاندا بسەپێنت بۆیە رەنگە ناچار بێت بەدوای خاڵی هاوبەشدا بگەڕێت و بە فایلێکی جیاواز لەکۆبوونەوەکانی رابردوو بێتە سەر مێزی دانووستان.
ئەوەی ماوەتەوە بیڵێن ئامادەبوونی وەفدی ئێرانیە بە جلی ڕەشەوە ڕەنگە ئەو بەشە بێت، کە زۆرترین لێکدانەوە و مشتومڕی لەسەر ئاستی جیهان و ناوەندە شیکاریەکانی لێ بکەوێتەوە، کە ئایا دەکرێت بەجلی رەشەوە بەرەو ئاشتی هەنگاو بنرێت؟
لەراستیدا نابێت ڕەنگی ڕەش تەنها لەو ڕەهەندە تەسکەوە ببینرێت، کە گوزارشتی دژایەتی بێت بۆ پرۆسەی ئاشتی یان وەک نیشانەیەک بۆ داخراوی دیپلۆماسی لێکبدرێتەوە بەڵکو ئەمە مانیفێستێکی سیاسیی فرەڕەهەند و وەڵامێکی کردەییە بۆ ئەو گومانانە چونکە ئەم ڕەنگە دەکرێت لەلایەکەوە نیشانەی وەفاداری و تازێباری بێت بۆ ڕابەرو سەرکردە و ئەو هاووڵاتییانەی، کە بوونەتە قوربانی و گوزارشت بێت لە پێگەی دەوڵەتێک، کە خۆی وەک قوربانیی گوشارە نێودەوڵەتییەکان و پێشێلکارییەکانی لایەنی بەرامبەر دەبینێت لە هەمان کاتیشدا دەکرێت پەیامێکی ستراتیژیی گەورەتریشی لە پشتەوە بێت ئەوەش ئەوەیە، کە لە قووڵایی ڕەشترین و تاریکترین خاڵەکانی ململانێشدا هێشتا دەکرێت ئاسۆی ئاشتی بدۆزرێتەوە.
ئێستا چاوی جیهان لەسەر دەرەنجامی ئەم گفتوگۆیانەیە ئایا ئەکتەرە سەرەکییەکان دەتوانن لە ناو سێبەری ئەم ڕەنگە تەمومژاوییانەدا، دەرفەتێک بۆ سەقامگیرییەکی واقیعی بەدی بهێنن؟ یان ئاستەنگە مێژووییەکان جارێکی تر ئاسۆی ڕێککەوتن دوور دەخەنەوە؟ ئایا دوکەڵی سپی لەم دانوستانانە بەرز دەبێتەوە، یان ڕەشیی جلەکان سێبەر بەسەر ئاسۆی ئاشتیدا دەکێشن؟
بۆیە مێزی دانوستان لە ئیسلام ئاباد تەنها وێستگەیەکی سیاسی نییە بەڵکو تەرازوویەکی ستراتیژیشە هەم قورسایی بژاردەکان دەپێوێت و هەم وەڵامی ئەو پرسیارانەی سەرەوەشمان بۆ یەکلا دەکاتەوە، بەڵام ڕەنگە هەردوولا گەیشتبنە ئەو تێگەیشتنە بونیادییەی، کە تێچووی ئاشتی هەرچەندە قورسیش بێت لە تێچووی جەنگێکی بێکۆتایی و ئەگەری هەرەسێکی گشتگیر کەمترە. ئەوەی لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دەردەکەوێت، دەبێتە نەخشەڕێگەی نوێی ناوچەکە و ئاراستەی ئەو ڕووداوانە دیاری دەکات، کە چارەنووسی ئاشتی و جەنگ لە یەکتر جیا دەکەنەوە باجاوەروان بین .
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی