بێبایەخكردنی په‌رلەمان بۆچی

2 کاتژمێر پێش ئێستا

لەتیف فاتیح فەرەج

ئەگەر زۆر بەسادەی هەڵوەستە لەسەر ئەو بێبایەخكردن و نابوتكردنەی پارلەمانی كوردستان بوەستین ، دەبێت بڵێین ئەمە ڕێك خزمەتە بە هەموو ئەوانەی دەیانەوێت هەرێمی كوردستان سوك و ڕسوا بكەن و ئەوەی هەیە لە دەستی بدەین ، بەرپرسی یەكەمی ئەم كارەش ئەو حزبانەن كە زۆرینەی دەنگەكانیان هێناوەو حكومەت و دەسەڵات و پێشمەرگەو ئاسایش و دەزگای نهێنی و ڕاپۆرتنووسین لە بندەستی ئەواندایە ، شكاندنی شكۆی پارلەمان شكاندنی شكۆی حكومەت و دواتر كوردیشە ، كارێكە بۆ  هەڵوەشانەوەی ئەوەی كەهەیە ، دوو بارە كردنەوەی وەك و سواربون و دابەزینی ئەسپەكەیە ، بە بڕوای من هەموو ئەوانەی كورسیان لە پارلەمانی كوردستان هەیە بەرپرسیارن لەو دۆخە ، دەركەوت نەبوونی دەزگایەكی دادوەری هەرێم بۆ یەكلاكردنەوەی زۆر كێشە یەكێكە لە كێماسیە گەورەكانی ئەم هەرێمۆكە بارمتەكراوە.

هەروەها ئەوەشمان بیرنەچێت بۆ كۆبوونەوەی پارلەمان و دیاری كردنی كەمتەرخەم پەنا نەبردن بۆ دادگای فیدراڵی ئەویش كەم و كوڕیەكەی دەكەوێتە ئەستۆی هەمووان ، لە ڕاستیدا بەم جۆرە بێبایەخكردنی پارلەمان هەمان ئەو كارەیە كە توركیاو ئێران و عێراقیش دەیانەوێت ، بە میر نشینكردنی هەرێمەكەو بوونی دوو میر نشینی زەردو سەوز و بەردەوام پاشقولدان لە یەكترو هەمیشە دانانی داوو تەڵە بۆ یەك ئەركی میت و ئیتڵاعات و نەیارانی كوردی زۆر ئاسانكردوەو چیرۆكی سەگی ڕەش و سەگی سپیمان بیر دەخاتەوە گوایە دوژمن وتویەتی،  دوژمنیش ئەوەی نەگوتبێت زۆر ڕێی تێدەچێت.

لە ماوەی ڕابردودا ڕوداوەكانی ڕۆژئاوای كوردستان ، رۆژهەڵاتی كوردستان ، بۆردومانەكانی سەر هەرێم ، دیار نەمان و دزینی ئەو چەكانەی گوایە ترەمپ دەڵێت ناردومن و نەماون ،سەیر ئەوەیە لە دزینی چەكەكاندا بافڵ تاڵەبانی ڕاستەو خۆ گوتی لای ئێمە نیە ، كەچی ئەوی تر لە بری وەڵام دانەوە سیناریۆی ئەوە دەكات كە گوایە میر نشینی سەوز فەوتاندویەتی ، یانی هەردوو لا لە بری پێكەوە بڵێن نەگەیشتوە یان گەیشتوەو لەفڵان شوێنە كەچی هەرێمی تیا ناشرین و نابود دەكەن و بە هەردوولاش یەكتری تیا ڕسوا دەكەن ، راستی ئەگەر پارلەمان لە ماوەی ڕابردودا كارا بوایە دەكرا لە سەر هەموو ئەو بابەتە هەستیارانە هەڵوەستەی بكردایەو ڕۆڵی نوێنەرایەتی خەڵكی ببینیایە " نەیبنی " بۆ میرنشینەكان ، بۆ پارتی و یەكێتی ، بۆ حزبەكانی دیكە، بۆ پرلەمانتارە سەركەوتوەكان شەرمێكی گەورەیە ئەو بارو دۆخە ببینن و خۆیان بكەن بە كەڕەی شەربەت.

بۆ ڕوداوەكانی ڕۆژئاوای كوردستان گەلی كورد وێنەیەكی یەكجار جوانی نیشاندا ، پەیامی یەكەكەی گەلی كورد گەیشتە گوێی هەموو دنیاو لە ڕوی دیبلۆماسی و كاری پێكەوەییەوە دۆخێك دەركەوت تەنانەت دنیاش دەرگا بە ڕووی كوردا بكاتەوە ، بەڵام هەڵوێستی ناكوردانەو نامرۆییانەی داخستنی دەرگای پارلەمان و كۆنەبوونەوەی پارلەمان و سوككردنی ئەو دەزگایە لە دەرەوە وێنەی كوردی زۆر ناشرین كردوە ، كە دەڵێم لە دەرەوە مەبەستم ناوەندە سیاسی و بڕیاردەرەكانی دەرەوەیە، دەبێت پرسیاری مكوڕانەو یەكلاكەرەوە بكرێت كە كێ‌ لەم شكۆشكاندنەی پارلەمان بەرپرسە ، كێ‌ قازانجی لێدەكات بۆ ئەوەی بوێری ئەوە هەبێت لە قاو بدرێت.

پەكخستن و داخستنی پارلەمان خۆ دەستیەو خزمەتە بە ئەوانی تر ، ئەمە هەرچی ناو بنەیت لە تاوان گەورە ترە كێشە ئەوەیە هەلاهەلا كردنی كۆمەڵگەو شەت و پەت كردنی وای كردوە هیچ وتارێك بابەتێك بە جۆرێك لە هاوارو چارەسەر ناخوێنرێتەوەو خوێنەرە بڕیاربەدەست و سیاسیەكانی ئێمە ، ئەگەر بخوێننەوە ، سەرەتا بە دوای ئەوەدا دەگەڕێن ئەم وتارە چەند لە خزمەت یان دژی ئەوانە، بۆیە زۆر جار ئەم دادو هاوارەش دەڕوات و تێدەپەڕێت و هیچ شتێك بەئاراستەی باشبوون ڕوونادات.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی