ڕق و مێژوو.. بە یادی سەردەشت عوسمان

2 کاتژمێر پێش ئێستا

جەعفەر عەلی

وتەیەکی ئینشتاین هەیە، دەڵێت: "گەردوون و گەمژەیی مرۆڤ سنوریان نییە"، ئەو کەسەش بە هۆکاری بیرکردنەوەی جیاواز، نوسین و مومارەسەی ئازادی، بیر لە سەندنەوەی مافی ژیان لە گەنجێک، ڕۆحێکی یاخی دەکاتەوە، جگە لە گەمژەیەکی نێو ئەم ڕووبەری بێ سنورییە شتێکی دیکە نییە. گەمژەی دەرەسنور، بوونەوەرێکی دڵڕەقی نێو گەردوون و داماڵراو لە هەر بەها و پرەنسیپێکی ئەخلاقی و مرۆیی نەبێت، هیچی دی نییە. سیاسی قین لە دڵ، شعور و گرفتە دەروونییەکانی خۆی دەکات بە بەشێک لە کاروباری گشتی و تێکەڵ بە دەوڵەت و دامەزراوەکانی حکومڕانی دەکات. ڕق و کینە لە کاری حکومڕانیدا، حاڵەتێکی کۆمەڵایەتی و سایکۆلۆژی ئاسایی نییە، بەڵکو جۆرێکە لە نەخۆشی و بەهۆیەوە ژیان و ئازادی کەسانی دی دەکەوێتە بەردەم مەترسی و ئازار و مەرگەوە. ئەوکاتەی گەمژەیی و ڕق تێکەڵ بە دەسەڵات دەکرێن، دەبێت چاوەڕوانی مەترسی گەورە بین، چونکە لە دۆخی ئاوێتەبوونی ئەم دووانەدا، سەرجەم میکانیزمەکانی دەسەڵات لە دامەزراوەی ئاساییەوە دەگۆڕێن بۆ ئامرازی سەرکوتکردن، چەپاندن، ئەشکەنجە، زیندان و تیرۆر، دەگۆڕێن بۆ ئامرازی کۆمەککردن بە خنکاندنی ئازادی و بەرهەمهێنانی ڕق و مەرگ. مەترسییە گەورەکەش ئەوەیە، لە وەها دۆخێکدا، قانون، میدیا، لەشکر و کۆی دامەزراوەکانی دیکەیش تێکەڵ بە هەست و مەیلی شەخسی دەکرێن و دەچنە خزمەتی فراوانکردنی ڕووبەرەکانی مەرگ و خوێن، سەرەنجامیش مەرگ و تیرۆر دەبن بە جوانترین دیاری و دەستکەوتی کەسی سیاسی ڕۆچوو لەنێو زەلکاوی ڕق و کینەدا. دۆخی تیرۆری سەردەشت عوسمان، ساتەوەختی ئاوێتەبوونی ئەم گەمژەیی و ڕق و کینەیە بە دەسەڵات.
   ڕق لە ناوەوەی دەسەڵاتدا، بە تەنها هەستێکی کەسی ڕووت نییە، بەڵکو ڕێگە و فۆرمێکی بڕیاردانیشە، واتە کاریگەری بەسەر دەوڵەت و چارەنوسی ژیانی هاوڵاتیان و کۆمەڵگەدا دادەنێت. ڕق، کە دەبێت بە بەشێک لە سیاسەت، هەمووان دەکەونە بەردەم لۆژیکێکی ترسناک، لۆژیکێک دەتوانێت لە ڕێی پەرچەکرداری نائەقڵانی و زمانی تۆڵەوە، ڕووبەرێکی گەورە لە تۆمەتبارکردن و پیسی و گەندەڵی دروستبکات، چونکە لە ژینگەی ڕقدا، کەسی بڕیاربەدەست بەرامبەرەکەی وەک دوژمن دەبینێت، نەک ڕکابەرێک، بۆیە لەناوبردنیشی لە ڕووی فیزیکییەوە وەک پێویستییەک و ئەرکێک تەماشا دەکات. بەکورتی ڕق، سیاسەت لە ئیداەردانی بەرژەوەندییەوە بۆ گۆڕەپانی شەخسی دەبات، ئەمەش پێچەوانەی سەرەتاییترین مەرجەکانی هەر حکومڕانییەکی سەرکەوتووە، لەبەرئەوەی حکومڕانی سەرکەوتوو پشت بە هاوسەنگی، ئەقڵانییەت و توانای کەنارخستنی نەیارەکانی دەبەستێت، نەک وێرانکرن و لەناوبردنیان.
   کاتێک دڕندەکەی ناوەوەمان کۆنتڕۆڵی ڕەفتار و بڕیارمان دەکات، هەوڵدان بۆ بوون بە پۆلیسی مەرگ و تیرۆر وەک دەستکەوت دەبینین. لێرەوە سیاسی ئاڵودەبوو بە ڕق نەک دەگۆڕێ بۆ کەسێکی توڕە و مەرگدۆست، بەڵکو بە تیرۆری جەستەیی تێرنابێت و دەست بۆ تیرۆری کۆمەڵایەتیش دەبات. سەردەشت ئەو گەنجە ڕۆژنامەنووسە بوو، لەبری جارێک، دووجار تیرۆرکرا، تیرۆرێکی جەستەیی و تیرۆرێکی مەعنەوی و کۆمەڵایەتیش.
   ڕق، ڕووبەرەکانی بیرکردنەوەی مرۆڤ قفڵ دەکات، وا دەکات بە دوو چاوی ساغەوە، کوێر بین و هیچ نەبینین. ڕق، ئەم ڕەگەزە ترسناکەی ناوەوەی مرۆڤە هەر کاتێک کۆمەکت پێکرد، دەتوانێت سەرتاپای بیرکردنەوە، هۆشیاری و ڕەفتارت داگیربکات، بۆیە کاتێک ڕق دەگۆڕێت بۆ دەسەڵات و دەچێتە سەر کورسی بڕیاردانەوە، لەو ساتەوەختەوە هەرزانترین شتێک دەبێت بە خوێنی مرۆڤ، جونکە لە سەرزەمینی ڕقدا، نە خۆر هەڵدێ و، نە سروشت باوەش بۆ جوانییەکانی ژیان دەکاتەوە.
   ئەوەی سەردەشت عوسمانی بەرەو مەرگ برد، بە تەنها نوسین و کاری ڕۆژنامەنوسی، جوڵە و بزێوییەکانی ڕۆحێکی یاخی پڕلە ژیاندۆستی نەبوو، ئەو پەنجە بزۆزانە نەبوون، کە هەوڵیدەدا سەر بە ماڵی ستەم و ئەقڵە داخراو و ژەنگگرتووەکانی سیاسەتی کوردیدا بکات، بەڵکو ئەو سەرزەمینی ڕق و کینە خێڵەکییە بوو، جگە لە هەڕەشە و خوێن و تیرۆر، بە زمانێکی دی ئاشنا نەبوو. زمانی خوێن، ئەو دەبەنگی و داڕمانە ئەخلاقییەیە، ئیگۆکەی گەلێک لە کێشی خۆی قورسترە، ئیگۆیەک، دەخوازێت هەمووان لەبەردەمیدا بکەوینە سەرئەژنۆ و وەک کۆیلە و مرۆڤە بچووکەکانی دەوری خۆی، بوونێکی پاسیڤی بچووک، بێدەنگ و دۆڕاو بین.
   کۆمەڵگە ئەوکاتە دەکەوێتە بەردەم مەترسی نابوتبوونەوە، کە ڕق دەچێتە سەر کورسی دەسەڵات، کە کینە و خوێن و تیرۆر مێژوو دەنووسنەوە. مێژووی مرۆڤایەتی، ژیاری گەلان، لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، لە نمونەی قوربانیانی ئەقڵی ڕق و کینەی کەم نین، بەڵام ئەوەی لەو مێژووەدا جوان و گەورە ماوەتەوە، ئەو جوانی و ئیرادە بەهێزانەن، کە بوونەتە قوربانی دەستی ڕق و خوێن، نەک ستەمکارانی نێو کارخانەی ئەقڵی ئەشکەنجە و تیرۆر.         

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی