ئەمساڵ بەهاری کوردستان بەهارێکی بێوێنەیە، جوانییەکەی وەسف ناکرێت مەگەر بگەڕێینەوە بۆ شیعرە بەناوبانگەکەی پیرەمێردی نەمر کە فەرموویەتی؛ کە دەڵێن ئەمڕۆ دەشت و کێو شینن، چەندە مەڵبەندی ئێمە شیرینە، بچۆ سەر گردی یارە ببینە لە جیهاندا گوڵێکی ڕەنگینە، ئەو دەمەی ڕۆژ دەگاتە ئێوارە، ڕووبکەرە شاخی گوێژە بنواڕە، عەرشی پەروەردگاری لێ دیارە، دامەنی وەک بەهەشتی ئاودارە.
ئەم هۆنراوەیە لەلایەن مامۆستا پایە بەرز مەزهەری خالقی ڕۆحی نەمری پێدراوە و کراوەتە گۆرانێکی نەمرو دڵخواز، لە ئێستادا لە هەر ساتێک زیاتر جوانیی کوردستان خەمڵیوە، دەشت و دۆڵ و چیا و دامێن، پێکەوە وەک دامێنی بەهەشتە. دوای بەڕێکردنی ساڵانێکی پڕ لە بێبارانی و وشکەساڵێکی تاقەتپڕووکێن، خوای بەخشندە دەرگای بەرەکەت و ڕەحمەتی بەسەر ئاسمانی نیشتماندا کردەوە، ئاسمان بە دڵفراوانی لەڕێگەی باران تینوویەتیی زەوی شکاند و ڕێژەی بارانبارین ئەوەندە دڵخۆشکەرە کە لە هەندێک ناوچەدا بڕی باران گەیشتووەتە نزیکەی ٢٠٠٠ میلیمەتر و کەمترینیش ٨٠٠ میلیمەتر بوو. ئەم بارانە هۆکاری زیندووبوونەوەی سروشت بوو؛ دەریاچە و گۆم و پۆندەکان سەرڕێژ بوون لە دەشت و لەوەڕگاکان، شاخ و دۆڵەکان بە شێوەیەکی بێهاوتا سەوز بوونەوە، گژوگیا بە هێزەوە گەشەی کردووە و لە هەندێک شوێندا بەرزییەکەی گەیشتووەتە دوو مەتر.
ئەم دیمەنە جوانانە، هیوا و ژیان دەبەخشن، بەڵام لە هەمان کاتدا، مەترسییەکی گەورەشیان لە پشت خۆیاندا هەڵگرتووە. چونکە بە نزیکبوونەوەی ماڵئاوایی بەهار و هاتنی وەرزی هاوین، ئیتر وردە وردە ئەم گیا و دەوەنانە وشک دەبن و دەبن بە پێخۆری هەڵگیرسانی ئاگر، و ئەگەر ئامادەکاری و پلانێکی ڕاست نەبێت، ئەو سروشتەی بە باران زیندوو بووەتەوە، نەک بە ئاگر دەبێت بە خۆڵەمێش بەڵکوو سروشت وێران دەکات و ژیان تێیدا دەوەستێت و دەمرێت.
هەموو ساڵێک، لە مانگی گەرمادا، شاخ و دارستان و لەوەڕگا تووشی سووتان دەبن. باڵندەکان لە هێلانەکانیاندا دەمرن، ئاژەڵە کێوییەکان لەناو دووکەڵدا دەخنکێن، دارستانەکان دەسووتێن، خاک لاواز دەبێت، هەوا پیس دەبێت، و ژیانی مرۆڤیش دەکەوێتە مەترسییەوە. ئەمە تەنها کارەساتێکی ژینگەیی نییە؛ کارەساتێکی نیشتمانییە.
پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە: ئایا ئێمە هەمان هەڵەی ساڵانی ڕابردوو دووبارە دەکەینەوە؟ یان ئەمجارە پێش کەوتنەوەی کارەسات، بە ئەرکی خۆمان هەڵدەستین بۆ پاراستنی ژینگەی کوردستان؟
پاراستنی ژینگە تەنها ئەرکی دەستەی ژینگە و وەزارەتی کشتوکاڵ نییە بە تەنها، بەڵکوو ئەمە پێویستی بە هەڵمەتێکی نیشتمانی هەیە، پاراستنی ژینگە و ئامادەکاری بۆ ڕێگریکردن لە کارەساتی کەوتنەوەی ئاگر ئەرکی هەموومانە نەک تەنها وەزارەتی کشتوکاڵ و دەستەی ژینگە، بۆیە دەبێت لە ئێستاوە لایەنە پەیوەندیدارەکان پلان و بەرنامە و بودجە وەک پاکێجێک ئامادە بکەن. کاتی ئەوەیە تیمی خێرا بۆ وەڵامدانەوەی ئاگرکەوتنەوە ئامادە بکرێن، هێڵی پاراستن (ئاگربڕ) لە دەوری دارستان و دەشت و دۆڵەکان دروست بکرێن، و سوود لە درۆن و کامێرای گەرمی و ئامێری نوێ وەربگیرێت.
وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا دەبێت هۆشیاریی ژینگەیی بخەنە ناو بەرنامەی خوێندنی قوتابخانە و زانکۆکان، قوتابی و خوێندکار فێری پاراستنی سروشت بکرێن و هەڵمەتی بەرفراوانی ئاگادارکردنەوەی گەورە ئامادە و سەرپێ بخرێن.
وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی ناوخۆ، هێزە ئەمنییەکان و لێپرسراوانی یەکە کارگێڕییەکان بەگشتی دەبێت بەپێی سنووری یەکە کارگێڕییەکان و ناوچە شاخاوییەکان پلان و بەرنامە دابنێن بۆ بەهاناوەچوونی خێرا، هاوکاریی خێرا، بەتایبەتی لەو شوێنانەی سەخت و پڕ مەترسیی و بەرزن.
ئەرکی ڕێکخراوەکان و کۆمەڵگەی مەدەنییە، هەڵمەتێکی گەورەی هۆشیاری دروست بکەن و دەست پێبکەن، بۆ دروست کردنی ڕای گشتی و فشار و ڕێنماییکردنی خەڵک بۆ چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ مەترسییەکانی کەوتنەوەی ئاگر.
ئەرکی هۆکارەکانی ڕاگەیاندنە (تەلەڤیزیۆنەکان، ماڵپەڕەکان، تۆڕەکانی سۆشیال میدیا)، هەڵمەتێکی گەورەی هۆشیاری دروست بکەن و دەست پێبکەن، بۆ ڕێنماییکردنی خەڵک بۆ چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ مەترسییەکانی کەوتنەوەی ئاگر.
شاراوە نییە، بەشێکی زۆری ئاگرەکان بە هەڵەی مرۆڤ دروست دەبن؛ فڕێدانی جگەرە، ئاگرکردنەوە لە گەشت و سەیرانەکان و جێهێشتنی پاشماوەی ئاگر، یان بە ئەنقەست سووتاندنی دەشت و دەر و پاوانەکان. ئاشکرایە ئەم ئەرکە پیرۆزە ئەرکی هەموومانە، و بەتایبەتی ئەرکی لایەنە پەیوەندیدارەکانە، بۆیە بێ یاسا و ڕێنمایی و هۆشیاری و پلان و ئامادەکاری ئەم کارە سەرکەوتوو نابێت و کوردستان ناپارێزرێت. بۆیە دەبێت دەنگی سزا توند بێت و ببیسترێت، سزای توند بۆ هەر کەسێک دابنرێت کە بە ئەنقەست یان بە کەمتەرخەمی و گەمژەیی دەبێتە هۆکاری کەوتنەوەی ئاگر و دارستان و لەوەڕگاکان دەسووتێنێت، کەسێک کە دارستان دەسووتێنێت تەنها دار ناسووتێنێت، بەڵکوو داهاتووی وڵات دەسووتێنێت، ماڵی باڵندە و ڕۆحلەبەران و ئاژەڵە کێوییەکان دەسووتێنێت، ئاووهەوا تێکدەدات و ژینگە ژەهراوی دەکات، کەواتە دەبێت سزا بدرێت، سزای مەعنەوی و سزای پێبژاردن و زیندانیکردن و بڵاو کردنەوەی ناو وێنەی وەک خرابەکارێک.
با بیرێک لە دابینکردنی پێداویستییەکانی دەزگاکانی ئاگرکەوتنەوە بکەینەوە، با لە ئێستاوە خولی هۆشیاری و کەرەستەی خۆپارێزییان بۆ دابین بکەین، با بە ئەزموونی وڵاتان ئاشنایان بکەین، ئێستا لە جیهاندا، وڵاتانی وەک ئوسترالیا، کەنەدا و ئیسپانیا، سوید و نەرویج بە تەکنەلۆژیا و سیستەمی ئاگادارکردنەوەی زوو، ڕێگری لە کارەساتە گەورەکان دەکەن. کوردستانیش پێویستی بەو هەنگاوە هەیە؛ درۆن، نەخشەی سەتەلایتی، سیستەمی ئاگادارکردنەوە، و مۆبایل ئەپ بۆ ڕاپۆرتکردنی مەترسییەکان.
ژینگە، تەنها سروشت نییە، ناسنامەی نیشتمانە، ئەگەر شاخەکان بسووتێن، ئەگەر دارستانەکان نەمێنن، ئەگەر باڵندەکان بێدەنگ بن، ئێمە بەشێک لە خۆمان لەدەست دەدەین، وڵات وێران دەکەین.
با لە هاوینان گەشت نەکەین بۆ دەشت و کێوەکان، یان لانی کەم با کردنەوەی ئاگر بکەین بە تاوان بۆ ئەوەی کوردستان لە ئاگر بپارێزین، پیویستە وەک ولاتانی جیهان لە هاوینو پایزاندا کردنەوەی ئاگر لە گەشتەکاندا قەدەغەبکرێن. بە هۆشیاری، یاسا، زانست و ویژدان، ئاکار، خۆشەویستی و جوانیی نیشتمان دەپارێزرێت.
ئەمساڵ دەبێت ساڵی هەڵمەت و پلان و هۆشیاری و ئامادەکاری بێت، نەک ساڵی کارەسات.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی