مەرگی
مرۆڤ، تەنها وەستانی لێدانی دڵ و سڕبوونەوەی جەستە نییە، بەڵکو داخستنی دۆسیەی پرسیارێکی
زیندووە لە نێوان بوون و نەبووندا. کۆچی دوایی فاروق ڕەفیق، پێش ئەوەی تەنها هەواڵێکی
ماتەمینی بێت، ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سەختە لەگەڵ ئەو پرسیارە جەوهەرییانەی بە درێژایی
تەمەنی، جارێك بە هاوار، جارێكی تر بە نووسین، جارێك بە هەڵچوون جارێكی دیكە بە ڕامان، دەیویست
لە ناو ویژدانی نوستووی کۆمەڵگەدا بێداریان بکاتەوە. لێرەدا، لەبەردەم ونبوونی جەستەدا،
ئێمە نامانەوێت تەنها ستایشی مردوویەک بکەین یان بە دیار پاشماوەکانیەوە بگرین؛ بەڵکو
دەمانەوێت لەم کاتی مردنی فیزیكییەدا، خوێندنەوەیەک بۆ مانای بوونی ئەو بکەین.پێویستە لە سۆزی ڕووت خۆمان ئاودیو بكەین و بگەین بەو کڕۆکە فەلسەفییەی کە کاراکتەری
فاروق ڕەفیقی لەسەر بونیاد نرابوو؛ کاراکتەرێک لە نێوان ئایدۆلۆژیا و فەلسەفەدا، لە
نێوان تاکگەرایی و خەمی گشتیدا، وەک پاندۆڵێک لە جوولەیەکی بێ وەستاندا بوو.
یەکێک لە خەسڵەتە هەرە دیارەکانی فاروق ڕەفیق ئاوارەیی
مەعریفی و تراژیدیای ناسەقامگیری بوو، کە زۆرجار وەک خاڵی لاوازی دەبینرا، بەڵام لە
ڕاستیدا نیشانەی نیگەرانییەکی بوونگەرایی قووڵ بوو، بریتی بوو لە ناسەقامگیریی فیکری
و سیاسی. ئەو وەک کۆچەرییەکی مەعریفی دەردەکەوت؛ لە ڕەهەندییەکانەوە بۆ ئیسلامیزم،
لە ئیسلامیزمەوە بۆ لیبرالیزم و دواجار بۆ ناو کایەی پۆپۆلیزمی سیاسی(نەوەی نوێ)و
لەوێشەوە بۆ ناسیۆنالیزم ،ئەم گۆڕانکارییە خێرایانە، نەک تەنها گوزارشت بوون لە گەڕان
بەدوای حەقیقەتدا، بەڵکو گوزارشت بوون لەو بێ شوێنییەی کە ڕۆشنبیری کورد پێوەی دەناڵێنێت.
فاروق نەیدەتوانی لە یەک شوێندا جێگیر بێت، چونکە هیچ ماڵێکی فیکری لە کوردستاندا
نەبوو تا تینوێتییە مێتافیزیکییەکانی ئەو بشکێنێت. ئەو کێشە دەروونی و فیکرییەی وەک
ناسەقامگیری وەسف دەکرێت، لە بنەڕەتدا شکستی سیستەمە فیکرییەکان بوو لە بەکۆیلەکردنی
ئەقڵێکی یاخی. فاروق دەیویست هەموو شتێک بێت، بەڵام لە کۆتاییدا لەناو تەمتوومانی
ئەم هەموو ڕێگایانەدا، جەماوەرەکەی و دۆستە نزیکەکانیشی لێ دابڕان. ئەمە تراژیدیای
ئەو مرۆڤەیە کە دەیەوێت بە تەنیا ڕێگای نێوان پیرۆزی و سێکۆلارێتی ببڕێت، بەبێ ئەوەی
ئامرازە جێگیرەکانی بۆ بونیاد بنێت.
دیالەکتیکی دەنگ و بێدەنگی فاروق ڕەفیق بەوە ناسرابوو
کە لە گفتوگۆ و سیمینارەکانیدا حەزی دەكرد هاوار بكات. زۆر کەس ئەمەیان وەک ناتەواوییەک
لە ئەتەکێتی ڕۆشنبیری دەبینی، بەڵام ئەگەر بە چاوێکی فینۆمینۆلۆژیانە سەیری بکەین،
ئەو هاوارە گوزارشت بوو لە غەریببوونی ڕۆشنبیر لەناو جەماوەردا. کاتێک ڕۆشنبیر هەست
دەکات پەیامە قووڵەکانی لەناو فەوزای گشتیدا ناگەن، پەنا بۆ هاوار دەبات. هاوارەکەی
فاروق، هاوارێکی بایۆلۆژی نەبوو، بەڵکو هاوارێکی مەعریفی بوو بۆ کێشانی سەرنجی کۆمەڵگایەکی
نغرۆبوو لەناو نەریت و چەقبەستووییدا. هەڵەی فاروق لەوەدا بوو وایدەزانی قەبارەی دەنگ
دەتوانێت جێگەی قووڵیی واقیع بگرێتەوە. لەكاتێكدا زۆر مەلا هەن لەسەر مینبەرەكانیاندا پڕ بە گەروویان
هاوار دەكەن و جنێویش دەدەن، بەڵام هەیهوو........... فارووق شارەزای مێژووی فەلسەفە
بوو، کانت و هیگڵ و نیچەی دەناسی، بەڵام نەیتوانی ئەم مەعریفە ئەبستراکتە (پوختە)
بە واقیعی کۆنکرێتی کۆمەڵگای کوردییەوە گرێ بدات. ئەو لەسەر سەکۆیەک دەوەستا و باسی
مرۆڤی باڵای دەکرد بۆ مرۆڤگەلێک کە هێشتا لە گیروگرفتی نان و ئازادی ڕزگاریان نەبووە.
ئەم مەودا قووڵەی نێوان فیکری فەلسەفی و واقیعی کۆمەڵایەتی هەبوو،وای کرد هاوارەکانی
فارووق، وەک دەنگدانەوەیەک لە چۆلەوانیدا بمێننەوە.
فاروق ڕەفیق، وەک هەندێك لە هاوەڵەکانی، تووشی
دەردی نەرجسییەتی مەعریفی ببوو. حەزی دەکرد بەردەوام لەژێر تیشکی کامێراکاندا بێت،
حەزی دەکرد وەک تاکە فەیلەسوف بناسرێت و ئەوانیتر بە نەخوێندەوار ناوزەد بکات. ئەم
خەسڵەتە تەنها کێشەیەکی کەسی نەبوو، بەڵکو کێشەی بونیادیی ڕۆشنبیری کوردییە. ڕۆشنبیری
کورد، کاتێک دەگاتە ئاستێکی دیاریکراو لە مەعریفە، خۆی لەسەروو کۆمەڵگاوە دەبینێت
و دەیەوێت وەک ڕزگارکەر یان پێغەمبەرێکی سێکۆلار دەربکەوێت. ئەمەش وای کرد کە
فاروق نەتوانێت ببێتە بەشێک لە کاری گرووپی. لە کۆمەڵگای ئێمەدا، ڕۆشنبیریی تاکەکەسی
حاکمە؛ هەمووان دەیانەوێت مایسترۆ بن، بێ ئەوەی ئۆرکێستراکە بوونی هەبێت. فاروق تینووی
ئەوە بوو ڕێبەرایەتی سوپایەکی فیکری بکات،بەڵام، لەبەرئەوەی بڕوای بە کاری هاوبەش
و سازان نەبوو، هەمیشە بە تەنیا دەمایەوە. ئەمەش زۆر نیگەرانی دەكرد، لەناو دڵەڕاوکێیەکی تونددا دەژیا، چونکە دەیویست جیهان
بە تەنیا بگۆڕێت و ئەمەش مەحاڵترین پڕۆژەی فەلسەفییە.
ئەو سەرمایەیەی فاروق ڕەفیق و ڕۆشنبیرانی تر
دوای خۆیان جێی دەهێڵن، کتێبەکانن. بەڵام لێرەدا پرسیارە جەوهەرییەکە سەرهەڵدەدات:
ئایا نووسینی ناو كتێبەكانیان توانای مانەوەیان هەیە؟ زۆربەی بەرهەمە فیکرییەکانی
ئێمە، بەرهەمی ساتە وەختن؛ کاردانەوەن بۆ ڕووداوە سیاسییەکان، نەک بۆ پرسیارە ئەبەدییەکانی
مرۆڤ. فاروق لە ناوەراستی ململانێیەکی تونددا بوو، ئەمەش وای کردبوو کتێبەکانی زیاتر
ڕەهەندی كاردانەوە و دیبەیتیان هەبێت تاوەکو سیستەمێکی فەلسەفی داڕێژراو. تەمەنی
کتێبی کوردی کورتە، چونکە نەوەی نوێ بەردەوام لە فەزایەکی پچڕاودا دەژی. ئێمە نەریتێکی
فیکریمان نییە یەکتر تەواو بکەین، بەڵکو هەریەکێکمان دەمانەوێت لە سفرەوە دەست پێ
بکەین. فاروق ڕەفیق هەوڵی دا ببێتە پردێک لە نێوان فەلسەفەی ڕۆژئاوا و ئەقڵی کوردی،
بەڵام ئەم پردە زۆرجار بەهۆی هەڵچوونە سیاسی و کەسییەکانییەوە دەهەژاو دەلەرزی،
زۆر جاریش دەڕووخا!!. مانەوەی کتێبەکانی فارووق، بەستراوەتەوە بەوەی ئایا نەوەی
داهاتوو دەتوانێت لەناو ئەو هاوارانەدا، دەنگە ڕەسەنەکە بدۆزێتەوە؟
فاروق ڕەفیق خەونی بەوەوە دەبینی ڕابەرایەتی گۆڕانکارییەکی
گەورە بکات. تینووی گەیشتن بوو بە لووتکەی کاریگەری، بەڵام کێشەکە ئەوە بوو ئۆرکێسترا
کە (کۆمەڵگا، حیزبەکان، دەزگا ڕۆشنبیرییەکان) نەک هەر ئامادە نەبوون، بەڵکو لە ناشازترین
دۆخی خۆیاندا بوون. مایسترۆیەک بەبێ ژەنیارەکان، تەنها وەک ئەکتەرێکی سەر شانۆ دەردەکەوێت
کە بە تەنیا ئاماژە بۆ هەوا دەکات. ئەمە ئەو شوێنەیە کە سۆز و عاتیفە دەبێت وەلا
بنرێت و بە دیدێکی ساردو بابەتیانە سەیری بکەین. فاروق قوربانیی ئەو فەزا شێواوە
بوو کە تێیدا ڕۆشنبیر دەبێتە سیاسییەکی شکستخواردوو، سیاسیش دەبێتە ڕۆشنبیرێکی
ساختە. فارووق نەیدەویست ببێتە فەرمانبەرێکی فیکری، بەڵام نەشیدەتوانی لە دەرەوەی
دامەزراوەکان (کە هەمیشە لێیان هەڵدەگەڕایەوە) مانا بۆ خۆی دروست بکات.
فاروق ڕەفیق، بە هەموو هەڵچوون و داچوونەکانیەوە،
بە هەموو گۆڕانە فیکرییە خێراکانیەوە، گوزارشت بوو لە ڕۆحی سەردەمی کوردی؛ سەردەمێک
کە مانا ون بووە و مرۆڤەکان بە دوای شوناسێكی جێگیردا دەگەڕێن. فارووق رۆیشت و کۆچی
دوایی کرد، بەڵام ئەو پرسیارەی ئەو بەرجەستەی دەکرد، هێشتا زیندووە: ئایا فەلسەفە
دەتوانێت ژیانی ئێمە بگۆڕێت، یان تەنها وەک وەسوەسەیەکی ئەقڵیی لەناو دڵەڕاوکێکانماندا
دەمێنێتەوە؟ ئێمە لێرەدا نامانەوێت بڵێین ئەو فەیلەسوف بوو چونكە فەیلەسووف نەبوو،
بەڵام ژیانێکی ناو مێژووی فەلسەفەو پڕ لە دڵەڕاوكێی بەڕێ کرد. مەرگی ئەو، کۆتایی
هاوارەکانیەتی، بەڵام سەرەتایەکە بۆ ئەوەی ئێمە بە بێدەنگی و بە قووڵی، دوور لە سۆزی
کاتی، سەیری ئەو پاشماوەیە بکەین کە دوای خۆی جێی هێشتووە. فاروق ڕەفیق، وەک هەر مرۆڤێكی
تر، لە نێوان درەوشانەوە و تاریکیدا هاتوچۆی دەکرد؛ ئەمڕۆ جەستەی ئەو لە جوولە کەوت،
بەڵام ئەو پچڕانە فیکرییەی دروستی کرد، وەک برینێکی کراوە لە جەستەی کولتووری کوردیدا
دەمێنێتەوە.
مانا لە مەرگی فارووق کۆتایی نایەت، بەڵکو لەو
شوێنەدا دەست پێ دەکاتەوە کە ئێمە دەپرسین: بۆچی نەمانتوانی ئۆرکێستراکە بۆ مایسترۆکە
ئامادە بکەین؟ یان بۆچی مایسترۆکە نەیتوانی زمانی ژەنیارەکان فێر بێت؟ بۆچی كۆمۆنیستێك یان ماركسییەك دوای دەیان ساڵی ماركسیبوونی ئینجا گومانی بۆ
دروستدەبێت كە ئایا خودا هەیە یان نییە،
ئەی بەهەشت و دۆزەخ چیڕۆكێكی پڕ لە ئەفسانەن یان نا؟، ئەمانەو دەیان پرسیاری
دیكەی قووڵ هەن،كە فارووق رەفیق، وەک میراتێکی
گرانبەها و تاڵ بۆی جێهێشتین.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی