گەروی هۆرمز، کۆتایی بەجەنگە درێژخایەکان دێنێت ؟

2 کاتژمێر پێش ئێستا

هەژار سدیق

ووشەی هۆرمز (Hormuz/Hormoz) ڕەگێکی مێژوویی و ئاینیی دێرینی هەیە، هۆرمز کوورتکراوەی ناوی "ئاهورا مەزدا" (Ahura Mazda) یە، کە بەمانای خودای مەزن و خاوەن دانایی دێت، بنچینەی ووشەکە لەزمانی دێرینی ئاڤێستایی و فەیلیەوە هاتووە. وەك بەڵگەیەکی دیارو ڕوون و بەهێز بۆ ئەم لێکدانەوەو بۆچوونەمان، لەباشورو ڕۆژهەڵاتی کوردستانیشدا، هۆزێکی گەورەو دیاری کورد هەیە، بەناوی (هۆرمزیار)هۆرمزیار، ناوێکی کوردیەو لەڕووی ڕێزمانیشەوە، ڕەگەکەی کوردیەو بەمانای یارانی هۆرمز یان پەیڕەوانی هۆرمز دێت. گەروی هۆرمز وەك شوێنێکی جوگرافی، گرنگترین ڕێڕەوی ئاوی جیهانە، کەنداوی فارس بە دەریای عومان دەبەستێتەوەو تاقە ڕێڕەوی ئەم دەڤەرەیە بەرەو زەریاکان.

لەجەنگی ئێستای ئەمریکاو ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، گەروی هۆرمز بۆتە خاڵی یەکلاییکەرەو کۆتاییهێنان بەجەنگە درێژخایەنەکان، چونکە ئەم هەڵکەوتەیە شوێنی تەقاندنی ڕۆکێت نیە، بەڵکو ڕێڕەوی ژیان و بازرگانیە. پرۆسەی ئاگربڕ، دەرفەتێکی مێژووییە بۆ سەرکردایەتی ئێستای ئێرانیەکان، دەبێ تێبگەن کە سەردەمی شانازیکردن بەجەنگ و هاوردەکردنی میلیشیا بۆ دەرەوەی سنورەکان بەسەرچووە، ئێستا کاتی پاراستن و ڕزگارکردنی گەل و شارستانیەتی مەزنی ئێرانە، ئەو شارستانیەتەی کە هەموو مرۆڤایەتی شانازی پێوە دەکات، بەڵام بەداخەوە، ئەو نەوە توندڕەوەی لەچل ساڵی ڕابردوودا، جڵەوی دەسەڵاتی ئەم وڵاتەیان گرتبووە دەست، لەبەرامبەر ژیان و گوزەران و پێشکەوتنی ئێراندا، زۆر بێ باك و بێ مروەت بوون، ئەو توانا مرۆیی و داراییەی لە هەناردەکردنی شۆڕشدا، بەفیڕۆدرا، ئەگەر لەپێشکەوتنی ئێراندا خەرج بکرابووایە، ئێستا ئێران هاوشانی وڵاتێکی وەکو ئەڵمانیا دەبوو.

ئێرانیەکان کەسایەتی دیپلۆماسی زۆر شارەزایان هەیە لەبەڕێوەبردنی ململانێ سیاسیەکاندا، بەڵام هەژموونی دەسەڵاتی موحافیزکار، ئەم وڵاتە مەزنەی گەڕاندەوە چاخی بەردین، چونکە هیچ پەندێکیان لەڕوخانی ڕژێمی بەعس لەعیراق و سوریاو بەهاری عەرەبی بەگشتی وەرنەگرتبوو، بۆیە پێشکەوتن و ژیان و گوزەرانی گەلانی ئێرانیان کردە قوربانی تۆزو خۆلی یۆرانیۆمە شوومەکەیان. سەرەڕای بەردەوامیی تەمومژ لە پرۆسەی ئاگربڕ ، بەڵام ئەمڕۆ ئاماژەکانی بەرەوپێشچوونی دانوستاندنەکان دەرکەوتوون و جێگەی دڵخۆشیە، هیوادارم ئێرانیەکان چاو لەژاپۆنی دوای کارەساتی هێرۆشیماو ئەڵمانیای نازی و ئیتالیای فاشی نەکەن، کە وڵاتەکانیان وێران کرد، ئینجا خۆیان ڕادەست کرد. ئەوەی کەڕوویدا هێشتا سەرەتایە، جەنگی وێرانکەرتر لەڕێگەیە، گەلانی ئێران و شارستانیەتە مەزنەکەشی شایانی ئەم هەموو خوێن و فرمێسکە نین، بەهای هەموو چەکی ئەتۆمی دنیا، ناگاتە نانێکی گەرم بۆ خەڵکی برسی و لێقەوماو. هەژار سدیق

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی