لەگەڵ ئاڵۆزبوونی کێشەی نێوان ماڵی شیعی و کۆتاییهاتنی وادەی دەستووریی بۆ دیاریكردنی كاندیدێكی نوێ بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران، عێراق جارێکی تر دەچێتە نێو تونێلێکی تاریک، لەڕووی یاساییەوە بە "بۆشایی دەستووری" ناودەبرێت، لەمڕۆوە چاوەکان لەسەر دادگای باڵای فیدراڵیی عێراقن چۆن تەفسیری ماددەی 76ی دەستوور دەكات.
قەیرانی ئەمڕۆی عێراق قەیرانی نەبوونی دەق نییە، بەڵکو قەیرانی تەفسیر و ئیرادەی سیاسییە، دادگای فیدراڵی لە نێوان دوو بەرداشدایە، كە ئەوانیش پاراستنی شکۆی پیتی دەقە دەستوورییەکانە، یان پاراستنی سەقامگیریی وڵات لە ڕێگەی "نەرمکردنەوەی" کات و وادەکان.
ئایا دادگای فیدراڵی وەک هەمیشە نەرمی دەنوێنێت بۆ پاراستنی سیستمەکە لە هەرەسهێنان؟
ماددەی ٧٦ی دەستوور، کە بڕبڕەی پشتی پێکهێنانی دەسەڵاتی جێبەجێکردنە، لە ئێستادا ئەو ماددە ڕووبەڕووی پەککەوتن بووەتەوە، دوای كۆتاییهاتنی 15رۆژەكە، چاوەڕوان دەكرێت لەنزیكترین كاتدا دادگای فیدراڵی، لە تەفسیرکردنی ئەم ماددەیەدا پەنا دەباتە بەر دوو چەمکی جیاواز:
کوتلەی گەورە و فەراغی ئەنقەست: دادگا دەزانێت کە چەمکی "کوتلەی گەورە" لە بڕگەی یەکەمدا بووەتە هۆی چەقبەستوویی، بۆیە پێشبینی دەکرێت پەنا بباتە بەر تیۆری "القظاء الإنشائی" (دادوەریی بنیادنەر)، واتە دەرکردنی بڕیارێک کە ڕێگە بدات بەتێپەڕاندنی کوتلەی گەورە ئەگەر نەگەیشتنە ئەنجام، بە مەبەستی ڕێگریکردن لە پەکخستنی گشتی (الشلل التام).
دووەم: لە ڕووی یاساییەوە، دادگا دەتوانێت وادەی دیاریکراو لە بڕگەی دووەمی ماددەی ٧٦ وەک "مواعید تنظيمية" (وادەی ڕێکخستن) بناسێنێت، ئەمە مانا یاساییەکەی ئەوەیە کە تێپەڕینی ١٥ ڕۆژەکە نابێتە هۆی کۆتاییهاتنی شەرعییەتی پڕۆسەکە، بەڵکو تەنها وەک فشارێک دەمێنێتەوە بۆ خێراکردنی ڕێکارەکان.
دادگا تا چەنێک دەتوانێت وادەکە درێژ بکاتەوە؟
لە ڕاستیدا دادگای فیدراڵی دەسەڵاتی نییە دەقی دەستوور بگۆڕێت و بڵێت لەبری ١٥ ڕۆژ، با ببێتە ٣٠ ڕۆژ، بەڵام دادگا دەتوانێت چەمکێک بەکاربهێنێت کە پێی دەوترێت "وادەی ڕێکخستن" (مواعید تنظیمیە) نەک "وادەی بڕینەوە" (مواعید حتمیە) وادەكە تا ئەو كاتە دەبێت لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی لەسەر كاندیدێك رێكدەكەون و لەپەرلەمانەوە رادەسپێردرێت.
درێژکردنەوەی ناڕاستەوخۆ: دادگا زۆرجار بڕیار دەدات لە"بەرژەوەندیی گشتی و بەردەوامیی دامەزراوەکانی دەوڵەت" لەسەرووی وادە دەستوورییەکانە، ئەمەش بەو مانایەیە کە پرۆسەکە بە کراوەیی دەمێنێتەوە، تا ئەو کاتەی لایەنەکان ڕێکدەکەون، بەبێ ئەوەی کاتێکی دیاریکراو (بۆ نموونە ١٠ یان ٢٠ ڕۆژ) دیاری بکات.
بنبەست: ئەگەر دادگا توند بێت، دەکرێت بڵێت وادەکە کۆتایی هاتووە و دەبێت پەنا بۆ ماددەی ٨١ ی دەستوور ببرێت (کە سەرۆک کۆمار ئەرکەکان دەگرێتە ئەستۆ)، بەڵام ئەمە لە مێژووی سیاسیی عێراقدا کەمتر ڕوویداوە، چونکە دادگا هەمیشە هەوڵ دەدات "دەرچەیەک" بۆ هێزە سیاسییەکان بهێڵێتەوە.
بۆشایی دەستووری یان ئیفلیجیی سیاسی؟
کاتێک وادەكان تەواو دەبن و کاندید رانەسپێردراوە، وڵات دەکەوێتە دۆخی "ئیفلیجیی کارگێڕی"، لێرەدا دادگا بۆ پاراستنی دەوڵەت، پەنا دەباتە بەر بنەمای جیهانیی "دیمومە یان بەردەوامیی دامەزراوە گشتییەکان، ئەم بنەمایە ڕێگە دەدات بە حکومەتی ئێستا وەک حکومەتی کاربەڕێکەر"، (تصريف الأعمال)بەردەوام بێت.
دەسەڵاتەكانی حكومەتی كاربەڕێكەر چییە؟
لەمڕۆوە وڵات دەچێتە ناو قەیرانێکی ئابووریی قووڵ، چونکە بەپێی یاسای کارگێڕی مالی، حکومەتی کاربەڕێکەر مافی نییە "بودجەی ساڵانە" بنێرێتە پەرلەمان، ئەم حکومەتەش تەنها دەسەڵاتی رۆژانەی هەیە و پارادۆکسە گەورەکە لێرەدا دەستپێدەکات، حکومەتێک کە نەتوانێت بودجە بنێرێتە پەرلەمان یان گرێبەستی ستراتیژی واژۆ بکات، لە ڕاستیدا تەنها دەتوانێت مووچە دابەشبکات.
هەروەها قەدەغەکردنی بڕیارە چارەنووسسازەکان: بۆی نییە گرێبەستی گەورە و ستراتیژی واژۆ بکات، بۆی نییە یاسای گرنگ (وەک بودجە) بنێرێت بۆ پەرلەمان، بۆی نییە گۆڕانکاریی گەورە لە پۆستە باڵاکاندا بکات.
ئەوەی لە ڕۆژانی داهاتوودا لە لایەن دادگاوە دەردەچێت، تەنها بڕیارێکی یاسایی نابێت، بەڵکو دیاریکردنی چارەنووسی دەستوور دەبێت لە بەرانبەر هەژموونی سیاسی؛ ئایا دەستوور دەتوانێت هێزەکان کۆنتڕۆڵ بکات، یان هێزەکان دەستوور بەو ئاراستەیە دەبەن کە خۆیان دەیانەوێت؟.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی