ترێند، ڕیسایکلینی ئاگامەندی یان هەڵاتن لەخۆت‌و ڕاکردن بەدوای وەهمدا

2 کاتژمێر پێش ئێستا

د . ئەمیر حسێن

   مرۆڤی ئەم سەردەمە، لە ماراسۆنێکی بەردەوامدا دەژی، لە لایەک بەخێرای لە خۆی هەڵدێ و دەیەوێت سنورەکانی خود تێبپەڕێنی، لە لایەکی ترەوە بە خێرای ڕادەکات بە دوای هەر شتێکدا لەژێر تایتڵی ترێنددا بێت، وەک ئەوەی خۆی بۆ ئۆلۆمپیادی هاوینی داهاتو ئامادەبکات، ڕاکردنی کردوە بە نەریت و وەرزشی بەردەوامی ڕۆژانە، بەڵام زۆر دەترسێت لە چرکەساتێکدا، ماسکەکەی بکەوێ و توشی شەرمەزاری ببێتەوە، لە بەرامبەر ئاشکرابونی لاوازی و تێکشکانی ئیرادەی، هەر بۆیە فێڵێکی ئاسانی دۆزیوەتەوە، فۆڕمێکی ئامادەکراوی پێش وەختە وەکو ماسک بەبەر سیمای خۆیدا دەکات، ماسکێک شوناسی تایبەتی لێ وەردەگرێتەوە، لە بەرامبەردا شوناسێکی گشتی وەک ئەوانی تری پێدەبەخشێت . 

   لێرەوە بابەتە ترێندەکان، بەتەنها سەرنج و بایەخی دونیای ڕانەکێشاوە، بەڵکو بۆتە ئامرازێک لە پێناو دوبارە ڕێکخستنەوەی ئاگامەندی بە کۆمەڵ، ئەوەی باوە لە ئەمڕۆدا مەرج نیە پێویست بێت، بەڵکو زۆرجار هێزی دوبارەکردنەوەی بەردەوامی پلاتفۆڕمە کۆمەڵایەتیەکان و ڕیکلامی سەر شاشەو مێدیاکان و ئەلگۆریتمەکان ( الخوارزمیات ) وەکو پێویستی دەیسەپێنێت، تەنانەت ئەوەی باوە مەرج نیە شایانی تێڕامان و گفتوگۆبێت، لە سەردەمی ترێنددا بیرۆکەکان بە قوڵی یان ئەو بڕە ڕاستیەی هەڵیانگرتوە ناپێورێن و ناناسرێنەوە، تەنیا چەند بارەکردنەوەی یان بڵاوکردنەوەی بەردەوامی ڕیکلام بۆ بابەتێکی بێ بایەخ ئیتر دەبێتە ترێند، چونکە پاساوەکان بە تاقیگاکانی ئاگاییدا تێناپەڕن بۆ ئەوەی ڕاستی و هەڵەیان لە مەحەک بدرێت، تەنها خێرای گواستنەوەو بڵاو بونەوەی زۆری بابەتی ناڕاست و دور لە واقع، بە سپۆنسەری شاراوەو نادیاری کۆمپانیا مۆنۆپۆلەکانی بواری ئابوری یان کۆمەڵایەتی و سیاسی، بابەتێک فەرز دەکات لە ماوەیەکی کورت و پێوانەیدا ، ئیتر مرۆڤ لە منی هزرڤانەوە ، دەبێت بە سەرچاوە بۆ دەنگدانەوەی بابەتێک، دور لە تێگەیشتن و بیرکردنەوەی ئازادانەی خۆی، لە پرۆسەیەکی چەلە حانێی هەزاربارەو بەردەوامدا ئاگامەندی لە فۆڕمێکی دەستەجەمعی پاسیڤدا، دەچێتە ژێر قۆناغی ڕیسایکلینەوە ، بە ئامانجی دوبارە ئەکتیڤکردنەوەی، چونکە بابەتە ترێندەکان داوامان لێناکەن باوەڕ بێنین، بۆ ئەوەی پێویستمان بە ڕامان و لێ ورد بونەوەی هزری بێت، بەڵکو تەنها بانگمان دەکەن شوێنیان بکەوین، بۆیە کاتێک بابەتێک دەبێتە ترێند، پێویستە بە بێدەنگی بمانخاتە ژێر تاقیکردنەوە بۆ وەڵامی ئەوپرسیارەی، ئایە بەڕاست ئێمە هێشتا سیستەمی بیرکردنەوەمان لە جێگای خۆیەتی و ساغڵەمە ؟ .

   بژاردەی دەربڕینە هزری و ڕوحی و سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوەری و سۆزداری و تەنانەت باوەڕداری و ئەخلاقیەکانمان، پەلی هاویشتوە بۆ ئەودیو چەپەری ئازادیە فەردیەکان، زۆر جار چەپڵەو فیکەی ناو هۆڵەکان، هاتو هاواری ڕیکلامی ڕاگەیاندنەکان، شەپۆلی هاشتاگی پلاتفۆڕمەکان ، لە خۆ ڕازیکردنی دەرو بەر، تا دەگاتە دابینکردنی پێداویستیە زۆرو زەبەندە نا پێویستەکان، دور لە خواستی خۆمان ئاراستەمان دەکەن، تەنانەت لە پۆشینی جل و بەرگ و خواردن و بەکارهێنانی تەلەفۆن و ئۆتۆمبیل و هەڵبژاردنی پسپۆڕی کارو خوێندن و تا دەگاتە وەرزش و جوانکاری و ڕیجیم و پەروەردەی خێزان، بەگشتی ستایلی ژیانکردن بۆ ئاسودەیی خۆمان ناکەین ، بەڵکو زیاتر بۆ ئەوەیە چاوەڕوانی ئەوانیتر نە شێوێنین و گرەوی ڕەزامەندیان دەستەبەربکەین، یان لانی کەم هێندە دورنەکەوینەوە لە بابەتی ترێندەکان و ببینە نامۆ و وەک عەنتیکە سەیرمان بکەن، لێرەوە دەرکەوتن وەکو کەسێکی قبوڵکراو لە ناو کۆمەڵگا شوێنی کەسێکی قبوڵکراو لە گەڵ دونیا بینی خوددا دەگرێتەوە، شوێنکەوتنی ئەوانیتر تەنها کردەیەکی لاسایی کردنەوە نیە بۆ دیاردەیەکی جێ بایەخی گڵۆباڵی درۆزنانە، بەڵکو ترسی نەفرەتی کۆمەڵگایە، ترس لە پاراستنی تایبەتمەندی و جیاوازیەکان زۆر گەورەترە لە ترسی بزربون لە ناو کۆمەڵدا، تا دەگات بەوەی چەندان بابەتی پوچ و بێ مانا لە سێبەری مۆدیل و باو ترێنددا شوێنی بابەتە ڕەسەن و جدیەکان دەگرنەوە ، بە بیانوی ئەوەی سەردەم و مۆدیلی ڕەسەنایەتی تێپەڕیوە، تەنانەت هەوادارانی بابەتە توحفە و ڕەسەنە مێژوییەکان، لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا، وەکو جۆرێک لە هۆگرانی کۆنە خوازی سەیر دەکرێن، لێرەوە پیوەرەکان هەڵدەگەڕێنەوە و زۆرینە دەبێتە پێوەری ڕاستی، نەک بیرکردنەوەی عەقڵانی و ئاگامەندی قوڵ ، وە کەرەستە پوچ و مۆدیل و باو ترێندەکان بەهای زیاتر دەکەن، لە سەر حسابی کوالێتی و ڕەسەنایەتی . 

     لە کۆتایدا ڕوبەڕو بونەوەی ئەم لادان و وەرچەرخانە کتوپڕە گلۆبالیزمیەی مۆدێرنە، کە پشت ئەستورە بە تەکنۆلۆژیای زانیاری و بازە گەورەکەی زیرەکی دەستکرد، بە هات و هاوارو دەنگ هەڵبڕین بەدی نایەت، بەڵکو هەنگاوی سەرەتایی گەڕانەوەیە بۆ ئەو دەنگە ناخەکیەی لە مێژە پەراوێزخراوەو هەوڵدەدەین بێدەنگی بکەین . گەڕانەوە بۆ ڕەسەنایەتی یاخیبوون نییە لە کۆمەڵگا، یاخیبون بەواتای داخران و بە بەرد بون، بەڵکو بەڵگەیە لەسەر شەڕکردن لە پێناو گێڕانەوەی بەهای مرۆڤ . ئەوانەی بوێریان هەیە تایبەتمەندییە ناوازەکانیان لە باوەش بگرن و بێ ترس دەری بخەن و پەرەی پێبدەن، بێگومان سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە؛ چونکە سەختترین سەرکەوتن ئەو سەرکەوتنەیە بەسەر ترس لە خۆتدا بەدەستی بهێنیت، نەک بەسەر ترس لە ئەوانی تردا .

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی