ئەمساڵ لەکاتێکدا رۆژی ڕۆژنامەگەری کوردی پیرۆز ڕادەگیرێت یادی دەرچوونی یەکەمین ڕۆژنامەی کوردی لە لایەن میقداد بەدرخان پێدەنێتە ناو 129 ساڵە، ئەو مێژووە تەمەنێکی زۆرە، واتا ڕۆژنامەگەری کوردی کاروانێکی درێژی بڕیوە، لە نێو ئەم کاروانەدا خاڵی گەش و پرشنگدار هەیە و دەکرێت کورد شانازی پێوە بکات کە لەو بوارەدا دەوڵەمەندە و خاوەنی کەسانێکی دیار و بەرچاوە کە لە بواری ڕۆژنامەگەری خزمەتیان کردووە، لە هەمووشی گرنگتر ئەوەیە کە کورد وەک میللەتێکی بێ دەوڵەت توانیویەتی دەستبگرێت بەو مێژووە پڕشنگدارە.
شایانی باسە، لە ماوەی ئەو سەدەیەو چارەگە سەدەیەدا لە مێژووی ڕۆژنامەگەری کوردی ڕۆژنامەنووسانی کورد شانبەشانی خەبات لە بوارەکانی دیکەی تێکۆشان زۆربەی کات هاوکار بوونە لە هێشتنەوەی زمان کوردی لە بەردەم هەڕەشەی فەوتان و گەشەپێدانی ئەدەبیات و مێژووی گەلەکەمان.
لە نێو ئەو مێژووە پڕشنگدارەدا، کاتی ئەوە هاتووە بپرسین ئێستای دۆخی ڕۆژنامەگەری کوردی لە چیدایە؟ بە تایبەت لە ٣٥ ساڵەی ئازادی ئەو بەشەی کوردستان و ئەو دەرفەتەشی کە لە هەندەران بۆ ڕۆژنامەنووسی کورد ڕەخساوە، دواجاریش پەرەسەندنەکانی بواری تەکنەلۆژیا و زیرەکی دەستکرد لەبواری کاری ڕۆژنامەنووسی.
لەبەشی باشوری کوردستان لەو ماوەیەی کە ئاماژەمان پێداوە بواری ڕۆژنامەگەری هەوڵدراوە بخرێتە نێو چوارچێوەی ئەو دەقە یاسایانەی کە یاسادانەری کورد لە پەرلەمانی کوردستان دەرەیکردوون، گرنگترین ئەو دوو یاسایانەش یاسای ژمارە (35)ـی ڕۆژنامەگەری ساڵی 2007، هەروەها یاسای ژمارە (11)ـی مافی دەستکەوتنی زانیاری ساڵی (2013)ن، بەڵام مخابن ئەو دوو یاسایە بە کۆمەڵێک هۆکار نەیانتوانیوە ڕێگری بکەن لە بێسەروبەری کە بەرۆکی بواری ڕۆژنامەگەری کوردی گرتووە.
شایانی باسە، کاری رۆژنامەنووسی بەر لە هەر شتێک متامەنەیە لە گواستنەوەی زانیاریەکان و دواتریش بەرپرسیاریەتییە، مخابن ئێستا بەشی هەرە زۆری ڕۆژنامەنووسانی هەرێمی کوردستان کار لەسەر ئەو دوو پڕەنسیپە ناکەن، بگرە بوونەتە دەستکەلای حزبەکانیان و حزب چۆنی بووێت وایان ئاڕاستە دەکات، زۆرن ئەوانەی گوێ بە لەدەستدانی متمانەی خوێنەرانیان نادەن و بەرپرسیارەتیش لە لای ئەوان بۆتە شتێکی زۆر بێ بەها.
لەکۆمەڵگه پێشکەوتووەکان هەر کەسێک گۆشەیەکی نووسی نابێت پێی ناگوترێت ڕۆژنامەنووس، هەرەوەها سەندیکاکان ناسنامەی ڕۆژنامەنووسی بەهەرکەسێک نادەن.
بەداخەوە هەرێمی کوردستان لەو بوارە لە نێو فەوازیەکی خراب دایە، کەسانێک ناسنامەی ڕۆژنامەنووسیان پێدراوە لە ئەلف و بێی ئەو بوارە سەردەر ناکەن، ئۆباڵی ئەوەشیان دەکەوێتە ئەستۆی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، ئەو سەندیکایەی کە دەمێکە بەدەر لە شەڕعیەتی یاسایی کاردەکات.
ئەزموونی هەرێمی کوردستان لە قۆناغێکی یەکجار هەستیار دایە، ناکۆکیە حزبیەکان نەک شەرعیەتی سەندیکاکانی خستۆتە ژێر پرسیارەوە، بگرە ئەگەر دۆخەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت ناکۆکیە بەرەوامەکانی پارتی و یەکێتی دەبنە هۆکاری ئەوەی هەرێمی کوردستانیش شەرعیەتی نەمێنێت، کە ئەمەشیان یەکجار مەترسیدارە، بۆیە بەرپرسیارەتی توێژی ڕۆژنامەنووسان زیاترە لە هەر توێژێکی دیکەی کۆمەڵگه.
لەئێستادا دەبێت ڕۆژنامەنووسی کورد لەشوێنی ئەوەی ببێتە بڵندگۆی حزب، دەبێت کاربکات بۆ گواستنەوەی ڕاستیەکان، نەک وەک پۆستنووسی نێو تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان خەریکی خۆشکردنی ئاگری دووبەرەکی بێت.
دواجار دەڵێین کاتی ئەوە هاتووە ڕۆژنامەنووسی کورد بچێتە ژێرباری پرسە نیشتمانیەکان و نوێنەرانی چینە بەشمەینەتەکەی کۆمەڵگه بکات لەگواستنەوەی دەنگی ئەوان بۆ لایەنی پەیوەندیدار، ئەگینا خیانەت لەو مێژووە دەکرێت کە ئەمڕۆ شانازی پێوە دەکەین کە مێژووی دەرچوونی یەکەم ڕۆژنامەی کوردییە (کوردستان).
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی