گفتوگۆ و ڕێککەوتن یان دۆڕان؛ هەرێمی کوردستان لە بەردەم هەڵبژاردەی چارەنووسسازدا

1 کاتژمێر پێش ئێستا

سلێمان مستەفا حەسەن

هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ لە قۆناغێکدایە کە تێیدا گفتوگۆ تەنها هەڵبژاردەیەکی سیاسی نییە، بەڵکوو پێویستییەکی چارەنووسسازە. کاتێک دامەزراوەکان دەوەستن، پەرلەمان بێ سەرۆکایەتی دەمێنێتەوە، حکومەت کاربەرێکەرە و پێکهێنانی دواکەوتووە، و هاووڵاتی لە نێوان بێهیوایی و چاوەڕوانیدا ڕۆژان دەژمێرن، ئەوە تەنها قەیرانی دەسەڵات نییە، قەیرانی متمانەیە، قەیرانی ڕەوایەتیی و زەنگی مەترسییە.
نزیکەی ساڵێک و پێنج مانگ بەسەر هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان تێپەڕیوە، بەڵام تا ئێستا نە سەرۆکایەتی پەرلەمان تەواو بووە و نە حکومەتی نوێ پێکهاتووە. ئەم دواکەوتنە نابێت بە ناوی نەسازان و بەرکەوتەی هەڵبژاردن بشاردرێتەوە، چونکە ڕاستییەکە ئەوەیە، کێشەکە سەرچاوەی لە بێ متمانەیی و حیزبایەتییەکی قووڵ و نەخوێندنەوەی بارودۆخی هەرێم و ئەزموونی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردە بەشێوەیەک کە هەیە سەرچاوەی گرتووە.
ئەو گەلەی کۆمەڵکوژ کرا، ئەنفال کرا، بە کیمیاباران سووتێنرا، ئەو گەلەی ڕاگوێزرا، خاکەکەی بەعەرەب کرا، ئەو گەلەی ڕەوی بەکۆمەڵی ئەنجامدا، و بە نرخی خوێنی هەزاران شەهید دەستکەوتی ئازادیی خۆی بەدەست هێناوە و پاراستوویەتی، شایستەی ئەوە نییە لە ناو ململانێی ناوخۆدا هێزی خۆی لەدەست بدات. نیشتمان بە شەڕی ڕاگەیاندن و سۆشیال میدیا، بە بێباکی و خۆسەپێنی و تاکڕەوی و گوێ نەگرتن لە یەکتر بەرەو هەڵدێر دەڕوات، ئەزموونی نسکۆی ١٩٧٥ و بەرەی کوردستانی و ڕێککەوتنی واشنتن ئەوەی سەلماند هەرێم و ئەزموونەکەی تەنها و تەنها بە یەکڕیزی دەپارێزرێت.
ئەمڕۆ هەرێم بە ڕوونی لە نێوان دوو بەرەی سەرەکی دابەش بووە. ئەم هاوکێشەیە بە شێوەیەکی ئاشکرا دیارە، کە هیچ لایەنێک بە تەنها ناتوانێت حکومەت پێکبهێنێت. لێرەدا ژمارەی کورسی گرنگە، بەڵام ژمارە بە تەنها چارەسەر نییە. لە شوێنێکدا کە هاوسەنگی هێز هەیە، جوگرافیا هەیە، بارودۆخێکی دیار و هەستیار هەیە، دەبێت بنەمای کار گفتوگۆ و ڕێککەوتن و سازان بێت، نەک هەوڵی سڕینەوەی یەکتری.
ئەوەی هەرێمی کوردستان پێویستی پێیەتی، بردنەوەی حیزبێک بەسەر حیزبێکی تردا نییە، بەڵکوو بردنەوەی هەرێمی کوردستانە. بردنەوەی ڕاستەقینە ئەوەیە دامەزراوەکان بپارێزرێن، شکۆ بۆ هەر سێ دەسەڵاتەکە بگەڕێنرێتەوە، متمانەی خەڵک بگەڕێتەوە، و هاووڵاتیان هەست بکەن کە بەرژەوەندی گشتی، کوردایەتی و هەرێمی کوردستان بوونی هەیە، نەک تەنها بەرژەوەندی حیزبایەتی و کەسی.
ئەو پەرلەمانەی کە بە دەنگی خەڵک هەڵبژێردراوە، ئەگەر بە خواستی ململانێی حیزبی داخرا بێت، ئەوە تەنها داخستنی دەرگای پەرلەمان نییە، داخستنی دەرگای متمانەی گەلە. پەرلەمان ماڵی یاسادانان و چاودێریی حکومەتە، داخستنی ئەو ماڵە، واتای وایە بڕیاری کۆتایی دراوە بۆ لەباربردنی ئەو ئەزموونە.
درێژەدان بە شەڕی ڕاگەیاندن و داخستنی دەرگاکانی گفتوگۆ بە ڕووی یەکتردا، ئاماژەیە بۆ بڵندترکردن و پانترکردنی دیوارەکانی نێوانیان، بۆیە هەر دواکەوتنێکی تر لەم بارودۆخە دژوارە لە پێکهێنانی پەرلەمان و حکومەت، تەنها بێمتمانەیی خەڵک زیاد ناکات، بەڵکوو هێڵەکانی دوو ئیدارەیی قووڵتر و زەقتر دەکات، درزە سیاسییەکان فراوانتر دەکات، و زەنگی مەترسی بۆ داهاتووی هەرێم لێدەدات. ئەو دیوارانەی بە ڕق و کینە و دوژمنایەتی دروست دەکرێن، بە هەمان شێوەی هەڵکەندنەوەیان ئاسان نییە، گەنجان و خەڵکی بەشمەینەت توانای وەستانیان نابێت لەسەر ئێوە.
لە دەرەنجامی ئەو بارودۆخە دژوار و ناسکەدا، باشترین بژاردە و بنەما بۆ ڕێککەوتن ئەوەیە گفتوگۆ لەسەر خاڵە هاوبەشەکان دەست پێبکات، نەک لەسەر جیاوازییەکان. مووچەی فەرمانبەر، فشارەکانی بەغدا، بێهیوایی گەنجان، کۆچی گەنجان و بەهرەمەندان و مێشکە نایابەکان، لاوازی خزمەتگوزاری، و پاراستنی دەستکەوت و مافە دەستوورییەکان، ئەمانە هەموویان دەبنە قوربانیی شەڕی حیزبایەتی. ئەگەر هەمووان بە ڕاستی بۆ هەرێم کار دەکەن، ئەوا دەبێت لە هەندێک داخوازیی تایبەتی خۆتان پاشەکشە بکەن بۆ بەرژەوەندیی گشتی، چونکە هەرێمی کوردستان موڵکی ئێوە نییە بە تەنها.
لێرەدا ئەگەر پرسیارێکی سادە بکەین، ئایا ئامانج پاراستنی حیزبەکانە، یان پاراستنی هەرێمی کوردستان و بەرژەوەندی گەلەکەیەتی؟ ئەگەر وەڵام پاراستنی هەرێم بێت، بێگومان بۆ ئەو وەڵامە یەک بژاردە و تاکە بژاردە هەیە نەک چەند بژاردەیەک ئەویش ڕێککەوتنە لەسەر بنەمایەکی هاوسەنگ و هاوبەشییەکی ڕاستەقینە و حکومەتی هاوپەیمانی لەسەر بنەمای بەرنامەیەکی ڕوون و ڕاشکاو.
فەرمانبەران و کەسوکاری شەهیدان و مووچەخۆرانی هەرێم و کاسبکاران و بازرگانان چاوەڕوانی مشتومڕی نوێ، ناکۆکی و ناتەبایی، شەڕی ڕاگەیاندن و تاوانبارکردن نین. ئەوان چاوەڕوانی مووچەی ڕێکوپێکن، حکومەتێکی کارا، پەرلەمانێکی بەهێز خاوەن شکۆ، خزمەتگوزاریی باش، و هەستکردن بە ئارامیی ژیان و سەروەری یاسا دەخوازن. هەمووان ئەو ڕاستییە دەزانن متمانە بە وتە و بەڵێنی بێ کردار دروست نابێت، دەنگدەران و هاووڵاتیان بە گشتی قسەی زۆر و بەڵێنی گەورەیان بیستوون، ئێستا تەنها کردار باوەڕ و متمانەی لا دروست دەکاتەوە.
ڕێککەوتن شکستی هیچ لایەنێک نییە، سەرکەوتنی هەرێمی کوردستانە. ئەگەر پارتی، یەکێتی و هێزەکانی تر بتوانن لەسەر بنەمای هاوبەش ڕێکبکەون، ئەوە براوەی ڕاستەقینە تەنها حیزبەکان نابن، بەڵکوو هەموو هەرێمی کوردستان براوە دەبێت.
هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ زیاتر لە هەر کاتێک پێویستی بە سیاسەتی متمانەسازی و نیشتمان هەیە، نەک سیاسەتی قەیران دروستکردن. گفتوگۆ بۆ سەرکەوتن بەسەر یەکتر نییە، بۆ ئەوەیە هەمووان لە دۆڕان بپارێزرێن.
ئەگەر ئەم قۆناغە بە هۆشیاری و بەرپرسیاری تێپەڕ نەکرێت، زیانەکە تەنها بۆ لایەنە سیاسییەکان نابێت، بەڵکوو بۆ هەموو هەرێم و داهاتووی نەوەی داهاتوو دەبێت. نیشتمان بە چاوەڕوانی و کەللەڕەقی و پەرتەوازەیی ناپارێزرێت، بە بڕیار دەپارێزرێت. ئەمڕۆ هەموومان چاوەڕێی بڕیارە دروستەکە دەکەین، ئەویش گفتوگۆ، ڕێککەوتن، پاراستنی هەرێمی کوردستان، ئەو هەرێمەی زیاتر لەنیو ملیۆن شەهیدو قوربانی داوە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی